تشرینی یەکەم 17, 2019

به‌ربەستی زۆریان بۆ دروست كردم، به‌ڵام پێداگریم كرد كه‌ ده‌بێت به‌ ناوی كوردستان به‌شداریی له‌ پێشبڕكێی شاجوانی ئوسترالیا بكه‌م

ده‌شتی نانه‌که‌لی

07504682124

 

نینا موراد، خانمە شاجوانی کوردی ساڵی 2016ـه‌ی وڵاتی ئوسترالیا کە نزیکەی دووهەفتەیە گەڕاوەتەوە کوردستان بە مەبەستی کۆمەک و هاوکاری و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی خێرخوازی. لەو ماوەیەدا چەند زنجیرە چالاکییەک له‌ باشووری كوردستان كراوه به‌تایبه‌تی‌ لە رانیە وهەولێر و سلێمانی، هەر لە درێژەی کار و هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی بەشیک لە پێداویستی تەندروستی و پەروەردەیی لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە سەرجەم ئەو پێداویستانە بە پێ پێویست بەسەر نەخۆشخانەوە ناوەندەکانی خوێندنی دابەش کردووه‌‌.

 نینا لە دیمانەیەکی رۆژنامەی هەولێر باسی لە چۆنیەتی کۆکردنەوەی ئەو هاوکاری و پرۆژانه‌ی داهاتووی لە کوردستان دەکات و كاره‌ خێرحوازییه‌كانی داهاتووشی ئاشكرا ده‌كات.
* سەرەتا با خوێنەران لە زمانی خۆتەوە بتناسن؟
ـ من ناوم نیان مراده ‌له شارۆچكه‌ی ڕانیه‌ له‌دایک بووم له‌ ساڵی 2002ـەوە له‌گه‌ل خێزانه‌که‌م له‌ وڵاتی ئوسترالیا ده‌ژیم.
* کەی به‌شداریی شاجوانی ئوسترالیات کردووه‌ و پلەی چەندەمت بەدەست هێنا؟
ـ ساڵی 2016 به‌شداریم کردووه‌ پله‌ی دووه‌می ده‌ست هێنا.
* ده‌ڵێن سەرەتا گرفتی به‌شداریكردنت بەناوی کوردستانەوە بۆ دروست کرا دواتر چۆن رێگەیان دایت؟
ـ راسته‌ داوایان کرد به‌ناوی عێراقه‌وه‌ به‌شداریی بکه‌م به‌ڵام وتم من کوردم ده‌مه‌وێت وه‌ک کوردێکی هه‌رێمی کوردستان به‌شداریی بکه‌م سه‌ره‌تا کێشه‌یان بۆ دروست کردم به‌ڵام ئاخری به‌ هه‌وڵ ماندووبوونێکی زۆر قبووڵیان کردم که ‌به‌ناوی کوردستانه‌وه‌ به‌شداریی بکه‌م.
* چۆن بیرۆکه‌ی خۆكاندیدكردنت بۆ شاجوانی لا دروست بوو؟
ـ منیش وه‌ک هه‌موو کچێکی تر له‌ دونیا که‌ ئه‌و حه‌زه‌م هه‌بوو بۆ شاجوانی خۆم به‌ربژێر بكه‌م و خۆشبه‌ختانه‌ توانیم پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بێنم.
* تا چه‌ند بڕوات به‌خۆت هه‌بوو که نزیک بیت له‌ به‌ده‌سهێنانی تاجی شاجوانی؟
ـ زۆر بروام به‌خۆم هه‌بوو، دووهه‌فته‌ هه‌موو کاندیده‌کان له‌ هۆتێلێکی پێنچ ئه‌ستێره‌ له‌ شاری سدنی له‌ژێر تاقیکردنه‌وه‌ی که‌لتوری بوین ته‌نانه‌ت ستافی رێکخسته‌که‌ش زۆر سه‌رسام ببوون به‌که‌لتووری کوردی زۆر زیاتر حه‌زیان لێ بوو ئاشنا بن به‌ که‌لتووری کوردی منیش به‌پێی ئه‌وكاته‌ی، که‌ هه‌بوو وه‌ک پشوو بۆمان دیاری کرابوو، باسی کورد و هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌م بۆ کردن که‌ له‌ ڕابردوو له‌ ژێرده‌ستی دیكتاتۆره‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراق چه‌شتوومانه‌ زۆر شتی تر، به‌ڵام پێم وتن که‌ وڵاته‌که‌مان ئازده‌ چه‌ندان‌ ئایین و که‌لتوری جیاواز له‌ هه‌رێمه‌که‌مان له‌ ژێر چه‌تری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌بێ جیاوازیی ژیان به‌ ئاسووده‌یی تێپه‌ڕ ده‌که‌ن.
* مەرجەکان بۆ به‌شداریكردنت لە ڕێوڕەسمی شاجوانی لە ئوسترالیا چی بوون؟
ـ ده‌بێت به‌زمانی دایک قسه‌بکه‌یت و ده‌بێت جلوبه‌رگی خۆت هه‌بێت و نمایشی پێوه‌ بکه‌یت و ئاڵای وڵاته‌که‌ت هه‌بێت شاره‌زایه‌کی باشت له‌ که‌لتوری وڵاته‌که‌ت هه‌بێت نابێت شوت کردبێت وهیچ جۆره‌ تاتۆیه‌ک له‌ جه‌سته‌دا هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نابێت هیچ جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی جوانکاریشت کردبێ له‌گه‌ل ئه‌مشدا شه‌ش دادوه‌ر دانیشتوون پرسیاری جۆراوجۆرت لێده‌که‌ن هه‌موو پرسیاره‌کانێش نمره‌ی خۆیان له‌سه‌ره‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌نگدانی ئۆنلاینش هه‌یه‌ واته‌ خه‌ڵک ده‌توانێت به‌شداریی له‌ ده‌نگداندا بکات.
* تا چه‌ند ئه‌و ره‌خنانه‌ت قبووڵه‌ که‌ زۆرجار رووبه‌روی شاجوانه‌که‌ن ده‌بێته‌وه‌ لە دونیا که‌ ده‌ڵێن شایسته‌ی نازناوه‌که‌ نه‌بوون؟
ـ هه‌موو وشه‌یه‌ک که ‌له‌ده‌م دێته‌ ده‌رێ دوو ڕووی هه‌یه‌ رووی گوڵ و‌ ڕووی ره‌خنه‌، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ش دوو جۆره‌ هه‌یه‌ ڕووخێنه‌ر و دروستکه‌ر، ره‌خنه‌ی دروستکه‌ر ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌یگرنه‌به‌ر که ‌هه‌ستێکی جوانیان هه‌یه‌ رێگایه‌کی جوانت نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ره‌خنه‌ی روخێنه‌ر ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌یگرن، که‌ هێچیان پێ نیه‌ و ڕێگه‌ له‌ خه‌ڵکیش ده‌گرن.
* بەدەر لە کارەکەت وەک شاجوان ئێستا بە چ کارێکی ترەوە سەرقاڵیت؟
ئێستا له‌ ڕێکخراوی رۆته‌ری جیهانی که‌ خۆم ئه‌ندامی فه‌خری ئه‌و ڕێکخراوه‌م که‌به‌رده‌وام خه‌ریکی ناردنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یم بۆ‌ کوردستان.
* هۆکاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ت بۆ كوردستان له‌ پێناو چی بوو؟
ـ له‌ هاتنه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ ویستم خۆم له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه ‌و به‌شیک له‌ قوتابخانه‌ و باخچه‌ی ساوایان بکه‌م بزانم ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی که‌ پێشتر ناردوومن گه‌یشتوونه‌ شوێنی مه‌به‌ست و تا چه‌ند سوودمه‌ندبوون لێیان.
* ئەو كه‌لوپه‌ل و هاوکاریانە چی بوون و لە کوێت بەخشین؟
ـ ده‌زگای دی سی شۆک له‌گه‌ل کۆمپیوته‌ر بۆ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌که‌لی له‌ هه‌ولێر و نه‌خۆشخانی هیوا له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک دیاری بۆ منداڵانی توشبوون به ‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ کوردستان، له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژی ده‌نگخۆش دینا توانیمان به‌سه‌ریاندا دابه‌ش بکه‌ین و که‌مێک دڵیان خۆش بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش له‌رووی په‌روه‌رده‌وه‌ توانیمان جلوبه‌رگی خوێندنی و که‌لوپه‌لی په‌ڕاوگه‌ و پێداویستییه‌كانی خوێندن بۆ چه‌ند قوتابخانه‌یه‌کی شارۆچكه‌ی رانیه‌ دابین بکه‌ین، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک جلوبه‌رگی وه‌رزشی به‌سه‌ر یاریزانانی وه‌رزشی له‌ رانیه،‌ بۆ باخچه‌ی ساوایانیش توانیمان گواره‌ و ملوانکه ‌و یاریی منداڵان به‌سه‌ر 18 باخچه‌ی ساوایان دابه‌ش بکه‌ین، 40 مه‌کینه‌ی خه‌یاتی به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا دابه‌ش بکه‌ین که‌ به‌شداریی خولێکی دوورمانیان له‌ رانیه‌ کرد بوو.
* دایک و باوکت تاچەند هاوکارتن لە کار و پڕۆژەکانت؟
ـ باوکم له ‌سه‌ره‌تای کاردکردنم تا ئێستاش له‌ کاره‌خێرخوازیه‌کانم هاوكارمه‌ و ده‌توانم بلێم سه‌رکه‌وتنی خۆم له‌ باوکمدا ده‌بینمه‌وه‌.
* ئایا هیچ جۆرە نەشتەرگەریەکی جوانكاریت كردووە؟
ـ نه‌خێر، تا ئێستا هیچ جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌کم نه‌کردووه‌.
* نێوانت لەگەڵ شاجوانەکانی کوردستان چۆنە؟
ـ هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ ئه‌خوازم داوایان لێ ده‌که‌م چ شتێک ده‌بێته‌ هۆی پێشکه‌وتنی وڵاته‌که‌مان پاراستنی ئازادی و یه‌کسانی بیکه‌ن و رۆڵیان هه‌بێت.
* نینا چ خه‌ونێکی تری هه‌یه‌ که‌ نه‌هاتبێته‌ دی؟
ـ خه‌ونی من فراوانکردنی کاره‌خێرخوازیه‌کانمه‌ له‌ کوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ سێکته‌ری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی، که ‌ئه‌مه‌ش زۆر پێویسته‌، ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ش لێره‌ بڵێم پرۆژه‌ی داهاتووم نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی چوار قوتابخانه‌یه‌ له‌ شاری رانیه‌ و کردنه‌وه‌ی ئۆفیسێکی رۆته‌ره‌ له‌ کوردستان و توانیومانه‌ له‌ سێکته‌ری ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری رایه‌ڵ بۆ که‌لتووری جیهانی دروست بکه‌ین بۆ هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ بۆ ماوه‌یه‌کی کورت پێویستان به‌ که‌لوپه‌لی پزیشکی هه‌بێت بیبه‌ن و سوودی لێ وه‌ربگرن و دواتر بیگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌نته‌ری رایه‌ڵ له‌ رانیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێکی تر سوودی لێ ببینێت.

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 10 تشرینی یەکەم 2019 06:49
© 2017 Hawler