تشرینی دووەم 15, 2019

بڵند عەبدوڵڵا: زۆر جار هەستی من بۆ میوزیك لە گۆرانی باڵاترە و پێم خۆشە هەمیشە كاری میوزیكم هەبێت!

هونەرمەندی گۆرانیبێژ بڵند عەبدوڵلا نوێترین بەرهەمی گۆرانی خۆی لە ژێر ناوی "یەكەم جارە" ئەو بەرهەمە ئاوازەكەی خۆی دایناوە، هۆنراوەكەی رەنج سەنگاوی دایناوە، لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوكرایەوە، لە میانەی لێدوانێكی تەلەفۆنی دا هونەرمەند بڵند بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژەی بۆ چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی كرد بەتایبەتی بەرهەمهێنانی چەند گۆرانییەكی تازەی خۆی، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، كە بەنیازە بەرهەمێكی میوزیكی بە كلیپ بڵاو بكاتەوە.

لە دەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا لە بارەی بڵاوكردنەوەی ئەو گۆرانییە تازەی گوتی: "ئەو گۆرانییە یەكەمین بەرهەمی تازەی منە، ساڵی 2019 بە ناوی "یەكەم جارە" تێكستی بەرهەمەكە رەنج سەنگاوی دایناوە و، ئاوازەكەیشی خۆم دامناوە، پەیامی گۆرانییەكەش تەنها بۆ ئەوەیە ئێمەی پیاوان پێویستە ڕێزی هاوسەرەكانمان بگرین، چونكە هاوسەر بەشێكی هەرە گرنگ و جوانە لە ژیانی ئێمەی پیاواندا، بۆیە من ئەو بەرهەمەم كردووە بە پەیامێك بۆ ئەوەی چیتر هاوسەرەكان لە یەكتری جیا نەبنەوە. بە ڕاستی ئەو رێژە زۆرەی جیابوونەوە لە كوردستان جێگەی داخە، هیوام وایە كەم ببێتەوەو هەر نەمێنێت!".
لەبەشێكی دیكەی قەسەكانیدا هونەرمەند ئەوەشی گوت: "ئەو بەرهەمە لە وڵاتی ئیتاڵیا لەسەر ئەركی خۆم بە شێوازێكی سەردەمیانە كلیپم كردووە و بە سپۆنسەری ئۆری میدیا بەرهەم هاتووە. لەرووی میوزیك و تۆماركردنەوە تا دەگاتە كلیپكردنەكەی، هەر خۆم سەرپەرشتیم كردووە. ئەو بەرهەمە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، بەبێ جیاوازی لە رێگەی هەموو كەناڵەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوم كردەوە!".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا ئەوەشی راگەیاند: "جگە لەو بەرهەمە گۆرانییەكی دیكەشم تۆمار كردووە، لە ژێر ناوی بەیەك ناگەین ئەو گۆرانییە كاری تۆماركردنی تەواو بووە، بەشێكی لە كاری ڤیدیۆ كلیپەكەشی تەواو بووە، تەنها بەشێكی ماوە و، هەوڵ دەدەین لە وڵاتی سوید لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەكانی تەواو بێت، بەرهەمەكە كارێكی جیاواز و تایبەتە، هۆنراوەكەی شاعیر سەركەوت رەسوڵ دایناوە و، ئاوازەكەیشی خۆم دامناوە. كاری میوزیكی لەوڵاتی سوید كراوە. لەكات و ساتێكی گونجاودا ئەو بەرهەمەش بڵاو دەكەمەوە، كە ئەوەشیان هەر لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆم بەرهەم هاتووە".
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی بەشێوەی "سینگل" گوتی: "دیارە دەمێكە هەبوونی بەرهەمهێنانی گۆرانی بەشێوەی ئەلبوم لەلای زۆرێك لە هونەرمەندان بووە، بە كارێكی سەخت و دژوار، چونكە بەرهەمهێنانی گۆرانی كارێكی ئاسان نیە، بەرهەمهێنانی چەند گۆرانییەك و كۆكردنەوەی لە سیدیەكدا پێویستی بە خەرجییەكی زۆرە و، ئینجا نەبوونی كۆمپانیایەك بۆ ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەوەشیان بۆ خۆی ئەرك و ماندووبوونێكی دیكەیە لەسەر شانی هونەرمەند، پاشان بابەتی "كۆپی رایبت" ئەوەشیان بۆ خۆی خەمێكی چەند ساڵەیەو تائێستاكە چارەسەری نەبووە، بۆیە پێم وایە بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكان بەشێوەی تاك "سینگل" باشترەو گونجاوترە".
هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا جار جارە بەرهەمێكی میوزیكی بە كلیپ بڵاو دەكردەوە. ئایا لەمەودوا بیر لەكاری لەو شێوەیە ناكاتەوە؟ لەو بارەیەوەش گوتی: "میوزیك بەشێكی زۆر گرنگ و گەورەیە لە ژیانی من، چونكە ئەگەر میوزیك نەبوایە ئەستەم بوو، بتوانم گۆرانی بڵێم، لە هەمان كاتدا ئەگەر شارەزاییم لە بواری میوزیك نەبوایە، زۆر بە زەحمەت دەمتوانی میوزیكی گۆرانییەكانم بەو شێوازە بەرهەم بێنم. بۆیە من هەمیشە میوزیك بە بەشێكی گرنگ لە ژیانی هونەری خۆم دادەنێم، زۆر جار هەستی من بۆ میوزیك لە گۆرانی باڵاترەو پێم خۆشە هەمیشە كاری میوزیكم هەبێت، لە داهاتووشدا بەنیازم كارێكی میوزیكی باش بە شێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاو بكەمەوە".
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا دانیشتووی وڵاتی سویدە و، دوای ماوەیەك بێدەنگی لە گۆرانیگوتن، دوایین بەرهەمی گۆرانیی خۆی لە گەڵ هونەرمەند ئەیوب عەلی بە شێوەی "دوێت" ساڵی 2018 بە ناوی بەڵێ عاشقم بڵاو كردەوە.

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler