تشرینی دووەم 18, 2019

شانۆی شەقامی ئێمە لە دووڕێیــــانێکی دژواردا

یەکێک لە ئامانجەکانی شانۆی شەقام بەرکەوتنە لەگەڵ بینەر و جەماوەر، ئەم بەرکەوتنەش پێویستی بەجۆرێکی تر گوتارە کە جیاواز بێت لەگەڵ ئەو گوتارەی کە لەنێو ھۆڵە تەقڵیدییەکانی شانۆ، بۆ بینەرێکی تەقلیدی نمایش دەکرێت، شانۆ کە پشت دەکاتە ھۆڵ و دەیەوێت لە رووبەر و جوگرافیای تازە، بەر بینەر و وەرگری تازە بکەوێت، دەبێ خۆشی ھەڵگری گوتارێکی تازە بێت کە تەریب بێت لەگەڵ ئەو رووبەرە نوێیەی کە کاری تێدا دەکات، بۆیە بە بڕوای من تاکە جیاوازی لەنێوان شانۆی شەقام و شانۆی ھۆڵ، جیاوازییە لە گوتاری بابەتی و ھونەری و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئەو گوتارە لەنێو پرۆسەیەکی دراماتۆرگی کە گونجاو و تەریب بێت بە سروشتی شانۆ لە شەقام و ئەو زەمەن و جوگرافیایەی کە نمایشی تێدا دروست دەکرێت.
ئەگەر کارێکی ئاسایی بێت کە نمایشی شانۆیی لەنێو ھۆڵێکی شانۆیی بیر لەوە بکاتەوە لە رێگەی سینۆگرافیا و سرووت و جەستە و کاریگەرە دەنگی و رەنگییەکان نمایشێک پێشکەش بکات کە ئامانجی سەرەکی تێیدا بەرجەستەکردن و داھێنانی فۆرمێکی ناوازە و باڵا بێت و زۆر بەتەنگی ئەوەوە نەبێت، کە بایەت و ناوەڕۆک چ پێناسە و پانتاییەک لەم فۆرمە وەردەگرن؛ ئەوە لە شانۆی شەقامدا تەواو پێچەوانە دەبێتەوە و دەبێ شانۆکار کاتێ بیر لە داھێنانی ھەر فۆرمێکی ھونەری و وێنەیەکی شانۆیی دەکاتەوە، ئەوەی لەبەرچاو بێت ئەو فۆرمە ھونەرییە نەبێتە رێگر و بەربەست لەبەردەم رەوان گەیشتنی ناوەڕۆک و بابەت بە بینەری شەقام، بەو واتایەی دەبێ رووبەرێکی ھاوسەنگ و تەریب ھەبێت لە نێوان فۆرم و ناوەڕۆکدا و زۆرجاریش حەماسەتی ناوەڕۆک و بابەت، فۆرم تێدەپەڕێنێت و نمایشی شانۆیی دەباتە رووبەرێکی راستەوخۆی بەرکەوتن و سادەکردنەوەی فاکتەری گەیاندن بۆ ئەوەی ھزرو بیری نمایشەکە لە روونترین شێوە بە بینەر بگات و راڤە و لێکدانەوەی جیاواز ھەڵنەگرێت، ئەو رووبەرەش لای زۆرێکمان وەک رووبەرێکی ناھونەری خۆی وێنا دەکات و لە بەھای ھونەری و سەنگی داھێنانی شانۆکار و ھونەرمەند کەم دەکاتەوە.
من ھەرگیز دژی ئەوە نیم کە شانۆکار رەخنە بگرێت و ناڕەزایی نیشان بدات و ھەموو ناشیرینییەکان بکاتە بابەتی قسەکردن و دیالۆگ و پێداچوونەوە، ھیچ ھێڵێکی سووریش نییە کە رێگر بێت لەبەردەم شانۆکار کە ئەو ھزرو پەیامەی ھەیەتی نەگەیەنێت بە بینەر و ئازادیی تەرحکردن و بەکاربردنی لێ زەوت بکرێت.
لە مێژووی شانۆشدا ھەر لە یۆنانەوە تا ئەمڕۆ ھیچ فاکتەرێک نەیتوانیوە لەمپەر بێت لەبەردەم ئازادی و بوێریی شانۆکار بۆ دەستبردن بۆ سەختترین و ھەستیارترین پرسەکانی وڵات و ناوچەکە، ئەگەر بەشێوەی راستەوخۆ ڕێی لێ گیرابێت، شانۆکار ھەمیشە کەرەستەی ئەوەی ھەبووە کە شێوازی تر بدۆزێتەوە بۆ ئەو تەرحە و باشترین تێکست و نمایشەکانی دروست بکات؛ ئەگەر قسەش لەسەر شانۆی شەقام و فەزای کراوە بێت، ئەوە دۆخەکە راوشکاوتر بووە و شانۆکار لەبەر بەرکەوتنی راستەوخۆی بە بینەری ئاسایی و خەڵکی ئاسایی، ھەمیشە حەماسێکی زیاتری نیشان داوە، کە گوتارەکان راشکاوانەتر پێشکەش بکات و لە ھیچ بەربەست و ئاستەنگێک نەسلەمێتەوە، نمونەی زۆریش لەبەر دەستە ھەر لە شانۆییەکانی سەردەمانی ناوەڕاست و کۆمیدیای دیلارتێ و شانۆی ئەگۆستۆ پواڵ و شانۆی زیندووی ئەمریکی کە ژۆلیان بیک و جۆدیس مالینا دایانھێنا، ئەمانە کاتێ نمایشەکانیان دەبەنە شەقام و شوێنە گشتییەکان، ھەوڵیان داوە زمان و گوتاری نمایشەکانیان ھاوتای ئەو زەمەن و بینەرە بێت کە دەشێت بەر نمایشەکانیان بکەون،(ھاوتا لە رووە بابەتییەکەوە)، ھەوڵیشیان داوە رووبەر و پانتایی گەورە بۆ گوتاری رەخنەگرانە و ناڕەزایی تا ئاستی سووکایەتی و ریسواکردن لە نمایشەکەیان فەراھەم بکەن و دەست لە ھیچ کایە و کارەکتەرێکی نێو کۆمەڵگا نەپارێزن.
ئەوەی مەترسیدارە لەو راشکاوی و گوتارە رەخنەئامێزە، خودی گوتارە شانۆییەکە نییە کە ھونەرمەند دایدەھێنێت بۆ بەرحەستەکردنی پرسێکی ھاوشێوە، ئەوەی مەترسیدارە و جێگەی قەبوڵ نییە، ئەوەیە کە ھونەرمەند نەتوانێت ئەو گوتارە رەخنەئامێزو راشکاوە لە فۆرمێکی ھونەری تایبەت فۆرمەڵە بکات و لەرێگەی ئەو فۆرمە ھونەرییە کە لە داھێنان و جیاوازبوون و شۆککردن سەرچاوە دەگرێت، بەرجەستەی ئەو گوتارە ناڕەزاییە بکات، چونکە وەزیفەی ھونەرمەندە کە شانۆکەی بکاتە مینبەری ناڕازی بوون و بەرەنگاربوونەوەی ھەموو رووە قێزەوەنەکانی کۆمەڵگا لە ھەموو سێکتەرە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکان، بەڵام وەزیفەی ھونەرمەند نییە کە گوتاری ناڕازی بوونی لە شێوەو فۆرم و تەرحکردندا، ھاوتاو ھاوشێوەی گوتاری سادەی شەقام و خەڵکی سادەی نێو کۆمەڵگا بێت، چونکە ھەر گوتارێکی ناڕەزایی کە فۆرمێکی ھونەری داھێنەری نەبێت، دەبێتە کەفوکوڵ و ھاوارێکی سادەی شەقام و کۆتایی گوتارەکە ھاوتای کۆتایی نمایشەکەیە، بەڵام کاتێ ھونەرمەند لە فۆرم و شێوازێکی مەعریفی و داھێنەرانەی جیاواز، گوتارەکەی وێنا دەکات، ئەم گوتارە نەمر دەبێت بە نەمری ئەو فۆرمە ھونەرییەی کە تیای بەرھەمھاتووە، سەیرکەن کێ بە قەد بەختیار عەلی رەخنەی لە شۆڕشی کوردو فەزاو بونیادی سەقەتی ئەو شۆڕشانە گرتووە، ئەوەی ئەم گوتارەی بەختیار عەلی بە زیندوویی ھێشتۆتەوە، بوێری و ئازایەتی بەختیار عەلی نییە لە بەگژاچوونەوەی شۆڕش و کارەکتەرە دیارو سەردەستەکانی، ئەوەی وادەکات ئەم گوتارەی بەختیار تا سەدان و ھەزاران ساڵی تر کاریگەر بێت و پێگەو پانتایی ھەبێت، ئەو فۆرمەیە کە بەختیار عەلی لە داڕشتنەوەی ئەم بەرەنگاربوونەوە بەکاری بردووە، بەختیار ئەگەر وەک ھەر کەسێکی ئاسایی لە میانەی دروشمبازی و ھات وھاوار بەرجەستەی لەو تووڕەییە بکردبایە، ئەوە دەمێک بوو ناوی بەختیار عەلی لە ھیچ کایەکی کۆمەڵگا نەمابوو، ئێمە زۆرمان دیووەو زۆریش دەبینین ئەوانەی ناوە ناوە لە تەلەفزیۆن و رادیۆی کۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەردەردەکەن و بۆ ماوەیەک دەکەونە جوێندان و سوکایەتیکردن و قسە گووتن بە ووردو درشتی حیزب و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە، بەڵام ھەموو ئەمانە مەودای کاریگەرییان زۆر کورتەو ھەر زوو وون دەبن و خەڵک تاقەتی نابێت گوێشیان لێبگرێت، دەزانن بۆ؟
لەبەر ئەوەی ئەو فۆرمەی کە بەکاری دەبەن فۆرمێکی سادەیەو ئاساییەو ھەموو کەس دەتوانێت پیادەی بکات، بۆیە لە یادەوەری و زاکیرە نامێنێتەوەو ھەر زوو خەڵک لێی تێر دەبێت و دواتر قێزی لێدەکاتەوە، دەبێ شانۆکار زۆر ووریا بێت نەچێتە ئەو رووبەرەوە و گرنگترین چەکی دەستی وون نەکات کە داھێنانی فۆرم و شێوازی جیاوازی ناڕازی بوونە کە تەنھا ھونەرمەند دەتوانێت بەو کەرەستەیە رووبەرووی واقیع و دەوربەر ببێتەوەو کاریگەری ھەبێت و دەسەڵات ترسی لێی ھەبێت.
دەسەڵات حەز دەکات ھەموو گوتاەکانمان ببەینە رووبەری گوتاری راستەوخۆو جوێندان و سوکایەتیکردن و ریسواکردنی بەرامبەر، چونکە لەمکاتەدا ئەویش یەک سوپا خەڵکی ناھونەرمەند و دەم پیست بۆ قیت دەکاتەوەو بە زمانی خۆت و ناشیرینتریش وەڵامت دەداتەوە، چونکە ئەو زمانە بۆ ئەو زمانێکی دەستەمۆیەو پێیدەوێرێت و خەڵک و دەستەی تایبەتی بۆ ئەوە پەروەردە کردووە، بەڵام تۆ وەرە بە زمانی ھونەری خۆت گوتاری لەگەڵ بکە، بە زمانێک کە کۆیلەو دەروێشەکانی دەسەڵات دەستیان بەسەردا ناشکێت، ئەو کاتە ھیچ دەرفەتێکی ئەوەی نییە کە بەرامبەرت بوەستێت، چونکە نەخوێندەوارو ئینتیھازییەکانی دەسەڵات توانای بەربەرەکانی زمانی پڕ لە داھێنان و فۆرمئامێزی تۆیان نییەو ناچارن کپ دەبن و خۆیان دەخۆنەوە.
شوێن و زەمەنیش فەزاو رووبەرێکی گرنگە لە دیاریکردنی شێوازو فۆرمی گوتاری شانۆکار لە شانۆی شەقام و لەبەشەکانی دواتر لەسەریان دەوەستم.

"شوێن و زەمەن لەپڕۆسەی دروستکردنی نمایشدا"
یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی درستبوون و دەرکەوتنی نمایشی شەقام، شوێن و رووبەرەی تازەی بەرکەوتنە، شانۆ کاتێک ھۆڵ بەجێدێلێت و لە رووبەری تازەی بەرکەوتن و خۆنواندن دەگەڕێت، ئیعتبارو کارەکتەرێکی گەورە بەو شوێن وئەو پانتاییە تازە دەبەخشێت و پرۆسەی داڕشتنەوەی نمایشەکەی تەریب و تەبا دەبێت لەگەڵ ئەو شوێنە تازەیەی کە دەیەوێت کایەی تیادا بکات، لێرەدا شوێن ھەر بەتەنھا ئەو پارچە زەوییە نییە کەبە پارچە قوماشێک یا تەنافێک دیاری دەکرێت و نمایشی تیادا پێشکەشدەکرێت، ھەر ئەوەش نییە بڵێی نمایشەکەی من بۆ ئەو پاڕکە نابێت و دەبێ لەبەردەم ئەو چایخانە یا سەر فڵان شەقام یا لەنێو ئەو بازاڕە پێشکەشی بکەم، وێنەکە زۆر لەوە گەورەترە.
شوێن لە شانۆی شەقامدا چەمکێکی گشتگیرە و کۆمەڵێک رووبەرو کایەی بەرفراوانی وەک ئایین، نەتەوە، فەرھەنگ، سیاسەت، پەروەردە، ئاکار، ژینگە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیارییەکان، ئارەزوو، ئینتیما، وەرگرتن و دانەوەو پانتاییەکی ئەژمارنەکراوی رەفتارو ھزرە ئینسانییەکان دەگرێتەوەو دەبێ لە کردرای دروستکردنی شانۆی شەقام، شوێن و زاکیرەی شوێن لە خوێندنەوەیەکی دراماتۆرگی لەبەر چاو بگیرێت و کاری لەسەر بکرێت.
زۆرجار ئێمە لە دیاریکردنی کاریگەری شوێن ھەلەی زۆر دەکەین و ناتوانین لەو چەمکە گرنگە بگەین کە بەشێوەیەکی رەھا کاریگەرە لەسەر رەوشی شانۆی شەقام و بەرکەوتنی بینەر لەگەڵ ئەو شانۆییە، بۆ نمونە یەکێک کاتێ نمایشێک دەباتە بەردەم یەکەیەکی ئیداری حکومی و کە لێیدەپرسی بۆ ئەو شوێنەت ھەڵبژارد، پێت دەڵێت، ئەو دەیەوێ گوتارەکەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە رووبەری دەسەڵاتەوە ئاراستەی دەسەڵات بکات، ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر ھەلەیە لە چەمکی دەسەڵات و شوێن، بۆ گەیاندنی گوتارێک بۆ دەسەڵات پێویستییت بە دەسەڵاتی شوێن ھەیە، ئەوەتا نمونەی زۆر ھەن لەم چەند ساڵانەی دوایی کە گۆڕەپان و مەیدانی جەماوەریین، دەتوانن ھەڕەشەی راستەقینە لە گەورەترین دەسەڵاتەکانی جیھان بکەن، ئەوەتا مەیدانی رزگاری لە میسر و گۆڕەپانی رزگاری لە عێراق و مەیدانی ئازادی لە سلێمانی و چەند شوینی دیکەی گرنگ، کەواتە نابێ شانۆکار رووکەشانە شوێن ھەڵسەنگێنێت، شوێن نمایندەو بەرجەستەی ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کەڵتوورییە دەکات کە کۆمەڵگا وەک سیمبوڵ و رەمز پێیدەبەخشێت، ئەوە مرۆڤەکانن لەرێگەی مێژوو و کەڵتوورەوە مانا بەشوێن دەبەخشن، شانۆکاریش وەک مرۆڤێکی ھۆشیارو خاوەن کەرەستەیەکی گرنگ و کاریگەری رووبەڕوو بوونەوەو ھەڵوەشاندنەوەو داڕشتنەوەو دروستکردنە، دەبێ لەڕووی ھونەری و مەعریفییەوە ئەو تواناو میکانیزمەی ھەبێت کە شوێن لە رووبەرێکی جوگرافی نۆرماڵەوە بگۆڕێت بۆ رووبەرێکی درامی کە ماناو تێگەیشتنی تازە ھەڵبگرێت.
بەداخەوە زۆرێک لە نمایشەکانی ئێمە کە سیمای شەقامیان ھەیە، یا لە بۆنەی تایبەت پێشکەشدەکرێن یا ئەوەتا بۆ فیستیڤاڵی شانۆیی ئامادەدەکرێن، ھەربۆیە ھەمیشە بژاردەی شوێن و زەمەن بۆ شانۆکارانی ئێمە بژاردەیەکی دیاریکراوەو و رەنگە خزمەتی ئەو ئایدیا و ھزرو فۆرمە نەکات کە شانۆکار لەم نمایشەی شەقام مەبەستێتی، بەڵام ئەمەش نابێتە پاساو بۆ ئەوەی شوێن و زەمەن وەک فاکتەرێکی گرنگی بەرکەوتنی شەقام فەرامۆش بکەین و کاری لەسەر نەکەین، شانۆکار ئەگەر خەیاڵ و دیدگاو ئەزموونی ھەبێت، ھەمیشە دەتوانێت شوێن بە مانا فراوانەکەی بخاتە خزمەت خۆیەوە و سوودی لێوەربگرێت لە داڕشتنەوەی فۆرمی نمایشەکەی.
شوێن تەنھا بریتی نییە لە شۆستەیەک یا پاڕکێک یا حەوشەی مۆڵێک، شوێن ھەموو ئەو فەزا بینراو و نابینراوانە دەگرێتەوە کە لە رووبەری نمایش ئامادەیی ھەیە، شانۆکار دەتوانێ ماناو کارەکتەر بە ھەر کەرەستەیەک لەو رووبەرە ببەخشێت، بۆ نمونە دارێکی ووشک لە پاڕکێک، تەنەکەیەکی خۆڵ لە شەقامێک، تابلۆیەکی رێکلام لە مۆڵێک، سەیارەیەکی وەستاو لە گۆرَەپانێک، دیوارێکی روخاو لە گەڕەکێک، کێلێکی شکاو لە گۆڕستانێک و ھەروەھا، لەوەش گرنگتر ئەوەیە شانۆکار دەتوانێت ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەو داب و نەرێتانە بەکار ببات کە لەو رووبەرو جوگرافیایە بوونی ھەیە، دەتوانێت سوود لە مێژوو، جیۆلۆجیا، ژینگە، داب و نەرێت و مامەڵەی رۆژانەی ئەو ناوچەیە وەربگرێت، دەتوانێت سیمبوڵە ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و کەڵتوورییەکان لەنێو نمایشەکەی بەکارببات و وەزیفەی درامییان پێببەخشێت و سوود لە پەیوەندی و بەرکەوتنەکانیان وەربگرێت.

© 2017 Hawler