تشرینی یەکەم 17, 2019

ميهران شیری، درامایەک لەسەر قارەمانێتیی دژەتیرۆر و وڵاتپارێزان بەرهه‌م دێنێت

دوای ئەوەی وەک یەکێک لە ئەکتەرە ھەرە بەرچاوەکانی کوردستان لە درامای (دووپشک) دەرکەوت، ھونەرمەند و سیناریست (میھران شیری) ئێستا کار بۆ بەرھەمێکی درامی دەکات، کە لە نووسین و دەرھێنانی خۆیەتی و کارە ھونەرییەکانیشی لە لایەن کۆمپانیای (سام پڕۆدێکشن)ـەوە بۆ جێبەجێ کراوە، بڕیاریشە بە چەند زنجیرەیەک پێشکەش بکرێت، ناوەڕۆکی ئەو درامایەش باس لە گەورەیی پیاوانی دژە تیرۆر و وڵاتپارێزان دەکات، کە چۆن بەرەنگاری دوژمنانی کورد بوونەتەوە.

(پشتیوان عەبدوڵا) بەڕێوەبەری ئەو بەرھەمە درامیە لە لێدوانێکی بۆ (ھەولێر) ڕایدەگەیەنێت: ھونەرمەند (میھران شیری) وەک یەکێک لە ھونەرمەندە بە سەلیقەکانی بواری نواندن و درامای کوردی، ئێستا سەرگەرمی کۆتاییھێنانە بە درامایەک، کە باس لە قارەمانێتی دژە تیرۆر و ئاسایشی نەتەوەیی دەکات، کە ساڵانێکە بە خوێنی سووری خۆیان بەرگری لە نیشتمان دەکەن و تا ھەنووکەش توانیوویانە گەورەترین شکست بە تیرۆرستان بێنن و کوردستان وەک یەکێک لە ناوچە ئارامەکانی دنیا نیشانی وڵاتانی دنیا بدەن.
گوتیشی: چەندین ئەکتەری ناسراوی کورد تێیدا بەشدار دەبن، کە وەک جەنگاوەرێک لەو درامایەدا ڕۆڵەکان بەرجەستە دەکەن، لەو سۆنگەوەش دەبێت سوپاسی گەرمی کۆمپانیای ھونەری (سام پڕۆدێکشن) بکەین، کە بەشێوەیەکی زۆر جوان کارە ھونەرییەکانی ئەو بەرھەمەی گرتووەتە ئەستۆ لە داھاتووێکی نزیکیشدا دەبێتە میوانی ماڵەکان.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler