ئەیلول 21, 2019

ڕامبۆدوا فیلمی بەناوی (لاست بلەد) نمایش كرا

ڕاستە ناوی ئەكتەری سینەمایی جیهانیی (سیلفیستەر ستالۆن)ە، بەڵام ئێمە لەنێو سینەما و دنیای فیلمسازی بە ڕامبۆ دەیناسین و ئاشنایەتی تەواومان لەگەڵیدا هەیە و هەمیشە بە سۆزەوە باوەشمان بۆ فیلمە یەك لە دوای یەكەكانیدا كردۆتەوە، بەو دواییەش كۆتا فیلمی خۆی بەناوی (لاست بلەد) نمایش كرد كە جیاوازە لە فیلمەكانی پێشووی و لە هەردوو وڵاتی ئەمریكا و مەكسیك بەرهەم هاتووە، شارەزایانی بواری سینەما و فیلمسازی لەوبارەیەوە دەڵێن ڕەنگە بەهۆی گەورەیی تەمەنەوە ستالۆن نەتوانێ ئیدی ئەو بارە قوورسە هەڵگرێ، بۆیە دەڵێ دوا بەرهەم. دەبێ بگوترێ ئەو ئەكتەرە سینەماییە جیهانیە ناوی تەواوی (مایكل سیلفیستر جارینزو ستالۆن) ە و یەكێكە لەو ئەكتەرە سینەماییە باڵایانەی كە لەسەر ئاستی جیهاندا حیسابێكی تایبەتی بۆ دەكرێ و  ساڵی 1946 لە ولایەتی نیویوۆركی ئەمریكی لە دایك بوە و بە دەوڵەمەنترین ئەكتەری سینەمایی ناو دەبرێ كە سامانەكەی پتر لە 400 ملیۆن دۆلارە كە لە ڕێگای بەرهەمهێنانی فیلمەكانی دەستی كەوتوە، ستالۆن جگە لە كاری نواندن دەستێكی باڵاشی هەیە لە دەرهێنان و سیناریست و بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و تا ئێستا لەو بوارەدا چەندین خەڵاتی جۆرا و جۆری بەدەستهێناوە كە دیاترینیان كە خودی خۆی شانازی پێوە دەكات بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسكار بوو ساڵی 1977 لە فیلمی رۆكیدا، ستالۆن بۆ یەكەم جار لە سینەما نزیك بۆوە و بە فیلمی (بورنو) ناوبانگ و شوهرەتی پەیدا كرد و بوە ژمارەیەكی بەرچاو لە دنیای سینەمای جیهانی، دواتر بە فیلمەكانی ڕامبۆ زیاتر چووە پێشەوە، دوابەدوای ئەویش چووە بواری كۆمیدیا، ئەگەرچی لە زۆربەی فیلمەكانیدا شەڕ و جەنگی زۆری تێدا بەرپا كراوە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler