ئاب 26, 2019

یاد و وەفایەك بۆ هونەرمەندە باڵابەرزەكەم

شەش ساڵ لەمەوبەر هونەرمەند سەلاح باڵابەرز بەهۆی نەخۆشەیەكی سەختەوە ماڵئاوایی لێكردین و چووە بەر دلۆڤانی خوای گەورە. ئەو هونەرمەندە ناوی تەواوی سەلاح فەرەجە و لە ساڵی 1945 لە گەڕەكی قەزازەكانی شاری سلێمانی لە دایك بوە و تا ئامادەیی بەشی ئەدەبی خوێندەوە،لەبەر درێژی بەژن و باڵا و قامەتی نازناوی باڵابەرزیان بە باڵا بڕی، باڵابەرز پتر لە نیو سەدە بێ پسانەوە خزمەتی هونەری كوردی كردوە وەك شانۆ و دراما و فیلمی جۆرا و جۆر كە دیاترینیان ژاڵە و نامەكانی ئەشرەف و لە گوڵ كاڵتر و ڕەیحانە و چەندین بەرهەمی دیكە بوو، كاتێ لەسەرە مەرگ نزیك بۆوە و نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنی لەسەر جێگادا بەدەم هەنسكی گریانەوە دەیگوت كاتێ یەكێك دێتە لام و سەردانم دەكات زۆر دڵخۆش و بەختەوەر دەبم و وا دەزانم وزەیەكی تەواوم پێ دەبەخشێ، بەڵام لە هەمان كاتدا بەو پەڕی بێزارییەوە دەیگوت حەز دەكەم زوو بمرم، چونكە كەس وەك من بەرگەی ئەو ئازارە زۆرە ناگرێ، هەروەها نامەوێ منداڵەكانم بەهۆی منەوە ئازار بكێشن، ئەگەرچی هیچ درێغیان نەكردوە من زۆر لێیان ڕازییم، بەڵام لەو كاتانەی نەخۆش كەوتم نە خەوم هەیە و نەخواردنم بۆ دەخورێ و نە دەتوانم هەڵسمە سەر پێیەكانم، ئیدی ئومێدی چیم هەبێ بەو ژیانە، ئەو هونەرمەندە كۆچكردوە هەر لەو دیدارەی پێش كۆچی دوایی كەمێك گەڕایەوە بۆ سەردەمی منداڵی و گوتی: لەبیرمە بە منداڵی شەڕە گەڕەكمان دەكرد هەر بەو هۆیەوەش چەندین جار سەرم شكاوە، بەڵام لە هەمان كاتیش زۆر لەزەتم لێ وەرگرتوە، جێی ئاماژە بۆ كردنە ئەو هونەرمەندە مەزنە بەهۆی ئازاری نەخۆشیەكەیەوە ڕۆژی 17-7-2013 بۆ دوا جار چاوەكانی لێكنا و كۆچی دوایی كرد و ڕەوانی شاد بێت.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler