تشرینی دووەم 16, 2019

دریۆ باریمۆر دەبێتە پێشكەشكار

دریۆ باریمۆر خانمە ئەكتەری ناوداری ئەمریكی لە یەكێك لە كەناڵە بەناوبانگەكانی ئەمریكا دەبێتە پێشكەشكار.

ماڵپەڕی CNN ئەمریكی نووسیویەتی باریمۆر لە كەناڵی CBSی ئەمریكی دەبێتە پێشكەشكار و بەرنامەیەكی گفتوگۆیی دەبێت.

باریمۆر سەبارەت بە بوونی بە پێشكەشكار دەڵێ یەكێك لە ئارەزووەكانی دێتە دی، دەبێت بە پێشكەشكار، لە منداڵیەوە ئارەزووی ئەم كارەی كردووە، بەڵام لەبەر كاری ئەكتەری، بۆی نەرەخساوە.

ئامادەكاری بۆ بەرنامەكەی باریمۆر تەواو بووە و لە ماوەیەكی نزیكدا نمایش دەكرێت.
دریو باریمۆ بەوە لە ئەكتەرەكانی دیكەی هۆلیۆد جیا دەكرێتەوە كە پێشتر لە خانەوادەكەیان ئەكتەر هەبووە، لەوانە باپیری خۆی (جون باریمور ) كە ئەكتەرێكی دیارەكانی ئەمریكایە .
ئەم خانمە بەشداری لە چەندین فیلمی جیهانی كردووە لەوانە (، Music (and Lyrics، 50 First Dates، و Charlie’s Angels.)
كاری خێرخوازی بەشێكە لە كارەكانی ئەو خانمە ئەكتەرە، بۆ چەندین جار بەشێك لە داهاتەكەی بۆ كاری خێرخوازی بەخشیوە، بە پێی قسەی هەندێك لە میدیاكانی ئەمریكا ئەو پارانەی كە بەخشیویەتی لە ملیۆن دۆلار كەمتر نەبووە.
لە ساڵی 1984 كاتێك تەمەنی 9 ساڵان بووە باوك و دایكی لە یەكتری جیابوونەوە، ئەمە كاردانەوەیەكی نەرێنی لە ژیانی تایبەتی هەبووە، لە چەندین دیمانەشدا باسی لەوە كردووە بە هۆی ئەو جیابوونەوەیە زۆر خەمی خواردووە.
دریۆ باریمۆر ئەكتەرێكی ناوداری ئەمریكیە لە ساڵی 1975 لەدایك بووە، لە منداڵیەوە كاری ئەكتەری كردووە و ئەو رۆڵانەی پێیدراوە زیاتر كۆمیدی و ترسناك بوون.

 

ئاریان  دەرگەڵەیی - هەولێر

© 2017 Hawler