ئاب 26, 2019

ئەحلام حەجی سەردانی خانەی نەوجەوانانی هەولێر دەکات

 لە میانەی کار و چالاکییە مرۆییەکانی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی (احلام الطفولة)، شاجوانی پێشووتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی سەردانی نەوجەوانانی کوڕ و کچانی هەولێری کرد و بەبۆنەی نزیک بوونەوەی جەژنی قوربانی دیاریی جەژنی پێشکەش کردن.
سەبارەت بەم سەردانەی ئەحلام حەجی بە (ھەولێر)ـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی نازناوی شاجوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم بەدەست هێنا، پەیامی من وەک شاجوانێک بریتی بوو لە یارمەتیدانی منداڵانی بێ نەوا و سەرپەرشت، بۆیە رێکخراوێکم دامەزراند بە ناوی (احلام الطفولة) بۆ یارمەتیدان منداڵان لە وڵاتی مەغریب، بەڵام دواتر بە پێویستم زانی کارەکانی ڕێکخراوەکە فراوانتر بکەم، بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاری منداڵانی چەند وڵاتێکی ئەفریقیم کرد، هەروەها سەردانی کەمپی هەرشەمم کرد لە پارێزگای هەولێر، کە تایبەتە بە ئاوارەکانی موسڵ و بەپێی ئەو توانایەی کە هەیە هاوکاریم کردن، دواتر لە شاری بەغداش چەند کارێکم بۆ منداڵان ئەنجامدا، هەروەها دوای ڕزگار کردنی شاری موسڵ بەشداریم لە هەڵمەتێکی ئاوەدان کردنەوەی شارەکە کرد کە بریتی بوو لە درووستکردن و نۆژەنکردنەوەی سەدان خانوو کە لە ئەنجامی شەڕەکاندا وێران ببوون.
سەبارەت بە سەردانی بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر (ئەحلام حەجی) گوتی: حەزم دەکرد ڕۆژی جەژن لەگەڵ ئەو کوڕ و کچانە بکەمەوە کە لە خانەی نەوجەواناندان، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانم بۆ جەژن لێرە بم بڕیارمدا پێش جەژن سەردانیان بکەم و دیاری جەژنیان پێشکەش بکەم، چونکە ئامانجی من ئەوەیە خەندە بخەمە سەر لێوی ئەو منداڵانە و ئەوەش پەیامی منە لە ژیان، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کە لە نێو ئەم نەوجەوانانەدا کەسانی بە توانا و زیرەک هەن لە گشت بوارەکاندا بەتایبەتی خوێندن کە سەرەڕای گرفتەکانیان لە ژیاندا ئومێد ئەوەیان لێدەکرێت کە کەسانی سەرکەوتوو و بن و سوودیان بۆ وڵاتەکەیان هەبێت.
هەر سەبارەت بە سەردانەکەی ئەحلام حەجی گوتی: لێرەدا دەمەوێ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتانی ئەم خانەیە بکەم بۆ ئەو ئەرکەی کە دەیگێڕن لە پێناو خزمەتکردنی ئەو کەسانەی لەو خانەدا ژیان بەسەر دەبەن و لەبەر هەر هۆکارێک بێت لە کەسوکار و دایک و باوکیان دابڕاون، ئەو خزمەتگوزاریانەی حکومەتی هەرێمی پێشکەشیانی دەکات مایەی رێز و تەقدیرن و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم لەو ئەرکەی مرۆییەدا.
ئەحلام حەجی هەروەها گوتی: ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانی جەنگ و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێو خێزان باجی هەڵەیەک دەدەن کە گەورەکان ئەنجامیانداوە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە بەتایبەتی کەسانی خواپێدا و رێکخراوەکان بە هەموو شێوەیەک کە هاوکارییان بکەن.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler