ئاب 26, 2019

(عەدنان كەریم): "كۆنسێرتەكەی هەولێری پایتەخت یەكێك بوو لە كۆنسێرتە سەركەوتووەكانی ژیانی هونەریم و جۆش و خرۆشی جەماوەری ئامادەبوو دڵخۆش و سەرفرازیان كردم!"

هونەرمەندی بە ئەزموونی گۆرانیبێژ (عەدنان كەریم) رۆژی هەینی رابردوو (12-7-2019) لە هەولێری پایتەخت، لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) ئێوارە كۆنسێرتێكی گەورەی جەماوەریی ساز كرد، ئەو ئێوارە كۆنسێرتە لەلایەن كۆمپانیای (ئیمپۆریا) رێكخرابوو، گرووپی میوزیكی (مەحوی) هاوبەشی ئەو كۆنسێرتەی هونەرمەند بوون.

 (عەدنان كەریم)ـی هونەرمەند لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكە لە هەولێری پایتەخت تایبەت بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی راگەیاند : ئەو ئێوارە كۆنسێرتە پرۆژەی زنجیرە كۆنسێرتێكە، بەنیازە لە چەند شارێكی كوردستان كۆنسێرت ساز بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لەدوای هەولێری پایتەخت لە شاری سلێمانی و پاشان لە دهۆك درێژە بە كۆنسێرتەكانی بدات.
لەدەستپێكی قسەكانی دا هونەرمەندی بە ئەزموون (عەدنان كەریم) لەبارەی سازكردنی ئەو زنجیرە كۆنسێرتانەی، كە بەنیازە ئەو ساڵ پێشكەشیان بكات، گوتی : "بەنیازم ئەو ساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی میوزیكی "مەحوی" زنجیرە كۆنسێرتێك لە شارەكانی كوردستان پێشكەش بكەین، دیارە هەولێری پایتەختمان وەك دەستپێكی ئەو پرۆژەیە دیاری كرد، سوپاسی رێكخەری كۆنسێرتەكە بەڕێزان لە كۆمپانیای (ئیمپۆریا) دەكەم توانیان ئامادەكارییەكی زۆر باش بكەن لە هەموو روێكەوە، دەتوانم بڵێم كۆنسێرتەكەی هەولێری پایتەخت یەكێك بوو لە كۆنسێرتە سەركەوتووەكانی ژیانی هونەرییم و جۆش و خرۆشی جەماوەری هەولێر دڵخۆش و سەرفرازیان كردم، بۆیە هەمیشە ئەوە دەڵێم و دەیڵێمەوە هونەر لە هەولێر و بۆن و بەرامی تایبەتی خۆی هەیە، رێزی هونەر لەم شارە ئازیزە بۆ من جێگەی تەقدیرە!".
هەر لەمبارەیەوە (عەدنان كەریم)ـی هونەرمەند ئەوەشی گوت : "ئەو كۆنسێرتە جەماوەرییەی هەولێری ئازیز، پەیامی ئەوەی بۆ دەرخستین، كە هێشتا حەز و خولیای جەماوەری كوردستان بۆ میوزیك و گۆرانیی ڕەسەن لە ئاستێكی باڵادایە، ئەوەی لە هۆڵی مامۆستا "سەعد عەبدوڵڵا" لە ئێوارەی رۆژی هەینی من بینیم جێگەی هەڵەوەستە لەسەركردن و شیكاریكردنە بەتایبەتی بۆ لایەنی پەیوەندیدار، پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە، ئیدی تا ئێرە بەسەو دەبێ لەمەودوا بەجددی ئاور لە هونەری ڕاستەقینەو ڕەسەنی ئەم وڵاتە بدرێتەوە، چونكە دەبێ ئەوە بزانین هونەر ناسنامەی میلەتە تكایە ئەم ناسنمایە ئیدی با ون نەبێت!".
(عەدنان كەریم)ـی هونەرمەند ئەوەشی گوت: "لە هۆڵی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكەدا (1300) كەس لە جەماوەری ئامادەبوو، ئەوەندە بە جوانی و بە ئارامی گوێیان بۆ گۆرانییەكانمو میوزیكی ژەنیارەكان گرتبوو، ئیدی من وامدەزانی هۆڵەكە كەسی تێدا نەماوە، تا گۆرانییەكەم تەواو دەكرد، ئینجا هەیەجان و خرۆشی جەماوەر پەیامی ئەوەیان بۆ دەناردم، ئیدی ئێمە ئەو هونەرە تێرمان دەكات و پێویستمانە!، بۆیە جەماوەری كوردستان دیارە و روونە چی دەوێت و بە دوای چیدا وێڵەو بەڵام بەزەحمەت دەستی دەكەوێت!".
هونەرمەند (عەدنان كەریم) لەبارەی درێژە دان بە كۆنسێرتەكانی ئەوەشی باس كرد : "بێگومان درێژەی دەبێت،پلانێكمان هەیە لەگەڵ كۆمپانیای (بابیلۆن میدیا)، كە لەم كۆنسێرتەشدا هاوكار و سپۆنسەری بەشێكی پرۆژەكە بوون، بەنیازین لە شارەكانی (سلێمانی و دهۆك)، ئەو كۆنسێرتانە بكەین بە زنجیرەیەك لە سەرەتای پایزی داهاتوو بەشێوەیەكی باش سازی بكەین، بەتایبەتی ئەوەی شاری سلێمانی لە ئایندەیەكی زووتردا سازی بكەین.".
لە بارەی هەبوونی بەرهەمی تازەی گۆرانیی خۆی هونەرمەند (عەدنان كەریم) ئەوەشی باس كرد : "ئەلبوومێكی گۆرانییم ئامادەییە كە پێك هاتووە لە (1) یەك تراك، گۆرانییەكی درێژەو (42) خولەكە، ئەویش تێكستێكی جوانی شاعیر (هێمن موكریانی)ـیە، بە ناوی (شەو با)، كاری میوزیكی لەلایەن هونەرمەند (كارزان مەحمود) ئامادە كراوە، لەلایەن گرووپی میوزیكی نیشتمانیی وڵاتی چیك ئامادە كراوە، ئەو بەرهەمەم بەشێوازێكی جیاواز لەهەموو روێكەوە كاری بۆ كراوە، ئێستاكە سەرجەم كارەكانی تەواو بووە، لە قۆناغی چاپكردندایە تا مانگێكی دیكە ئومێدم وایە بڵاو بكرێتەوە".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler