تشرینی یەکەم 17, 2019

عەزیز شاڕووخ: مامۆستای قوتابخانەیەک بووم لەسەر شۆڕشی ئەیلوول دەریانکردم

هونەرمەند عەزیزی شاڕووخ ناوێکی دیاری نێو هونەرو گۆرانی کوردییە و خاوەن چەندین بەرهەمی جوان و ناوازەیه.

شاڕووخ لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی (هەولێر)ـدا وەڵامی چەند پرسیارێکی دەبنەوە سەبارەت بە ژیانی خۆی و کارە هونەرییەکانی ڕووبەڕوومانکردەوە.
• شاڕووخ بەمانای چی دێت؟
 ناوم عەزیز شاڕووخە، بە مانای ڕووی جوانی دێت واتە شاڕووخسار، یان روخساری وەك شا بە ناوی کوری نادر شا کراوم، زۆربەی خەڵک بەهەڵە ناوم دەهێنیت دەڵێت عەزیز شاڕووخ.
• بۆ ناوی شاهرۆخت هەڵبژارد بۆ نازناوی هونەری؟
خۆم ئەو ناوەم هەڵنەبژاردووە کاتی ناسنامەی باری شارستانیان بۆ دەرهێنام، بەڕێوەبەری ناسنامە ڕەفیقی نزیکی باوکم بوو، ئەو ئەم ناوەی بۆ دانام، ئیتر دوای ئەم ناوە هەم بوو بەناوی خۆم هەمیش نازناوی هونەریم.
• بۆبەرهەمی تازەت نیە؟
تاکو ئێستا چوارسەد ئاهەنگم هەیە و چوار ئێم پی سریم هەیە بەسە ئیترپێم زۆرە، ئاهەنگ و کارە هونەرییەکانی هێند زۆرن هەموو بوون بە ناسنامەی کارە هونەریەکانم.
•  ئایا لەبەر کەوتنە تەمەن بەرهەمی نوێت نییە؟
نەخێر گۆرانی گوتن کات و ساتی خۆی دەوێت وەکو بڵێیت، کەی حەوسەلەم هەبێت گۆرانی دەڵێم، ساڵی پار بەژداری کۆنسێرتێک بووم.
• ئەی دەنگت وەک خۆی ماوە؟
بەڵێ، دەنگم هەروەکو خۆیەتی و گۆڕانکارییەکی وای بەسەر نەهاتووە بەبەراورد لەگەڵ جاران.
• کارو پیشەی ڕۆژانەت چۆن بەسەر دەبەی؟
من تۆمارگام هەیە ڕۆژانە لەم تۆمارگایە کاردەکەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم دابین بکەم، من هیچ کاری ترناکەم، کاری من گۆرانی گوتن نییە، من کاتی خۆی مامۆستا بووم لە قوتابخانە لە زەمانی شاه، سێ ساڵ زیندانی کرام لەسەر شۆڕشی ئەیلوول لە قوتابخانە دەرکرام، هەوڵم داوە کاری تر بکەم. دووكانم بە کرێ گرتووە کارم لەناو کردووە سەوزەفرۆشی کردووە. شوفێری تەکسی بوومە. چەند کۆنسێرتم کردووە . گوتم با ناو و دەنگم ون نەبێت و شوێنەوارێکم هەبێت.
• بۆ لەسەر شۆڕشی ئەیلوول دەرکراوی و چۆن بەشداریت لە شۆڕشی ئەیلوول کرد؟
بەشداریم نەکرد لە شۆڕشی ئەیلوول تەنیا یارمەتمان بۆ کۆدەرکردنەوە و ڕەوانەمان دەکردن.
•    بەشداری ئاهەنگ و شاییت کردووە؟
هەموو گۆرانییەکانم بە ئارەزووی خۆم گوتووە. بەشداری شایی و دانیشتنەکانم نەکردووە.
• تەنیا بەرهەمەکانی خۆت لەو دووكانە دەفرۆشیت؟
نەخێر بەرهەمی هەموو هونەرمەندانی کورد دەفرۆشم.
• دەنگی کامە هونەرمەند لای تۆ جێگەی سەرنجە؟
ئەو دەنگەی منی بزاوتووە دەنگی سیازاری کوردستانی بوو، دواتر مامۆستا تاهیر تۆفیق و مامۆستا دیلان و هونەرمەندی بادینی حەسەن جەزراوی مەقامبێژ بوو ئەم دەنگانە زۆر ناخیان دەهەژاندم.

 

عه‌بدولقه‌هار ھەولێری

© 2017 Hawler