تشرینی دووەم 13, 2019

من یەكەمین عودژەنم لە شاری هەولێر كە بە شێوەی ئەكادیمی ئەو ئامێرەم ژەنیوە

هونەرمەندی موزیكژەن مامۆستا (جەمال هیدایەت) نزیكەی نیو سەدەیە لە خزمەت ئاواز و موزیكی كوردی دایە و تەمەنێكی دوور و درێژی لەو پێناوەدا بەسەر بردوە و دامەزرێنەری هەردوو تیپی موزیكی دەرسیم و هونەری هەولێر بووە و لە ژانی وەزیفیدا چەندین پلە و پۆستی هەبووە كە دیاترینیان بۆ ماوەیەكی زۆر بەڕێوەبەری چالاكی قوتابخانەكان بووە و لەو ڕێگایەوە چەندین قوتابی فێری موزیك كردوە، ئێستاش خانشینە و ڕۆژانە لەگەڵ دۆست و برادەران دوا ساتەكانی تەمەنی خۆی بەسەر دەبات، ئەو هونەرمەندە كەسێكی بەرێز و قسە خۆشە و حەز بەوە دەكات ڕابردووی ژیانی هونەری خۆی بگێڕێتەوە كە پڕ لە هەڵوێستی تاڵ و شیرین، من زۆر جار لە نێو بازاردا دەیبینم و سڵاوێكی لێ دەكەم، بەڵام ئەمجارەیان بۆ چەند تاوێك بەیەكەوە دانیشتین كەمێ: بە چڕ و پڕی باسمان لە زۆر لایەنی هونەری جاران و ئێستای هونەر و موزیكی كوردی كرد.

چۆن لەگەڵ موزیك ئاشنا بووی؟
هەر مرۆڤێك لە ژیاندا جۆرە حەز و خولیایەكی پەنگ خواردوو لە ناخیدا هەیە و پێی خۆشە لە داهاتوودا پێی بگات بۆ ئەوەی ئەو حەزە تێنوویەی خۆی تێر بكات و لە پاڵ ئەوەشدا خزمەتێك بە دەوروبەر بگەیەنێت، بۆیە وەك هەموو جارێك لەو مامۆستا بەڕێزەم پرسی باشە مامۆستا چۆن لەگەڵ موزیك ئاشنا بووی و حەزت چووە ئەو بوارە كە زۆرێك لە خەڵكی خۆزگەی بۆ دەخوازێت؟ ئەویش لەوەڵامدا گوتی حەز و ئارەزووی من بۆ موزیك و ئاواز و گۆرانی بێ سنوور بوو، لێتانی ناشارمەوە ئەو كاتە مۆسیقا و گۆرانی گوتن لە كۆمەڵگەی ئێمە گەلێك عەیبەكی گەورە بوو پێیان دەگوترا (چاوەش) بەڵام ئێمە و مانان گوێمان پێ نەدەدا و نەماندەتوانی لە موسیقا دوور بكەوینەوە، من خۆم لە پەنجاكان لە ترسی تیر و توانجی كۆمەڵگە عودەكەم دەشاردەوە و بە دزیەوە موسیقام دەژەنی.

یەكەمین عودژەن لە شاری هەولێر
هەر موزیكژەنێك پێی خۆشە جۆرە تایبەتمەندییەك لە ئامێرێكی موسیقا وەربگرێت بۆ ئەوەی داهێنانی تێدا بكات، هەر بۆیە مامۆستا جەمال هیدایەت باسی لەوەش كرد و گوتی من لە ساڵی 1952 لەژێر دەستی دوو مامۆستای بە ئەزموون فێری موزیك و ئامێری عود بووم كە یەكێكیان فەڵەستینی بوو ئەوەی دیكەیان میسری بوو، بەڵام بەهۆی گەورەیی تەمەنمەوە ناویانم بیر نەماوە، بۆیە دەتوانم بڵێم من یەكەمین عودژەنم لە شاری هەولێر كە بە شێوەی ئەكادیمی ئەو ئامێرەمژەنیوە و تا ساڵی 1968 لەگەڵیدا بەردەوام بومە، ئێستاشی لەگەڵدا بێ خۆشەویستیم بۆ ئەو ئامێرە موزیكیە بێ سنوورە.

ئێستا ناتوانم عود بژەنم
مرۆڤ كە دەكەوێتە ساڵەوە یان تووشی ڕووداوێكی چاوەڕوان نەكراو دەبێ بەبێ ویستی خۆی لە حەز و ئارەزووەكانی دادەبڕێ و ناتوانێ وەكو پێشوو حەزەكانی خۆی تێر بكات، بۆیە كاتێ پرسیاری ئەوەم ڕوو بە ڕووی ئەو مامۆستا بەڕێزە كردەوە ئاخۆ ئێستا بەینی لەگەڵ ئامێری عود چۆنە و وەك پێویست دەیژەنێ؟ ئەویش بەدەم هەڵكێشانی ئاهێكی قووڵەوە گوتی بەداخەوە ماوەیەك لەمەوبەر ماتۆڕسكیلێك خۆی پێداكێشام و قۆڵی چەپم تووشی ئازارێكی زۆر هات ئێستاش بەو ئازارەوە دەتلێمەوە، جا بەو هۆیەوە ناتوانم وەكو جاران عودەكەم بگرمە باوەش و ئاوازی خۆش بژەنم، ئەگینا لەماڵەوە دوو ئامێری عود و كەمانێكم هەیە و جار جارە تەماشایان دەكەم و ئاخی بۆ هەڵدەكێشم و كەمێك سێبووریم پێیان دێ.

هونەرمەند نابێ بێ وەفا بێ
وەفا و وەفاداری ئاكارێكی زۆر جوان و قەشەنگە و مرۆڤ جوان و باڵا دەكەن و لەلای گەورە و بچووك خۆشەویستی دەكەن، بۆیە زۆر گرینگە مرۆڤی هونەرمەند بەر لە هونەرەكەی وەفادار بێت، بۆیە هەر لەماوەی قسەكردن و گفتوگۆكانمان مامۆستا جەمال هاتە سەر ئەو ڕاستیە و گوتی: من وەك مامۆستا و شارەزایەكی موزیك توانیم قوتابیەكی زۆر پێبگەیەنم، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان بێ وەفا بوون و لە هیچ شوێنێك ناوی من ناهێنن وەك ئەوەی لە پڕێك بووبنە كوڕێك، بۆیە زۆر بە ڕاشكاویەوە دەڵێم هونەرمەند نابێ بێ وەفا بێت بەرامبەر بە مامۆستا و ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان وشەیەكیان فێر كردون، بۆیە من تا ئەو چركە ساتەی دەمرم مەمنوونی هەموو ئەو كەسانەم كە ڕۆژێك لە ڕۆژان وشەیەكیان فێر كردووم.
ڕیزلێنانی هونەرمەند(جەمال هیدایەت)
مرۆڤی هونەرمەند هەردەم حەز دەكات بەچاوی ڕێزەوە سەیر بكرێ هەتا ئەگەر ئەو ڕێزلێنانەی شتێكی ئاسایی بێت، بۆیە هونەرمەند لە ژیانی هونەری خۆیدا گەلەك جاران ڕێزی لێ دەنرێ و خەلات دەكرێ تا داهێنانی باشتر و چاكتر پێشكەش بكات و زیاتر بچێتە پێشەوە، بۆیە هونەرمەند هەمیشە فەخر و شانازی بەو چركە ساتانە دەكات كە تێیدا ڕێزی لێگیراوە، دیارە ئەو هونەرمەندە موزیكژەنە بە ئەزموونە چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە و ڕێزی لێگیراوە، دوا جاریش لە سێیەمین ساڵیادی ڕێكخراوی كوردستان فۆتۆ، بە چاودێری بەشدار عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، ڕێز لە هونەرمەندی بەئەزموونی موزیكژەن (جەمال هیدایەت) نرا كە سالانێكی زۆرە لە بواری هونەری موزیكدا كاری كردوە و دامەزرێنەری هەردوو تیپی موزیكی دەرسیم و هونەری هەولێر بووە، هەر لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێو ڕەسمەكە ئەو هونەرمەندە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە هێمای بۆ ئەوە كرد من ئێستا هەست بەوە دەكەم كە ئەو هەموو ماندووبوونەم كە بۆ هونەری موزیك كردوومە بەهەدەر نەچوە و سوپاسی ڕێكخراوی كوردستان فۆتۆش دەكەم كە ئەو ڕێو ڕەسمەیان بۆ من سازكرد ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە وەفادارن و ڕێزی هونەریان لایە و ئومێدی سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler