تشرینی دووەم 19, 2019

سینەماكار "توورەج ئەسڵانی" خەڵاتی فێستیڤاڵی "ئازادی ئەمەریكا"ـی پێشكەش بە خۆڕاگریی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان كرد

"توورەج ئەسڵانی" خەڵاتی باشترین وێنەگری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئازادی" ئەمەریكای وەرگرت و خەڵاتەكەی پێشكەش بە خۆڕاگری خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و منداڵانی كورد كرد.

فیلمی سینەمایی "14ی جولای " لە دەرهێنانی "هاشم ئایدێمیر"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد حیسامەدین یوورك"، لە بەرهەمی كۆمپانیای "یاپیم 13" و لە بەڕێوەبەری وێنەگرتنی "توورەج ئەسڵانی" سینەماكاری ناودار و نێودەوڵەتیی كورد، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و توركیا، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئازادی" لە ویلایەتی كاڕۆلینای باشوور لە وڵاتی ئەمەریكا نمایش كرا و "توورەج ئەسڵانی" خەڵاتی "باشترین وێنەگرتن" و هەروەها خەڵاتی "باشترین فیلم"ـی ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستهێنا.
جێگەی ئاماژە پێدانە: "توورەج ئەسڵانی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئازادی" ئەمەریكا، ئەم خەڵاتەی بە نەتەوەی ئاشتی خوازیی كوردستان و بە تایبەت خۆڕاگری و قارەمانی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و منداڵانی ڕۆژئاوا پێشكەش كرد.
 فیلمی سینەمایی "14ی جولای" لە یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی فیلمە بڵندەكانی "سینەمای كوردی" لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆك" لە هەرێمی كوردستان نمایش كرا و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە هۆی وێنەگرتنی بەرچاو و ستایلی وێنەیی بەرجەستە، بە "توورەج ئەسڵانی" بەڕێوەبەریی ئەم فیلمە سینەماییە بەخشرا و هەروەها كۆمەڵەی ئەكتەرانی ئەم فیلمەش بە هاوبەشیی خەڵاتی باشترین ئەكتەریی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان بەدەست هێنا.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە 17 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی كردووە، لەوانە: نمایشی تایبەت لە بەشی "سینەمای جیهان" لە بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "كامێڕائیمەیج " CAMERIMAGE فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیهان لە وڵاتی پۆڵەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لاپاز" La Paz لە وڵاتی بۆلیوی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاڵتێڕناتیڤ " Alternative لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی كەنەدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئێسكاندیناڤیا" SCANDINAVIAN لە وڵاتی فینلەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڕێۆدۆژانیرۆ" لە وڵاتی بڕازیل، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دنیای كۆمەڵایەتی" Social World لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلان" لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "تگێن" Tagen لە هامبوورگ، فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "بەڕڵین" و فێستیڤاڵی فەرهەنگی كوردی "نۆرمبێرگ" لە وڵاتی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "لەندەن" لە وڵاتی بەریتانیا، فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "ئەستەنبووڵ" لە توركیا.
شایەنی ئاماژە پێدانە: ئەم فیلمە بە بەشداری لەم ڕووداوە سینەمایانە چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی و باشترین ئەكتەری پیاو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "كرالا" Kerala لە وڵاتی هیندستان، خەڵاتی تایبەتی داهێنان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سلێمانی" لە هەرێمی كوردستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی یەكەم لە خەڵاتەكانی وێنەگران لە وڵاتی كەنەدا، خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاو، خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ، خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگ بۆ "بەهمەن ئەردەڵان" و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ "توورەج ئەسڵانی" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "پێنج قاڕە" لە وڵاتی وینزۆئێلا .
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: فیلمی سینەمایی "14ی جولای" بۆ ماوەی سێ مانگ لە 145 هۆڵی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا چووە سەر پەردەی سینەماكان و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەمایی پێشوازیی لێكرا.

 

سەرهەنگ غەریب-هەولێر

© 2017 Hawler