تشرینی یەکەم 17, 2019

هه‌گبه‌ی كاریكاتێریی هەندرێن خۆشناو لە باکۆ

هەروەک ئاشکرایە، کە ناوە ناوە هونەرمەندێکی کورد بە چالاکییەکی هونەری بە ناوی کوردەوە بەشداری لە بۆنەیەکی نێودەوڵەتی دەکات، ساڵانە چه‌ندین بەشداری لەم جۆرەی هەیە، و چەندین خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە، ئەویش هونەرمەندی ناسراو شێوکار و کاریکاتێریست (هەندرێن خۆشناو)ـە.

تا ئێستایش نزیکەی شەست بەشداریکردنی لەم بۆنە نێودەوڵەتیانە هەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بێجگە لە بەشداری و کار و چاڵاکییە ناوخۆییەکانی کوردستان، ئەوەی کە جێگای شانازی و دەستخۆشیە کە ئەو هونەرمەندە کوردە، دەیان ساڵە لە بواری هونەردا ماندوونەناسانە بەردەوامە لەکارکردن و خزمەتکردندا، بەبێ هاوکاری و لەسەر ئەرک و ماندووبوونی خۆی ئەو کار و چاڵاکییانەی ئەنجامداوە و بەردەوامیشە.
سەبارەت بە دوایین چاڵاکی خۆی (هەندرێن خۆشناو) بۆمان (ھەولێر) گوتی: دوایین چالاکی هونەریم لە دەرەوەی کوردستان، بەشداریکردن بوو لە یەکەمین فێستیڤاڵی کاریکاتێریی کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ئەنجامدرا، ئەم فێستیڤاڵە تایبەت کرابوو بۆ ئەکتەر و راگەیاندنکاری ناسراوی ئازەری (بەهرام عارف باقرزادە)، (سەیران جەفەرلی) کە کاریکاتێریستێکی ناسراوی ئازەربایجانە، هەواڵی ئەم فێستیڤاڵەی بۆ ناردم و بۆ بەشداریکردن، چونکە پێشتریش لە چەند بۆنەیەکی تر لە ئازەربایجان بەشداریم کردبوو، منیش بە کاریکاتێرێک بەشداریم کرد، کارەکەی ئەمجارە گەڕانەوە بوو بۆ شێوازی ڕەش و سپی، بەڵام بە تەکنیک و ستایلێکی جیاوازەوە، خۆشبەختانە بووە جێگای رەزامەندی ئەندامانی لێژنەی هونەری فێستیڤاڵەکە، کە لە شەش هونەرمەند لە شەش وڵاتی جیاوازەوە و خودی بەهرام باقرزادە پێکهاتبوو. هیوادارم کە توانیبێتم بەقەد توانای خۆم خزمەت بە گەل و میللەتەکەی خۆم کردبێت، و ناوی کوردم خزاندبێتە نێو ناوی گەلانی ترەوە، لەم بۆنە نێودەوڵەتیە فرەنەتەوەییانەوە، زۆر سوپاس بۆ ئەو برادەرانەی کە ویستیان لەگەڵیاندا بەشداربم

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler