تشرینی دووەم 19, 2019

با رۆژی 17 / 10 بکرێتە فێستیڤاڵی (ڕەسووڵ بێزار گەردی) بۆ لاوک و حەیران

حەیران ئەوڕۆ نیوڕانێ گۆتمە دڵی خۆم لۆ وا کەسادی؟
دەمگۆتە بەژنەکی بڵند و دوو چاوێی بەڵەک، با بچینەوە سەر چیاکەی پیرە بێستونێ
بزانین چی کردیە کوڵینگەکەی فەرهادی.
 گەلی برادەرینە دەمگۆتە حەیرانەکەی خۆم
دەتوبینە بۆن کەم خەت و خاڵی گەردەنێ
ماچکەم چەرخی ڕوومەتێ، بن شۆرابە و شۆرابەی گۆاران
سەتی وەکی من و تو پاری خۆی دایتەوە خاکی، گەلێك بە بێ مرادی.


هونەرمەند ڕەسووڵ بێزار گەردی، هەر دەنگێکی زوڵاڵ و چریکەیەکی بەسۆز و شارەزایەکی بێ وێنەی حەیران و مەقام نەبوو، بەڵکو ترۆپکی ڕەسەنایەتی، و پایەکی بەرز لە پایەکانی هونەر، و لوتکەی وەفاداری، و هەڵوێست و خەمخۆرێکی نیشتیمان، و ناخێکی بێگەرد، و نمونەی خۆنەویستی، و ئەرشیفێکی هونەریی و مێژوویی بوو. هەر لەسەرەتای دەستپێکی کاری هونەریی و چوونە ئێزگە و تەلەڤزیۆنی بەغدا – بەشی کوردی، هەوڵیداوە تەنیا بەرهەمەکانی خۆی بچریکێنێ و تۆماریان بکات، نەک دووبارەکردنەوەی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی دیکە، کە زانیویەتی دووبارەکردنەوەی ئەو بەرهەمانە نابنە موڵکی ئەو و مێژوو بۆ ئەو تۆماریان ناکات، هەر بۆیە لە کتێبەکانیشیدا (بژار، گوڵە مێلاقەی کوردستان، شیلان و شلێر، دارەشەکران، و پەنگر) تەنیا بەرهەمەکانی خۆی نووسیوەته‌وه‌، کە هەر هەموویان لە ئاوازدانانی خۆیەتی، ئەمەش بەهرەداریی و بەسەلیقەیی ئەو هونەرمەندە گەورەیە دەسەلمێنێت، و هەر هەموو حەیرانەکانیشی لە نووسین و داڕشتنی خۆیەتی، ئەو حەیرانانەی کە دەچنە خانەی فۆلکلۆرەوە لە کتێبەکانیدا نەنووسیوەتەوە، زۆربەی هۆنراوەی گۆرانی و سروودەکانیشی لە نووسین و هۆنینەوەی خۆیەتی، هۆنراوەی تایبەت بە گۆرانی، کە تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیایە لە شیعری ئاسایی، کاتێک هەستی بەوە کردووە کە شاعیری ئەم جۆرە هۆنراوانە لەو سەردەمەیدا کەم بوون یان دەگمەن بوون، لەگەڵ وەرگرتنی (لە خودی شاعیرەکان خۆیانەوە) زۆرێک لە هۆنراوەی شاعیرە ناسراوەکانی کورد و ئاواز دانان بۆیان، وەکو دڵدار، شێرکۆ بێکەس، پیرەمێرد، مدحەت بێخەو، مەسعود بێبەش، حەبیب عەلی، پیرباڵ مەحمود، ئەحمەد دڵزار، کانی، عوسمان عوزێری، جاهد، کەریم شارەزا، ئەحمەد هەردی، زەبیحی، جەمال شارباژێڕی، و چەندینی تر، و تۆمارکردنی ناوی ئەو شاعیرانە لەسەر بەرهەمەکانیان لە کتێبەکانیدا، نیشانەی راستگۆیی و ماف نەخواردنی ئەرک و ماندووبوونی ئەو شاعیرانەیە، لەلایەن بێزار گەردییەوە. ئەو بە پێچەوانەی هونەرمەندانی دیکەوە کە سوود لە بەرهەمی هونەرمەندانی تر و فۆلکلۆرەوە دەبینن، بەڵکو بەرهەمەکانی ئەو بوونە گەنجینەیەک و فۆلکلۆر و کولتووری کوردی دەوڵەمەندتر کردووە، و هونەرمەندانی تر سوودیان لێدەبینن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کەڵە هونەرمەندە ئەوە بووە کە قەت هەوەسی ئەوەی نەبووە، ئاوازی نەتەوەیەکی دیکە بکاتە بەرهەمێکی خۆی، بەڵکو بە دەنگ و گەرووییەکی پیاوانەی کوردانەوە و بە هەستێکی جوانی کوردیانە و بە ئاوازێکی تایبەتی خۆی، هۆنراوەکانی کردووە بە بەرهەمێکی هونەری بە پێز، هەتا بەرهەمەکانی کوردایەتی و کوردبوونیان پێوە دیاربێت.
بست بە بستی خاکی ئەو کوردستانە، و ناوی گوند و شارەکان، شوێنەوار، و رووبار و کانی، دار و درەخت، و گوڵ و گوڵزار، و رووەکەکانی ئەم کوردستانە، سەرچاوەیەکی نەبڕاوەی بەرهەمەکانی بوون، چ لە هۆنراوە و چ لە حەیرانەکانیدا.
دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە، هێشتا کاریگەری دەنگە بە جۆشەکەی دۆستانی هونەری رەسەن دەهەژێنێت و دەیانهێنێتە خرۆش، و بەرهەمەکانی بە زیندوویی ماونەتەوە، هونەرمەندێکی خۆڕسک و بەسەلیقە و فرە بەهرە، لە دەنگخۆشی و ئاوازدانان و هۆنراوە هۆنینەوە، و حەیرانزانی و حەیران نووسی و حەیرانبێژیدا، و شارەزا و بلیمەتێکی مەقامەکان، و هونەرمەندێکی پڕ لە بەرهەم، ماندوونەناس لە گوتنی گۆرانی و سرود و حەیران و مەقام و لاوکدا، ئەو هەموو بەهرە و توانایانە جێگای ئەوەن کە خوێندکاران و مامۆستایان و شارەزایانی هونەر زیاتر خوێندنەوە توێژینەوە لەسەر خودی ئەو هونەرمەندە گەورەیە و بەرهەمەکانی بکەن، کە نەک هونەرمەندە گەنجەکان، بەڵکو هونەرمەندە گەورەکانیش لە کانی بەرهەمەکانیدا تینوێتیان شکاندووە و بەرهەمەکانیان دووبارە کردۆتەوە و چڕیوەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی بەرزی خۆی و هونەرەکەی ئەو هونەرمەندەیە. جێگای تێڕامانە کە ئەو ژینگە پڕ لە هەژاریی و نەهامەتی و بێ باوکی و نەخۆشییە، ئەوکەڵە هونەرمەندەی لێ بڕوێت و چەکەرە بکات، و ببێت بە قوتابخانەیەک و رێبازێکی هونەریی سەربەخۆ و پێشەنگایەتی خۆی بسەلمێنێت لە سەرتاسەری کوردستاندا، بە تایبەتی لە بواری حەیران و مەقامدا، کە جێ پەنجەی دیارە، و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە گەیاندنی حەیران بەم ڕۆژەی ئێستا، و پاراستنی لە فەوتان، و گوتنەوەی وەکو خۆی بەبێ شێواندنی، و ناساندنی بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بێجگە لە ناوچه‌ی شاری هەولێر، کە زۆرێک لە هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان شایەتمانی ئەویان داوە کە لە دەنگی رەسوڵ بێزار گەردییەوە بۆ یەکەم جار گوێبیستی حەیران بوون، کەچی بەداخەوە لێرە و لەوێ خەڵکانێک جا چ بە نەزانی بێت یان داخ لە دڵانە و بە ئەنقەست بێت، دەیانەوێت ژیانی ئەو کەڵە هونەرمەندە لەکەداربکەن، بەڵام خۆش بەختانە قەد و باڵای ئەو هونەرمەندە هێندە بەرزە، کاریگەریان لە دڵۆپێک ئاوی بۆگەن کەمترە لە ئاوی دەریایەکی خاوێنی بێ بن، کورد وەڵامێکی جوانی بۆ ئەو کەسانەیە هەیە، کە بەردەوام بەردهاوێژی داری بە بەر و بەرهەمن.
ئەوەی جێگەی داخە کە له‌ سەردەمی مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی دەزگای هونەری و پەخش و تۆمارکردنی پرۆفیشناڵانە و ئاوازدانەری ئەکادیمیانە کەم و دەگمەن بوون (لە باشوری کوردستاندا)، دەنا باس باسێکی تر بوو، لە پوختی و زۆریی بەرهەم، و نەفەوتانی ئەو بەرهەمە زۆرانەی سەردەمی پەخشی راستەوخۆی بەبێ تۆمارکردنی ئێزگەی بەغدا، بۆیە ئەو بەرهەمانەی ئەو کەڵە هونەرمەندانەی سەردەمی رەسەنایەتی، ستەمێکی گەورەیە کە بە چاوی ئەمڕۆ شیبکرێنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، کە بەداخەوە هەندێک وا دەکەن.
لە کۆتاییدا لەم یادە بێنازەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی هونەرمەندی پایەبەرز (ڕەسووڵ بێزار گەردی) و گشت هونەرمەندە رەسەنەکانی کوردستان دەنێرین، یادیان بەخێر.

 

هەندرێن خۆشناو

© 2017 Hawler