تشرینی دووەم 16, 2019

بەر لە شۆڕشی چەکداری لەشاخ، چۆن شۆڕشی موزیک و شانۆیان لە هەولێر بەرپا کرد

بە منداڵی، من منداڵێکی زۆر بزێو و کۆمەڵاتیی و نەرم و میانڕەو بووم زۆر حەزم بە هاوڕێیەتی دەکرد و، هاوڕێکانیشم لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بوون. لەوکاتەوە هەستم دەکرد من بەدوای بەهرەیەکدا دەگەڕێم خەریکە سەرەداوەکەی دەدۆزمەوە.

بەڵێ دواجار بەهرەکەی خۆم دۆزیەوە، کە بە هەوڵی خۆم فێری ژەنینی هەردوو ئامێری (نای) ( ئوکوردیون) کرد.
لە کۆتایی دیسمبەری ساڵی 1975 ـدا دوای ئەوەی لەگەڵ چەند هونەرمەددێک کورد پەروەرو دڵسۆز توانیمان بەردی بناغەی تێپێکی موزیک دابنێین. بۆ تیپێکی گەورە و خەریک بوو خەونەکەم وردە وەردە دەهاتە دی لە بینینی تیپێکی موسیقای بەهێز بۆ هەولێر، وردە وردە لە ناو خەڵکی هەولێر دەنگۆی ئەوە بڵاو ببۆوە کە لەهەولێر تیپێکی موسیقا پەیدا بووە بەنیازن چەند بەرهەمێکی تازە تۆمار بکەن و خەڵک بە حەزێکی زۆرەوە چاوەڕوانی ئەو بەرهەمە بوون چونکە خەڵکی تەواو لە وەزعە سیاسیەکەکەی حزبی بەعس بێ تاقەت ببوو بەدوای دەنگێک و ڕەنگێک و ناوێک و گۆرانیەکی کوردیدا دەگەڕا کە ئاولی دڵیخۆی پێ بداتەوە و سۆی دڵی کەم کاتەوە؛ هەر لەوسەردەمەدا ئەزەعەفە ئەلئیمان ناوی كوردیی لە منداڵەكانی دەنا، بە ناوی چیا و گوند و دەشت و بەردی ئەو کوردستانەی دەكردن. هێندە بەدەست وەزعەکەوە داغدار و غەمبار بوو، بەڵام ئەوکات مەسەلەی بەرهەمی تازە تەنیا قسە بوو و، خۆمان بۆ ئیستهلاکی محەلی ئەو قسانەمان بڵاو دەکردەوە، تاوەکو خەڵکی لەوە زیاتر بێ ئومێدی نەیگرێت بەڕاستی ئەوسا تیپی مۆسیقای سلێمانی زۆر بەگەرمی کاریان دەکرد و خەڵکیش گلەیی ئەوەیان لە ئێمە دەکرت، کە دەبێت ئێمەش لە ئاستی ئەو قۆناغ و مەسئولیەتە بین.ئەو مسئولەیەتەش پێویستی بە خۆسازدان هەبوو، ئێمەش هیشتا تیپەکە کامڵ نەبوو و کەموکووڕیی زۆرمان هەبوو لە ڕوی ئەندامان و ئیمکانیاتی مادی. هەڵبەت وەک لە پێشتر ئاماژەم بۆ کرد ئێمە چوار موزیکژەن بەندە و کاک حەمید و کاک شێرزاد سەرسپی و کاک جەردیس. هەموو ئێوارەیەک لە بارەگای کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی پڕۆڤەمان دەکرد، بە نیازی خۆ بەهێزکردن لە موزیکدا. دواتر شەوانە بۆ نانخواردن دەچووینە یانەی فەرمانبەران. لە سەرەتای دیسمبەری ساڵی 1975ـدا شەوێک وەک هەر شەوەکانی دوای پڕۆڤەکردن لە کۆمەڵی هونەرو وێژە کە دەچووینە یانەی فەرمانبەران، ڕەوانشاد مامۆستا بەشیر چیچۆ سەرۆکی یانەی فەرمانبەران هاتەلامان وتی، بەنیازین ئەم ساڵ بە بۆنەی کۆتایی ساڵ ئاهەنگێک لە یانەکەمان ساز بدەین ئایا ئێوە ئامادەن کە بەرپرسیارەتیی ئەو ئاهەنگە هەڵبگرن؟ کاک شێرزاد سەرسپی گوتی کاک بەشیر ئەگەر دەرفەتمان بدەی یەک هەفتە وەڵامت دەدەینەوە! ئەوە بوو لە ماوەی هەفتە کەمتر زانیمان مامۆستا ڕزگار خۆشناو و مامۆستا ڕەنجبەری برای لەو ماوە لە بەغدا دەگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئیتر پشتمان بە هێز بوو و وردە وردە لەسەری ساڵ نزیک دەبووینەوە، مامۆستا سەید ئەحمەد بەرزنجی ئەویش کە مامۆستا بوو لە گوندێکی دەڤەری بارزان ئەویش هاتەوە. ئیستا تیپەکەمان تۆزێک ڕێک کەوت کە بریتی بوون لەم بەڕێزانە، ڕزگار خۆشناو ئامێری عود هەریەک لە ڕەنجبەر خوشناو و ڕەوانشاد سەید ئەحمەد بەرزنجی و شێرزاد سەرسپی و ڕەوانشاد قەمبەر قەرداش خەڵکی کەرکووک بوو ئەوانە بەئامێری کەمانچە و شەریف جەردیس ئامێری ئیقاع ڕەوانشاد نەشئەت حەمید ئامێری نای و بەندە بە ئامێری ئوکوردیون. تیپەکە خەریک بوو کامڵ دەبوو، لەو قۆناغەشدا ئەو هونەرەمەندانەی ناوم هێنان کەسانی بەتوانا و ئەکادیمی بوون؛ بۆ یەکەم جار بەو تیپە بەتوانایەوە توانیمان دوای پەیوەندی بە هەریەک لە هونەرمەندان ڕەوانشاد هونەرمەندی گەورە محەمەد جەزا و ئازاد ئەحمەد و قادر زیرەک، ئاهنگێکی زۆر سەرکەوتووانە لە یانەی موزەفین ساز بدەین و، ئەو تیپە دەنگ و سەدایەکی زۆری لەناو خەڵکی هەولێر بڵاو بۆەوە؛ بە ڕادەیەک زۆرێک لە خەڵکی هەولێر ئاشانایەتیی لەگەڵ ئەو گرووپە موسیقیە پەیدا کردبوو. ئەو ناسیاوەتیەش ئەم گرووپەی خستبوە بەر مەسئولیەتێک و ئەرکێکی زۆر قورس. وەک گوتم ئەوکات خەڵکی کوردستان بە دوای نەفەسێکی کوردیدا دەگەڕا کە دڵخۆشی کات و، کەمێک ئەو کارەساتەی نسکۆی ئەیلوولی بیر باتەوە و هەرشتێک هەبێت بۆنی کوردایەتی و ناسنامەی کوردایەتیی لێبێت . لەگەڵ ئەوەی ئاهەنگی یانەی فەرمانبەران زۆر سەرکەوتو بوو، لەوەش گرنگتر ئەو خۆناسینە بوو، کە ئێمە ئەگەر یەکگرتوو بین و ئامادەگیی ئەوەمان تێدابێت بە لەخۆ بردوویەوە بەیەک نەفەس کار بکەین، دەتوان کاری باش و جوان ئەنجام بدەین و لەوەش خۆشتر ئەندامی خێزانەکەمان لە تیپەکە کۆمەڵێک کەسایەتی گەورەو دەنگخۆشی دیکەی گرتە خۆ نموونەی ڕەونشاد تایەر توفیق و ڕەسووڵ گەردی و محەمەد جەزا و قادر زیرەک و جەلال سەعید و ئاوڕەحمان قوربانی و ئازاد ئەحمەد و محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و جەبار ئەحمەد و ڕەوانشا جەلال حەردان.
 ئەم ئاهەنگەی یانەی فەرمانبەران تەکانێکی گەورەی بە تیپەکە دا؛ دەبێت ڕۆڵی ڕەوانشاد مامۆستا بەشیر چیچوم بیر نەچێت، کە ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو لە پشتیوانی و هاندانمان و، پیاوێک بوو ڕوحێکی کوردایەتیی زۆر بەرزی هەبوو، لەسەرەتای ساڵی 1976ـدا بەڕێز مامۆستای گەورەمان جەمال ھیدایەت کە هونەرمەندێک و کەسایەتیەکی دیاری هەولێرە ئەوسا سەرۆکی تیپی موسیقای هەولێر و بەڕێوەبەری چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر بوو، دوای ئەو ئاهەنگەمان لە یانەی فەرمانبەران پەیوەندی پێوەکردین کە بەڕێزیان ئامادەن بۆ هەر پشتیوانیەک لە تیپەکەی ئێمە ئێمەش بەدڵخۆشیەوە سوپاسمان کرد و من بە شەخسی داوام لە مامۆستا جەمال کرد، پێمانخۆشە کەسێکی وەک مامۆستای هونەرمەند سەید ئەحمەد نەقڵ بکرێتەوە بۆ هەولێر و لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکیی قوتابخانەکان کار بکات چاکترە لەوەی ئەو بەهرە جوانە لە دێیەکی دوورە شار بێت، لەکاتێک شار وەک پێویستییەکی شارستانی پێویستی بە تواناو بەهرەی مامۆستا سەید ئەحمەد بەرزنجی هەیە. مامۆستا جەمال وتی هەموو هەوڵێکم دەخەمە گەڕ بۆ نەقڵکردنی مامۆستا سەید ئەحمەد، گرنگ ئەوەیە هەموومان بتوانین خزمەتی گەلەکەمان و خەڵکی هەولێر بکەین و، ئەو هەڵوێستە پڕ لە جوامێریەی مامۆستا جەمال تین و گوڕێکی دیکەی بە ئێمە دا و، هەستمان کرد خەریکە جێگە پێگەی خۆمان دەچەسپێنین بەو یەکیەتی و ڕوحە تەباییەی لە نێوانماندا هەیە.
 بابەت درێژەی هەیە
وێنەیەکی ئەرشیفی ساڵی 1976، بەندە ئامێری شمشاڵ دەژەنم لەگەڵ هونەرمەند ڕەوانشا محەمەد جەزا.

 

لوقمان بەرزنجی- ئەڵمانیا

© 2017 Hawler