ئەیلول 21, 2019

• دوێنێ بە ڕێکەوت ھەواڵێکی وەرزشیم لە یەکێک لە میدیاکاندا کەوتە بەرچاو، کە باسی لە ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرژەنتینی و بەرشلۆنەی ئیسپانی (لیۆنێل مێسی) دەکرد، کە ئەویش ئەوەیە: لەو دوورگەیەی کە ماڵەکەی ئەو یاریزانەی لێیە نابێ بە ھیچ شێوەیەک فڕۆکەی بەسەردا بڕوات، بەھۆی ئەوەی کاتەکانی (مێسی) زۆر کەمن بۆ کۆبوونەوە و گەشت لەگەڵ منداڵ و خێزانەکەی، تەنانەت ڕۆژانە 2 کاتژمێری بۆ مەلەوانی لەگەڵ کوڕەکەی دا دەبێت و ھەموو ڕۆژێکیش مەشقی پێدەکات کە پێچەوانەی خۆی ھاندەری مەدریدە.
• جگە لەوانەش مێسی عاشقە بە موزیک و گۆرانی و ھێمای موزیکی لە جەستەی خۆی دا بە تاتۆ نەخشاندووە، بە فرۆکەی خۆشی نەبێت ناچێتە وڵاتەکەی، کە فڕۆکەکەی 16 کەس ھەڵدەگرێت و بە ویستی ئەو دروست کراوە و ھەر گەشتێکیش بکات بۆ کارە بازرگانیەکانی دەیان ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت.
• تا ئێرە ژیانی ئەفسانەیەک بوو، بەڵام پێچەوانەکەی گەورە ھونەرمەندێک ھەیە لە بواری کۆمێدیا، کە دەمێکە بە جووڵە کۆمێدییەکانی دەمانخاتە پێکەنین، بەڵام ئەو لە ناخی خۆی دا ھەمیشە دەگریت!.
• ئەو ھونەرمەندە (ئەیام ئەکرەم)ـە، کە لە نێوەندی ھونەری بە (شەمۆ) ناودەبرێت، لە تەمەنی ھونەریدا دەیان و سەدان بەرھەمی پڕ لە چێژی پێشکەش کردووە لە بواری شانۆ و نواندندا، کەچی ئەمڕۆ، (شەمۆ)ـی پاشا لە کۆمێدیا، لەوپەڕی نا ئومێدی دا دەبینێرت، تەنانەت ئەوەش وایکردووە، کە ھەمیشە دووربێت لە چاوپێکەوتنی میدیایی و کامێراکاندا، چونکە ئەو دەیان خۆزگەی بەدی نەھاتووی ھەیە و گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە ھونەر لەو وڵاتە ھیچی لێ شین نابێ، تەنانەت بە ڕیشی سپی و سەری سەرتاپا بەفرین، خۆی و جگەرەکەی دەستی لەبەردەم ھۆڵی شانۆی ھەولێردا بەبێنازی ئازارەکانی خۆی لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەی دەستیەوە بەڕێ دەکات.
• مخابن، بۆ ئەو ڕۆژگارە تێکەوتین و ئەوان لەوێ لەوپەڕی بەختەوەریی دا بژین بە بۆنەی ئەوەی کە ھونەرمەند و وەرزشوانن، ھونەرمەندێکی وەک (شەمۆ)ـش ھەمیشە بە قورگی پڕ لە گریانەوە بڵێت، کەس نەیتوانی نازی ھونەرمەند ھەڵگرێت و لە برسیەتیشدا (نەوزاد ڕەمەزان، تەھا ئاغاجان، حەسکۆ، جەلال بەیار، بولبول) و دەیان ناوی جوانمان لە گۆڕنا!، تا ھەنووکەش کەس یادیشیان ناکاتەوە.

 

شیڤان شێرزاد

© 2017 Hawler