ئەیلول 21, 2019

لە رۆژی جیهانیی فۆتۆدا كە دەكەوێتە رۆژی 19ی ئابی هەموو ساڵێك، وەك كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستان دەستەی باڵا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم فۆتۆگرافەر و ئارەزوومەندانی كامێرا و فۆتۆ لەسەرجەم شارەكانی كوردستان دەكەین و هیوادارین لە كاری ناوازە و جوان و پێشكەشكردنی دیمەنە جوانەكانی كوردستان و وێنەی هەواڵی سەرنجڕاكێش بەردوامبن.

ئێمە وەك كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستان دەستەی باڵا پێمانوایە ئێستا و ماوەی چەند ساڵێكە دۆخەكە بەتەواوەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و لە كوردستاندا فۆتۆگرافەری بەتوانا و پڕۆفیشناڵی زۆر دروست بوون كە بەهرە و تواناكانیان هیچ لە فۆتۆگرافەرە جیهانییەكان كەمتر نییە ئەگەر باشتریش نەبێت بەڵگەش بەشداریكردن و بەدەستهێنانی پلەی بەرزی فۆتۆگرافەرەكانمانە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا، لەبەرامبەر ئەمەشدا بەڵێنمان داوە بە هەموو شێوەیەك وەك ئەوەی لە رابردوودا كردوومانە لە هاوكاریكردن و كردنەوەی خول و پێشانگا و دەستگرتنی فۆتۆگرافەر و ئارەزوومەندانی فێربوونی كامێرا بەردەوام بین و هەوڵیش دەدەین بە باشترین شێوە خزمەتی سەرجەم فۆتۆگرافەرانی كوردستان بكەین بەبێ جیاوازی لەسەرجەم شار و قەزا و ناحییەكانی كوردستان.
هەروەها لێرەشدا بە پێویستی دەزانین سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی وێنەگر دابنوێنین كە لەسەرجەم قۆناغەكانی خەباتی كوردستان و لە بەرەكانی جەنگ هاوشانی پێشمەرگە گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی خاكی پیرۆزی كوردستان لە پێناو گەیاندن و گواستنەوەی راستییەكان بۆ رای گشتی و جیهان، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری شەهیدان و وێنەگرانی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی بكەین داواكارین لە حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان هاوكار و پشتیوانمان بن كە بەداخەوە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە ئەركێكی گران و قورس كەوتۆتە سەرشانمان و لەسەر ئەرك و داهاتی تایبەتی خۆمان كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستان بەڕێوە دەبەین بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا سەرجەم ئەو پلان و بیرۆكانەی هەمانە بەباشترین شێوە پێشكەشی فۆتۆگرافەرانی كوردستان بكەین و لە كۆتاییشدا خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش بكەین.

© 2017 Hawler