تشرینی دووەم 19, 2019

"گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی و دەست لەناو دەست هەیە"

هونەرمەندان (مستەفا ئەحمەد، زاهیر عەبدوڵڵا، عەلی ئەحمەد، هادی مەحموود، مزەفەر محەمەد، سەلاح پەرچەم بڵباس) پەیامێكیان ئاڕاستەی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، لەو پەیامەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو ڕەوشەی ماوەی چەند رۆژێكە رووی لە رۆژئاوا كردووە، بەم شێوەیە رایدەگەینن : "ئێمە وەك پۆلێك لە هونەرمەندانی باشووری كوردستان، پاڵپشتیی خۆمان بۆ سەرجەم برایان و خوشكانمان لە رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین، پێمان وایە خەبات و بەرخودانی كورد بە درێژایی مێژوو پڕ بووە، لە ڕووداوی هاوشێوەی ئێستا رووی لەو پارچەی كوردستان كردووە، چونكە دوژمنانی كورد هیچ كاتێك چاویان بە كیانی كورد هەڵنەهاتووە و هەمیشە بوونەتە مایەی شەڕ و ئاشوبە بۆ ئێمەی كورد!".

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیاندا ئەو هونەرمەندانەی باشووری كوردستان ئەوەشیان خستۆتە ڕوو: "ئێمە پێمان وایە گەلی كورد ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی هەیە، بۆیە رێكخستنی نێو ماڵی كورد ئەوپەڕی هێز و خۆڕاگری و خاڵی سەركەوتنە بۆ هەموو رووبەڕووبوونەوەیەكی دوژمنانی كورد، ئێمە لە باشوورەوە تا دەگاتە ڕۆژئاوای كوردستان سڵاوی خۆڕاگری و بوێریتان بۆ دەنێرین، خۆشمان دەوێن دڵمان چاومان رۆحمان لەگەڵتانە".
هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی كە ئێستا بەیەكەوە لە پرۆگرامێكی هونەریی تەنز بەیەكەوە لەبەرنامەی "مقۆ مقۆ" بەشدارن بەم شێوەیە لەبەشێكی دیكەی پاڵپشتی خۆیان دەر دەبڕن و دەڵێن : "رۆژئاوای كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە توانیویەتی كیانێك بۆ كوردانی ئەو پارچەیە بنیات بنێت، بەڵام بەداخەوە لەشكركێشی توركیای  ئێستا بووە، بە مایەی ماڵوێرانی و ئاوارەیی سەدان هەزار ماڵی كورد، بەڵام خۆڕاگری و بەرگریی شەرڤانان جێگەی سەربەرزیی هەموو تاكێكی كوردە، لە هەر چوارپارچەی كوردستان، بۆیە پێمان وایە خۆڕاگریی ئەوان لەشكرەكەی توركیای شەرمەزار كردووە، ئومێدمان وایە سەركەوتنی یەكجارەكی ببینین و ببیستین".
لە كۆتاییدا هەریەك لە هونەرمەندان مستەفا ئەحمەد، زاهیر عەبدوڵڵا، عەلی ئەحمەد، هادی مەحمود، مزەفەر محەمەد، سەلاح پەرچەم بڵباس) ئەوەش رادەگەینین : "ئێمە وەك هونەرمەندانی بورای شانۆ و دراما ئامادەی هەموو هەڵوێستێكین لە رێگەی هونەر و لە رێگەی چالاكییەكانمان بۆ پاڵپشیی كوردانی ئازا و نەبەردی رۆژئاوای كوردستان، لە داهاتووشدا بەشێواز و جۆری دیكەش پەیامان دەبێت، بەتایبەتی لە رێگەی بەرنامەی "مقۆ مقۆ" لە كەناڵی سپێدە قسەی زیاتر و هەڵوێستی دیكەمان دەبێت، ئومێدی سەركەوتن بۆ هەموو كورد و كوردستان، نەمری بۆ شەهیدان، سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ دوژمنانی كورد، هیواخوازین بە زووترین كات سەرشۆری دەوڵەتی توركیا بە چاوی خۆمان ببینین و، خوای گەورە حەقی فرمێسكی دایكان و منداڵە چاوگەشەكانیان لێ بسەنێت".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا -هەولێر

© 2017 Hawler