تشرینی دووەم 19, 2019

"نەوزاد شێخانی" وەك باشترین دەرهێنەر دەسنیشان كرا

فیلمی سینەمایی "توڕن" لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی سینەماكاری كورد "نەوزاد شێخانی"، لە درێژەی بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكاندا، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەسكەندەرییە بۆ فیلمی درێژ، خەڵاتی باشترین دەرهێنەرـی بە دەست هێنا.

لە ڕێوڕەسمی هەڵسەنگاندنی فیلمە بەشداربووەكانی پێشبركێی سەرەكیی "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەسكەندەرییە"، لە وڵاتی میسر، فیلمی سینەمایی "توڕن" توانیی بگاتە قۆناغی كۆتایی پێشبڕكێكە و خەڵاتی باشترین دەرهێنەربباتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات كە لیژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری فیلمسازیدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمە بەشداربووەكانی ئەو فێستیڤاڵە كرد، لە ناویشیاندا دەرهێنەری كورد "نەوزاد شێخانی"، بووە "باشترین دەرهێنەر"ی بەشی فیلمی عەرەبی لە فێستیڤاڵەكە.
شایەنی ئاماژەپێدانە: لە 35 ـمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەسكەندەرییە بۆ فیلمی درێژ، كە ساڵانە لە وڵاتی میسر بە ناوی "نەبیلە عوبێد" ساز دەكرێت، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوودا، لەژێر ناوی هونەرمەندی گەورە نور شەریف بەڕێوەچوو، كە لە رێوڕەسمی دەسنیشانكردنی خەڵاتەكانی ئەو فێستیڤاڵەدا چەندین ئەستێرەی بەرچاوی میسری و عەرەبی و جیهانی و ڕەخنەگری گەورەی سینەمای میسری ئەمیر ئەباغە تێیدا ئامادە بوون.

سینەماكار نەوزاد شێخانی لە ئاخاوتنێكیشدا بۆ هەولێر ڕایگەیاند: وەرگرتنی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە وڵاتێكی پێشكەوتوو لە بواری سینەما و شانۆدا بە گرینگ دەزانم، وەك تاكە دەرهێنەرێكی كوردی بەشداربوو لەو فێستڤاڵەدا، چونكە ئەوان داهێنانیان كردووە لە بواری هونەری سینەمادا، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی كردووەتە سەر هزری ڕۆشنبیری و فكری لەسەر تاكی ئەو وڵاتەدا.
گوتیشی: جێگەی خۆشحاڵییە كە دەزگا میدیاییەكانی ئەو وڵاتە بە گرنگیەكی زۆرەوە ڕوانیانە خەڵاتەكەی من، تەنانەت ڕووبەڕووی چەندین پرسیاریان كردمەوە لە كەناڵ و ڕۆژنامەكانیان، چونكە ئەوان مەسەلەی تراژیدیای كچە پاكیزە ئێزیدیەكانیان لە فیلمی توڕن بینی و چیرۆكی ژیانی پڕ لە مەینەتی خەڵكی عێراقیان بۆ ڕوونتر بۆوە، كە جەنگاون لە پێناو ناسنامەی ئێزیدیبوونی خۆیان.
لە كۆتا قسەكانیشی دا گوتی: ئێزیدیەكان هەر سوورن لەسەر مانەوەی خۆیان وەك كەمە نەتەوەییەك لە باشووری كوردستان و هەمیشەش داكۆكیكارن لەسەر ئایینی خۆیان و كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی كچەكانیان نەیتوانی چۆكیان پێدا بنێت، بەڵكو خۆڕاگریی ئەوان بوو بەهۆی مانەوەیان.

شێخانی لە پرسیاری ئەوەی وەك هونەرمەندێك چ هەڵوێستێكی نواندووە بەرامبەر ئازارەكانی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان، ناوبراو گوتی: من وەك هونەرمەندێك بە هونەرەكەم تێدەكۆشم بۆ داكۆكیی كردن لە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و پارچەكانی دیكەش، كە هەموویان كەرتێكن لە كورد و لە پارچەیەكی تردا لەت كراون، بۆیە دژی ئەو لەشكركێشیەی داگیركەر بە هونەر بەرگریی لە برا و خوشكانی ڕۆژئاوا دەكەم.

جێی ئاماژەیە: فیلمی سینمایی "تورن" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ناوێكی بەرچاو لە سینەمای عەرەبی دەدرەوشێتەوەو تا ئێستاش لە زۆرترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی عەرەبی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە خاوەنی چەندین دەسكەوتی هونەری.
 
لە سینۆپسی فیلمەكەدا هاتووە: ئەوە سێ نەوەیە، باسی بەسەرهاتی گەلێكی ستەملێكراو و هەڕەشەلەسەر دەكرێت، دوای پڕۆسەی جینۆساید و هەوڵی لە ناوبردن، ئەو میللەتە هێشتا لە نیشتمانەكەیان تووشی شەڕ و لەناوبردن و كوشتارگە و ڕاگواستن بە زۆری دەكرێنەوە، چیرۆكی تراژیدیای ئەو گەلە بزركراوەی، كە بێبەش بوونە لە ئاشتی و پێكەوە ژیان لەگەڵ گەلاندا، بڵاوكردنەوەی ئەم گەلە لە تەواوی جیهان و تێكەڵكردنیان لەگەڵ كۆمەڵگا جیاوازەكانی تر، ئەمەش وای كردووە بێبەش بكرێن لە دابونەریتەكانیان، وای كردووە بەرەو لەناوچوون بچن، چونكە لە مێژوودا چەندەها كوشتارگەیان بەسەردا هێنراوە، ئەمە بووەتە هەوێنی دروستكردنی فیلمی سینەمایی توڕن.
فیلمی توڕن باس لە مێژووی ئێزدییەكان و ئەو جینۆسایدانەی بە سەریاندا هاتووە دەكات، ئەم فیلمە لە ساڵی 2018ـدا بەرهەم هاتووە و بڵاو كراوەتەوە، هەر لەو ساڵیش چەند خەڵاتی جیهانیی بردووەتەوە.
دەسكەوتەكانی فیلمی سینەمایی توڕن لە ئاستی جیهانیدا: تا ئێستا ئەم فیلمە نمایش كراوە لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی، چەندین خەڵاتی وەرگرتووە لە زۆرێك لە فێستیڤاڵە جیهانیەكان، لە نێوانیشیاندا: خەڵاتی ڕێوی زێڕینـی وەرگرت، لە فێستیڤاڵی كەلكەتا لە وڵاتی هندستان، وەك باشترین فیلم لە بارەی ئایین لە ساڵی 2019دا. خەڵاتی دەرهێنەری فەرەنسی گەورە جان لوك كودار وەرگرتووە، لە گۆڤاری ڕەخنەی سینەمایی، كە ئەم دەزگایە ئەندامە لە كۆمەڵەی سینەما لە بنكەی سەنتەری لنكۆلن لە نیۆرك. بەدەستهێنانی خەڵاتی مەدالیای بڕۆنز لە پێشبڕكێی خەڵاتەكانی مۆسیقای جیهانی لە كالیفۆرنیا. بە دەستهێنانی خەڵاتی داهێنانی سینەمایی وەك باشترین فیلم، لە ئیندی فێست فیلم فێستیڤاڵ لە پێشبركێی خەڵاتەكانی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆیەكان لە سانتیاگۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیا. بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی درێژ و باشترین سینەما تۆگراف لە یەكێك لە فێستیڤاڵەكانی هۆلیۆد، بەناوی فێستیڤاڵی هۆلیۆدی جیهانی بۆ فیلمی سینەمایی. بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین مۆنتاژ لە فێستیڤاڵی خەڵاتەكانی ئەورووپی لە وارشۆ، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی"بەرازیل" خەڵاتی باشترین فیلمـی بەدەست هێناوە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "مەكناس" خەڵاتی زەیتونی زێڕینـی وەرگرتووە، خاوەنی خەڵاتی Golden Fox ی 2019 ی جیهانییە، لەگەڵ چەندین خەڵاتی تر.
جێگەی باسە: كاری وێنەگرتنی دیمەنەكانی فیلمی تۆڕن لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا و شاری باتۆمی و پەرستگای لالش لە هەرێمی كوردستان بۆ كراوە، كە ئەم پەرستگایە بە پەرستگای سەرەكیی هەموو یەزیدیەكان دادەنرێت لە جیهان، لە فیلمەكەدا ژمارەیەكی زۆر ئەكتەری بە توانا و كادیری هونەری لە وڵاتانی جۆرجیا و عێراق وەك تیمی كارەكە بەشدار بوون.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: نەوزاد شێخانی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی، هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانی و عێراقییە، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری بەشی مەدەنی یە، لە زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر. ئێستا لە شاری كۆڵنـی ئەڵمانیا دادەنیشێت. هەروەها خوێندنی تەكنیكی دروستكردنی فیلمی سینەمایی لە ئەكادیمیای مایكرۆ میدیا لە شاری میونخ خوێندووە. هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆكایەتی و ئەندامیەتی لیژنە دادوەریەكان بۆ زۆرێك لە فێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتیەكان، لە زۆرێك لە فێستیڤاڵەكان ڕێزی لێنراوە لە لایەن دەزگا و سەنتەرە ڕۆشنبیریەكان. هەروەها ماستەر كلاس وۆركشۆپی لەسەر دروستكردنی فیلمی سینەمایی، لە دیبێتی چەندین فیستیڤاڵی جیهانی و چەندین زانكۆ گوتیتەوە، دیارترینیان لە زانكۆی كۆلن لە وڵاتی ئەڵمانیا. هەروەها "سیمفۆنیای شەنگال و پێشمەرگە" یەكێكی دیكەیە لە بەرهەمەكانی ئەو دەرهێنەرە كوردەیە، هەوڵی زۆری داوە لە ڕێگای كارە هونەریەكانی خەم و ئازارەكانی میللەتەكەی بە جیهان نیشان بدات.

 

سەرهەنگ غەریب - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler