تشرینی یەکەم 16, 2019

بەشی کۆتایی

ئامادەکردنی تێکست:
ھەموو دەرھێنەرێک مافی ئەوەی ھەیە کە تێکستی نمایشەکەی بەو شێوەیە دابڕێژێتەوە کە تەبا بێت لەگەڵ ئەو جیھانبینی و دیدگا ھونەرییەی کە تیاییدا جەستەی نمایش و فەلسەفەی نمایش دادەڕێژێتەوە، دەرھێنەر ئازادە ئەو دیمەن و کارەکتەر و دیالۆگانە لاببات کە خزمەتی روانگەی ئەو ناکەن و ئیزافەیەک نابن بۆ ئەو فۆرمە ھونەرییە، بەڵام گرنگترین بونیاد لەم کارە ئەوەیە کە دەرھێنەر ئەم کارە بە ئاگاییەکی زۆرەوە بکات و گۆڕانکاری و ئیزافەو لابردن و بونیادنانەوە لەسەر بنەمایەکی ھزری و مەعریفی و ڕوانگەیەکی ھونەری و جوانکاری ئەنجامبدات، پێوەری سەرەکیش لەم کردارە سەخت و دژوارە، خەلقکردنی خوێندنەوەو تەفسیری جیاوازو ھاوچەرخە کە بتوانێت لەنێو گوتارێکی لۆژێکی و سەردەمیدا جارێکی تر بونیادی تێکست و فەلسەفەکەی بە بونیادی ئێستایی نمایش ببەستێتەوە.  مامۆستا رەزا عوسمان وەک دەرھێنەرو ئامادەکاری تێکست، کۆمەڵێک دەسکاری گرنگ و بنەڕەتی لە تێکستەکەی شکسپیر کردووەو ھەوڵی داوە سوود لەو رووبەرانە وەرگرێت کە تەبایە لەگەڵ ئەو فۆرمە شانۆییەی کە نمایشەکەی لەسەر بونیاد دەنێت، تێکستی نمایش بەشێوەیەکی بەرچاو بەر کرداری قرتاندن و کورتکردنەوە و لابردنی زۆر کەوتووە، تەنانەت زۆرێک لە کارەکتەرەکانی ئەم تێکستە وەک جەستەو ئامادەیی فیزیکی لابراون و بوونیان نییە، لەنێوان زیاد لە سی کارەکتەرلە تێکستەکەی شکسپیر، تەنھا چوار کارەکتەر لەنێو تێکستەکەی دەرھێنەر ماونەتەوە، کارەکتەرەکانیش بریتین لە ھەریەک لە (ماکبێس، لێدی، مەکداف و "سێ جادووکەرەکە_ئەمانە لەڕووی درامییەوە بە یەک کارەکتەر ئەژمار دەکرێن")، دەرھێنەر ئامادەیی جەستەیی زۆرینەی کارەکتەرەکانی بە زەروور نەزانیوە و ھەوڵی داوە تەنھا وەک کارەکتەری ئەودیو پەردە دەربکەون و بەشێوەی مەجازی مامەڵەی لەگەڵ کردوون.  من پێم وایە دەرھێنەر لە لابردنی زۆرێک لەم کارەکتەرانە رووبەڕووی کێشەی گەورە نەبۆتەوە، بەتایبەتیش کە ھەوڵی داوە زوومی سەرەکی بخاتە سەر ھەردوو کارەکتەری ماکبێس و لێدی لە لایەک و لە لایەکەی تریش کارەکتەری ھەرسێ جادووکەرەکە، کە دەرھێنەر لە رووبەرێکی ھزری تازەو ھاوچەرخ مامەڵەی لەگەڵ کردوون و تەوزیف و بونیادی جیاوازو تەبای پێبەخشیوون، بەڵام کێشەی گەورەی نمایش پەیوەستە بە ئامادەیی ھەندێ کارەکتەر کە دەرھێنەر نەیتوانیوە پێناسەو بونیادی درامیی روونیان پێببەخشێت، بۆ نمونە کارەکتەری (ماکداف_سەرکار ستار) کە لەدوایین دیمەنی نمایشەکە دەردەکەوێت، کارەکتەرێکی بێ رەھەندو نەناسراوەو بینەر ناتوانێت لە قووڵایی ئەم کارەکتەرە تێبگات و پەیوەندی ئەم کارەکتەرە بە ماکبێس و رووداوە درامییەکان لێکبداتەوە، لەبەر ئەوەی کورتکردنەوەی ئامادەیی ئەم کارەکتەرە لە دیمەنی کۆتایی بێ ئەوەی قۆناغەکانی گەشەسەندنی درامی ئەم کارەکتەرە بەر بینەر بکەوێت، ناتوانێت ئەو پێگەیەی ھەبێت کە لە تێکستەکە ھاتووەو بەتایبەتی کە بوونی ئەم کارەکتەرە بەدیھێنانی یەکێک لەو دوو مەرجەیە کە جادووكەرەکان کۆتایی ماکبێسیان پێی بەستۆتەوە.  من پێموایە کاتێ دەرھێنەر بیری لە ئامادەکردنی ئەم تێکستە کردۆتەوە، ھزری لای ئەوە بووە کە ئەم نمایشە بۆ قوتابیانی کۆلیژی ھونەرەو ئەوانیش زۆرینەیان تێکستەکەی شکسپیریان خوێندۆتەوەو کارەکتەرەکان و رووداوە درامییەکان دەناسنەوەو دەتوانن ئەو رووداوانە بە یەکەوە ببەستنەوە، ئەمەش ھەلەیەکی گەورەیە لە ئامادەکردنی ھەر تێکستێکی شانۆییدا، دەرھێنەر کاتێ تێکستێک ئامادە دەکات، نابێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئاخۆ بینەر بەم کارەکتەرو رووداوە ئاشنایەو زانیاری ھەیەو دەتوانێت بەیەکەوەیان ببەستێتەوە، زۆر پێویستە بونیادی درامی نمایش بەشێوەیەکی روون و بێ گرێ بێت و رووداوەکان یەکتری تەواو بکەن و هێڵی درامی لەنێو یەکەیەکی لۆژیکی تەریب لەگەڵ بونیادی تێکست و نمایشەکە یەک بگرێتەوە و بینەر بتوانێت کارەکتەرەکان بناسێتەوەو تەوزیفی درامییان لەنێو نمایشەکە دیار و بەرچاو بێت، بەڵام زۆرجار بە ھۆی قرتاندن و کورتکردنەوەو لابردنی ھەندێ دیالۆگ و رووداو و دیمەن و کارەکتەر، بەشێک لە رووداوەکان بە ناڕوونی دەمێننەوەو ھەندێک لە کارەکتەرەکانیش خەسڵەت و سیما لە دەست دەدەن و وەک (دەخیل) لەنێو نمایشەکە دەردەکەون و زیان بە بونیادی نمایش دەگەیەنن.  من پێم وایە لەم نمایشە دەرھێنەر بەھیچ شێوەیەک پێویستی بە کارەکتەری ماکداف نەبوو بۆ ئەوەی وێنای کۆتایی ماکبێس بکات، وەک ئەوەی چۆن زۆرینەی کردە درامیەکانی ئەم نمایشەی بەشێوەیەکی فەنتازی و گێڕانەوەی وێنەیی لەرێگەی بەکاربردنی سینۆگرافیا و دەنگ و رەنگ و موزیک وێناکرد، دەکرا کۆتایی نمایشەکەش رێگە بە دەرکەوتنی کارەکتەری ماکداف نەدات وەک ئەوەی چەندین کارەکتەری گرنگی نێو ئەم تێکستە بێ ئەوەی ئامادەیی جەستەییان ھەبێت، لەرووی درامییەوە کارەکتەری ئامادەبوون، بۆیە لاوازترین خاڵی ئامادەکردنی ئەم تێکستە ئەو کۆتاییە بوو کە لە خودی تێکستە شکسپیرییەکە ھاتووە، دەرھێنەر دەبوو لە بیری ئەوە بووایە کە کۆتاییەکەی تەسلیمی ئەو دیمەنە نەشازە نەکردبایە کە بەتەواوی ناتەباو نەشاز بوو بە فۆرمی گشتی نمایش، لەبەر ئەوەی زۆرینەی رەەھای فۆرمی دیدەیی نمایش لەسەر فەنتازیاو خەیاڵکردن و وێناکردنی ناباو و جوانکاری بونیادنرابوو، داڕشتنەوەی ئەم دیمەنەی کۆتایی بەم فۆرمە کلاسیکییە تەقلیدییە وەک سۆلۆیەکی نەشاز کۆتایی بەو سەمفۆنییە ھونەرییە ناوازەیە ھێنا.  زۆرجار دەرھێنەر بە مەبەست ریزبەندی رووداو و بەریەکەوتنی کارەکتەر ھەڵدەوەشێنێتەوەو ھەوڵدەدات فۆرمی تر و بونیادی تریان پێببەخشێت، ئەمەش پرسێکە پەیوەستە بەو دیگایە ھونەرییەی کە دەرھێنەر بۆ جەستەو ھزری فەلسەفی نمایش ھەیەتی، بەو مانایەی دەرھێنەر ھەوڵدەدات بونیادی ئاسایی تێکست ھەڵبوەشێنێتەوە و بونیادی تازەو خوێندنەوەی تازەی لێ بەرھەم بێنێت، ئەم کارەش ھەروا ئاسان و سادە نییە و دەبێ دەرھێنەر پاساوی لۆژیکی و جوانبینی بۆ ئەو تێکشکاندن و بونیاتناوەیە ھەبێت و ھزرو وینای تازەی بەرزو باڵای لەسەر بونیاد بنێت، بێگومان ئەم نمایشە قرتاندن و لاب.
سینۆگرافیا و دەرھێنان و جەستەی نمایش: بیناکردنی سینۆگرافیای نمایشی شانۆیی بەشێکی گرنگی دیدگای دەرھێنەر و کرداری دەرھێنان لە شانۆ پێک دەھێنێت، دەرھێنەر لە دروستکردنی جەستەی نمایش، یەکەم کەرەستەی فۆرم و شێوەو ھەیکەلی سینۆگرافیای نمایشە کە بەشێوەیەکی تەریب لەگەڵ دیدگای کارکردنی دەرھێنەر و ئەو فۆرمە ھونەرییەی کە نمایشی تێدا دروست دەکات، یەکدەگرێتەوە، بۆیە زۆرجار دەرھێنەر خۆی شێوەو ئەندازەی سینۆگرافیا دادەڕێژێت، ھەندێکجاریش بە ھاوکاریی سینۆگرافەرێک ئەو کارە ئەنجام دەدرێت، پاش ئەوەی سینۆگرافەرو دەرھێنەر دیدگا و تێڕوانینی خۆیان تاوتوێ دەکەن و ھەوڵ دەدەن دیدگایەکی ھاوبەش بۆ جەستەو ھەیکەلی نمایش دابڕێژن.  سینۆگرافیای نمایشی ماکبێس کاری سینۆگرافەری لێھاتوو مامۆستا شیراز عەزیزە، کە یەکێکە لە پسپۆڕەکانی ئەو بوارەو لەڕابردووشدا ئەزموونی ناوازە و گرنگی ھەیە، داڕشتنی سینۆگرافیای ئەم نمایشە ئەگەر ئایدیای دەرھێنەر بێت، یا سینۆگرافەر، یا ئاوێتەیەک بێت لە ئایدیای ھاوبەشی ھەردوو کارەکتەر، لەڕووی جوانکاری و داڕشتنی فۆرمێکی ناتەبا بۆ نمایش، یەکێک بوو لە سیما دیار و بەرچاوەکانی نمایش و قوڕسایی زۆری دروستکردنی جەستەی نمایش بەر ئەو سینۆگرافیایە کەوتبوو، دابەشکردنی فەزای نمایش بەو شێوە تایبەتە کە ئەگەر لە سەرووی سەرەوە سەرنجی بدەیت شێوەی بیرێکی قووڵ دەدات کە دیوارەکانی بە کەرەستەی تاریک و ترسناک داپۆشراون، لە ناوەڕاستی ستەیجەکەش بەھۆی رووبەرێکی تەختی چوارگۆشە کە بەسەر جەگێکی جووڵەدارەوەیە، فەزاکە دابەش کراوە بۆ دوو ئاست وتەبەقەی جیاواز، تەبەقەی سەرەوە ئەو شوێنەیە کە رووداوە سەرەکییەکانی تێدا بەڕێوە دەچێت و وەک پێگە و پایەی پادشا و سەرکردەکان لە بەرزیداییە، تەبەقەی خوارەوەش ئەو شوێنەیە کە وەک زیندانێکی تاریک عامەی خەڵکی تێدا جێگیرکراوەو زۆرینەی جەنگەکانیش لەنێوان رووبەری ئەو تەبەقەیەو بە قوربانی ئەو خەڵکە رەش و رووتە بەڕێوە دەچێت، ئەمە جگە لەوەی پێشی پێشەوەی تەختەی شانۆ کە بە ھۆی بلاژکتۆرێکی شاولی روناکدەکرێتەوە، شوێنی جادووكەرەکانە کە دەرھێنەر لەم نمایشە فۆرمی تر و تەوزیفی تری پێ بەخشیوون کە دواتر لەسەریان دەوەستین.  دابەشکردنی فەزای شانۆ بەمشێوەیە لە زۆر رووەوە خزمەتی بە فۆرمی ئەم نمایشە کردبوو، بە تایبەتیش لە رووی جوانکاری جووڵەو ئەو وێنە شانۆییانەی کە بەھۆی خولانەوەی ستەیجە چوارگۆشەکە دروستدەکران و جۆرێک لە قۆرمی جووڵاوی بەردەوامی بە فەزای نمایش بەخشیبوو، ئەمە جگە لەوەی دابەشکردنی فەزای نمایش بە ئاستی بینیی جیاواز، جۆرێک لە تایبەتمەندی ناباوی بەو کردراە شانۆییانە بەخشیبوو کە نمایشەکەیان دروستدەکرد.  سەرەتا یەکەم بەرکەوتنم لەگەڵ سینۆگرافیا و فەزا ئەو لێکچواندنە بوو کە ژیان بە بیرێکی قووڵ دەچوێنێت و مرۆڤیش لە قووڵایی ئەو بیرە خەریکی یەکتر کوشتن و لەناوبردنی ئەویترە، ئەم وێنە فەلسەفییە وجودییە بۆ ژیان، کە ھاوتاو ھاوتەریبە لەگەڵ ئەو ھزرەی کە تێکستەکەی لەسەر بینا کراوە و لە کۆتایی ئەم نمایشە ھەموو کارەکتەرەکانی دۆڕاون، دەنکان تیرۆر دەکرێت، ماکبێس ھەموو شتێک لەدەست دەدات و بە شەرمەزاری دەکوژرێت، لێدی بەرگەی ئەو پەلە خوێنانەی سەردەستی ناگرێت و خۆی دەکوژێت، بانکۆ دەکوژرێت، مەکداف ھەموو خێزانەکەی دەکوژرێن، ماڵکۆڵم و دونالین باوکیان تیرۆر کراوە، کەسێک نییە لەم تێکستە براوە بێت، تەنانەت ئەوانەی ماکبێس لەناو دەبەن و جارێکی تر دەسەڵات دەگرنەوە دەست دۆڕاون، چونکە ئەم کارە بە ھاوکاری دوژمنێکی سەرسەختی سکۆتلاند دەکەن کە بێ گومان دەبێ لە داھاتوو باجی ئەوە بدەن.  فۆرمێکی تری دابەشکردنی فەزای ستەیج، ئەو دوو ئاستە بوو کە بەھۆی ئەو چوارگۆشەوە فەزاکەی بۆ دوو چین دابەش کردبوو، رەنگە لە ھەندێک رووەوەو ئەم دابەشکردنە خزمەتی نمایشەکەی کردبێت، بەتایبەتیش کاتێ لە کاتی جەنگەکان ئەم رووبەرەی سەرەوە کە ماکبێس لەسەر لێوارەکەی دەوەستا، لە لایەن خەڵکەکەی ژێرەوە دەخولێنرایەوەو دیمەنێکی جوان و گوزارشتێکی ناوازەی لە جەنگ و ململانێ سەختەکان دەکرد، ئەم فۆرمە مۆسیقییە یەکێک بوو لەو فۆرمە گرنگانەی کە جەستەی ئەم نمایشەی بەشێوەیەکی فەنتازی و پڕ لە جوانکاری بە بینەر دەگەیاند، ھەروەھا لەڕووی ھزریشەوە ئەم دابەشکردنە ئاماژە بوو بۆ ئەو دوو چینە سەردەست و بندەستەی کە وڵات بەسەریاندا دابەشدەبێت، چینێک لە خوارەوە ھەموو قوربانیەکان لە ئەستۆی ئەوە، چینێک لە سەرەوە ھەموو خۆشی و سەروەت و ئیمتیاز و شکۆمەندییەکانی بەر دەکەوێت، چینێک لە خوارەوە زۆرینەیەو مافی بریاردانی نییە، چینێک لە سەرەوە کەمینەیەو ھەموو بڕیارەکان لەلایەن ئەوەوە دەدرێت.  ئەگەر ئەم سینۆگرافیایە بە فەلسەفەی تێکستەکە بەراورد بکەین، دەبینین جۆرێک لە ترازانی لۆژیکی لەنێوان ئەم دوو وێنەیە ھەیە، ئەم تێکستەی شکسپیر بەھیچ شێوەیەک پەیوەست نییە بە پرسی چینایەتی و ململانێی چینی سەردەست و چینی بندەست وەک سینۆگرافیای نمایشەکە ئاماژەی پێدەکرد، چەقی ململانێی ئەم تێکستە شەڕی دەسەڵات و خەونی گەیشتنە بە دەسەڵات، دەنکان و ماکبێس و لێدی و ماکداف و باکۆو مالکۆلم و دونالین، ھەر ھەموویان سەر بەچینی سەرەوەن، ململانێی نێوانیشیان ململانێی دەسەڵاتدارو زلھێزەکانە، نەوەکو ململانێی نێوان ھەردوو چینی دەسەڵات و رەعیەت، میللەت لەم ھاوکێشەیە ھیچ قوڕساییەکی نییەو ئەمە جیھانی داخراوی پادشاو سەرکردەکانە، شەڕی نێوانیشیان لەسەر باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک و خزمەتکردنی میللەت نییە، بۆ ئەم فۆرمە سینۆگرافیا کە ھەڵگری ئەو ئاماژە چینایەتییە زەقە بوو بە ھیچ شێوەیەک ھاوتەریب نەبوو لەگەڵ فەلسەفەی ئەم تێکستە.  موزیک و روناکی دوو رەگەزی گرنگ و کاریگەری نێو جەستەی نمایش و سینۆگرافیا بوون، بەتایبەتی موزیک زۆر کاریگەر و تەریب بوو بەو کەشە درامییەی کە زۆرینەی دیمەنەکانی دروستدەکردو مو زیک ھاوکارێکی گەورە بوو لە بەرکەوتنی بینەر لەرووی سایکۆلۆژییەوە بەو وێنە درامییانەی کە بەرجەستەدەکران، روناکیش رۆڵی کارای ھەبوو لەم بوارە و بە کۆمەڵی کەرەستەی سادەوە.

ئەدای ئەکتەر :
"با وشەکانت گونجاو بێت لەگەڵ جووڵە، جووڵەشت ھاوتای وشە بێت، ھەستەوەرەکانیشت نۆرماڵ بێت و نەرمی و رەوانیت پێ ببەخشێت"، شکسپیر، شانۆیی ھاملێت.
ئەگەر بەووردی لەم چەند وشەیەی شکسپیر  وردبینەوە کە وەک رێنمایی لەسەر زمانی ھاملێت ھاتووە بۆ ئەو ئەکتەرانەی کە داوایان لێدەکات دیمەنی کوشتنی باوکی ھاملێت لەبەردەم پادشا و شاژن نمایش بکەن، تێدەگەین کە ئەم پیاوە چۆن بیری کردۆتەوە، یەکەم سەرنجیش لەسەر ئەم ووشانە ئەوەیە کە ئەو پیاوە بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنی ھەبووەو بە تەواوی دژە کلاسیک بووە، ئەم ووشانە رەتکردنەوەیەکی راستەوخۆی ئەو تێگەیشتنە کلاسیکییەیە کە پێشتر بۆ فۆرمی شانۆ و شێوازی ئەداکردنی ئەکتەر لە سەرتەختە باو بووە، شکسپیر بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەو زەخرەفە و فەخفەخەیە بووە کە شانۆی کلاسیک پشتی پێ بەستووە کە ھەمیشە فۆرمی نمایش و ئەدای ئەکتەر جۆرێک لە فەخامەت و رەزانەت و زەخرەفەکاری تێدا بەرجەستە کراوە، شکسپیر بە جۆرێکی تر بیری کردۆتەوە، ئەو بیری لە ژیان و سادەیی و عەفەویەت و وێنە راستەقینەکان کردۆتەوە، بۆیە کاتی خۆی کەوتۆتە بەر شالاوی رەخنەو تۆمەتبار کراوە بەوەەی شانۆی سادەکردۆتەوەو ھەیبەت و فۆرمە زەخرەفییەکانی وەلا ناوە.
ئەم وشانەی شکسپیر بە تەواوی ھەموو ئەو بۆچوون و تێگەیشتنانە رەتدەکەنەوە کە گوایە شانۆی شکسپیر شانۆیەکی شاھانەیەو پشت بە فۆرمێکی قەبەو زەخرەفەدار دەبەستێت و دیکۆر و سینۆگرافیا و ئەکتەر لەم شانۆییە بەشێوەیەکی تایبەت دەردەکەوێت و دیکۆر و فەزا بە کوتلەی گەورە و بریقەدار و فەخم پڕ دەکرێتەوە و ئەکتەریش لە ئەداکردنی کارەکتەر جۆرێک لە باڵابوون و ھەڵکشانی بونیادی ھەیە کە وەک مرۆڤی ئاسایی دەرناکەون و ھەمیشە کارەکتەرەکان قورسایی زیاتریان لە مرۆڤی ئاسایی ھەیە و لە جووڵە و کردار و ئەدایان جۆرێک لە سەنگینی و ویقاری تایبەت ھەیە، ئەم بۆچوونە بە تەوای ھەلەیەو لە دواترین نمایشی ھاملێتی پیتەر بڕۆک، دەرھێنەر ھەموو ئەمانە بەلاوە دەنێت و نمایشی ھاملێت لەنێو فەزایەکی زۆر سادەو راستەقینە پێشکەش دەکات کە تێیدا ھەم کارەکتەر و ھەم شوێن و رووبەری نمایش، لە فەزایەکی سادەی ژیانئاسا کورت دەکاتەوە و ھەموو فەخامەت و زەخرەفەکارییەکان فڕێ دەدات و کارەکتەرەکان و فەزای ژیانکردن لە فۆرمێکی سادەو ئاسانی پڕ عەفەویەت و راستگۆیی و ئینسانی نیشاندەدات.
لەم نمایشەدا رەزا عوسمان وەک دەرھێنەر زۆر ھەوڵیداوە ماکبێس لە فۆرمێکی مۆدێرن و ئێستایی نمایش بکات، بەڵام بەھۆی پابەندبوونی بە ھەندێ جیھانبینی تایبەتی نادروست بە دونیای شکسپیر، کەوتۆتە نێوان دوو بەرداش، یەکەمیان ئەوەیە کە جۆرێک لە فەخامەت و زەخرەفەکاری بە فۆرمی نمایش ببەخشێت و ماکبێس و لێدی لە فۆرمێکی شاھانەو سەروو مرۆڤی سادە وێنا بکات، دووەمیان گرێدانەوەی ماکبێسە بە سەردەمی ئێستاو ئێرەو بە واقیعی سیاسی و ئەو ھێزانەی کە چارەنووس دەنووسنەوەو یاری بە بڕیارو داھاتووی کیان و میللەتەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لە نواندندا وێنەکە بەشێوەیەکی تر کەوتۆتەوەو ئەدای (ھاوبیر حوسێن_ماکبێس و تەلار ھیرانی_لێدی)، بەشێوەیەکی تر داڕێژراوە و ئەم دوو ئەکتەرە داھێنەرە توانیویانە نمایشەکە دەرباز بکەن لەو فۆرمە زەخرەفەکارییەی کە سینۆگرافیاو فەزا تێیدا چەقیوە.
ھاوبیر یەکێکە لە باشترین ئەو ئەکتەرە شانۆییانەی کە لەم ماوەیەی دوایی زۆر بە لێھاتوویی توانیویەتی ناوی خۆی وەک توانایەکی درەوشاوە لە فەزای شانۆی کوردی تۆمار بکات، ئەم نمایشەش کە بەلای منەوە یەکێکە لە باشترین ئەو کارەکتەرانەی کە ھاوبێر ئەدای کردووە و توانیویەتی تواناو داھێنانی خۆی تێدا بەرجەستە بکات و فۆرمێکی ناوازەی ئەدای ئەم کارەکتەرە پێشکەش بکات، کارەکتەری ماکبێس یەکێکە لە دوژارترین کارەکتەرەکانی شکسپیر و پڕە لە ھەستەوەرو ھەڵچوون و بیرکردنەوە و تێڕامانی مرۆڤایەتی سادەو ئاڵۆز، رووبەرێکی زۆر باشە بۆ تەقاندنەوەی توانا شاراوەکانی ئەکتەرو بەکاربردنی ھەموو ھەستەوەرەکان و نەست و یادەوەری و ھەڵچوون و داچوونە سایکۆلۆژییەکان، ھاوبیر لەم نمایشە زۆر بەتوانایی بەبێ زیادەڕۆیی و ھەڵچوونی زیاد و ھاوار و قیژەقیژ، دەتوانێت لە ناخەوە بەر کارەکتەری ماکبێس بکەوێت و ھەڵچوون و ھەستەوەرەکانی ئەم کارەکتەرە لەنێو نەست و بیرکردنەوە و زەھنییەتی بینا بکات و دواتر تەرجەمەیەکی دیدەیی بۆ بکات و لە سیما و فۆرم و جووڵە و کار و کردەوە و تێڕامانەکانی رەنگ بداتەوە، لە کۆمەڵێک دیمەنی تایبەتدا بینەر لەگەڵ خۆی دەبات بۆ قووڵایی ئەو ھەستە دژوارەی کە ئەم کارەکتەرەی داگیر کردووە، بەتایبەتی لە ھەردوو دیمەنی پێش و پاش کوشتنی دەنکان، جۆرێک لە عەفەوییەت و راستگۆیی بێ روتووش لە ئەدای ھاوبیر ھەیە کە وامانلێدەکات ھەموومان وەک بینەر تەماس و بەرکەوتنێکی راستەقینەو ئاسان و رەوانمان لەگەڵ ئەو بارە سایکۆلۆژییەی ئەکتەر ھەبێت و بە شێنەیی ھەست بە ھەناسەدان و بیرکردنەوەو حەسرەتەکانی بکەین، وامانلێدەکات وەک کارەکتەرەکە بکەوێنە نێو بازنەی دژواری بڕیارو بڕیارنەدان، شەھامەت و بوودەڵەیی، شکۆمەندی و زەلیلی، شەڕەف و خیانەتکاری، سوارچاکی و پیاوکوژی، ھەموو ئەم (دوانە) درامیانە بەشێوەیەکی زۆر راستگۆو راستەقینە لە ئەدای ھاوبیر بەرجەستە دەبێت و وادەکات ئەدای ئەم ئەکتەرە ببێتە سەنگی مەحەکی دروستکردنی فەزای دەروونی و درامی نمایش.
ھاوتا لەگەڵ ھاوبیر حوسێن، ئەدای تەلار ھیرانی لە کارەکتەری لێدی رووێکی تری جوانی ئەم نمایشەیە، تەلار یەکێکە لەو ئەکتەرە پڕ ئەزموون و توانادارانەی کە رووبەرێکی دیار و بەرچاویان لە نەخشەی شانۆی ئێمە بەرکەوتووە و خاوەنی سیما و پێگەی خۆیەتی لەسەر شانۆ و بوونی تەلار لە ھەر نمایشێکی شانۆیی ئیزافەیەکی جۆری گرنگە بۆ ئەو نمایشە و دەتوانێت ووزەو ھاندان بە ئەکتەرەکانی نێو نمایشەکە ببەخشێت.
تەلار جگە لەوەی توانای باشی لە تێگەیشتن و ھەرسکردنی کارەکتەر ھەیە، یەکێکە لەو خانمانەی کە زۆر بەووردی لە رووبەری کارەکتەرەکەی دەکۆڵێتەوەو ھەوڵ دەدات دوای دیراسەکردن و خوێندنەوەی زۆر، دیدگاو جیھانبینی تایبەتی خۆی ھەبێت بۆ ئەو کارەکتەرەو لەکاتی بەرھەمھێنانی فۆرمی کارەکتەریش، چاوەڕوانی ئەوە ناکات دەرھێنەر یا دراماتۆرگ ئەو فۆرمەی بۆ دیاریبکات، ئەو پێیخۆشە خۆی ئەو فۆرمە دابھێنێت و تێیدا قاڵبێتەوەو ئەوانی تر تەنھا روتووشی بکەن.
لەم نمایشە تەلار وەک ئەکتەر بەر کارەکتەرێکی تری دژوار و سەخت دەکەوێت کە شڕۆڤەکاران لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەو کارەکتەرە کردووەو بەشێوەی جیاواز لە پاڵنەرەکانی ئەو کارەکتەرە دواون و تاوتوێیانکردووە، تەلاریش بەدەر لەمانە ھەوڵی داوە فۆرمێکی تایبەتی پێ ببەخشێت کە بەبڕوای من تا رادەیەکی زۆر باش پێکاویەتی و توانیویەتی ئامادەییەکی بەھێزی ھەبێت و وەک کارەکتەرێکی سەرەکی دروستکردنی رووداو، سێبەری گەورەی بەسەر نمایشەوە ھەبێت، بەڵام دوو فاکتەر سەرەکی لەم ئەداکردنەی تەلار زۆر کاریگەر بوون، یەکێکیان بە ئیجابی و ئەرێنی بەسەر نمایش کەوتۆتەوە و ئەویتر بە سەلبی و نەرێنی، فاکتەری یەکەم تەمەنی تەلار کە گەورەترە لە ھاوبێر، فاکتەرێکی ئیجابی نێو نمایشەو وادەکات کارەکتەری لێدی بەقەد ئەوەندەی وەک کارەکتەری ھاوسەر و خۆشەویست دەربکەوێت، زیاتر و نزیکتر وەک کارەکتەری دایک دەردەکەوێت، ئەمەش خاڵی بەھێزی ئەداکردنە لەم نمایشە، چونکە بەھۆی ئەوەی لێدی نەزۆکەو مناڵی نابێت، ھەمیشە دیدگای بۆ ماکبێس زیاتر دیگایەکی دایکانەیە، بۆیە زۆرینەی ھاندان و لێپرسینەوەکانی زیاتر دەچێتە فۆرمی بەرکەوتنی دایکێک لەگەڵ کوڕەکەی نەوەکو خۆشەویست و ھاوسەرێک لەگەڵ ھاوسەرەکەی، ماکبێسیس بەھۆی ئەو ململانێ دژوارەی نێو ناخی زیاتر پێویستی بە ئارامی و گەرمی باوەشی دایکێکە تا ھاوسەرێک، بۆیە بەپیرۆزکردنی لێدی لای ماکبێس زیاتر لە روانگەی ئەوەیە کە ھەستەوەری دایکایەتی بەھێزترە لە ھەستەوەری ھاوسەری، ھەر بۆیەش ماکبێس دەستەمۆی لێدییەو ناتوانێت لە فەرمانەکانی رابکات.
فاکتەری دووەم کە بەنەرێنی بەسەر نمایش کەوتۆتەوە، جەستەی تەلارە، ئەم تۆزە قەڵەوییەی تەلار خزمەتی ئەداکردنی ئەم کارەکتەری نەکردووە، ئەم جەستەیە ھەمیشە وامان لێدەکات لێدی لە فۆرمێکی خۆماڵی ببینین و تەریب نەبێت لەگەڵ ئەو فۆرمە جیھانییەی ھاوبیر کە بە کارەکتەری ماکبێسی بەخشیوە، رەنگە ئەم جەستەیە کاریگەریی نەرێنی کردبێتە سەر خودی ئەداو جووڵەو ھەناسەدانی ئەکتەر، بۆیە ھەندێکجار جۆرێک لە ھەستەوەری دەرەکی زاڵ دەبێت بەسەر ئەو ھەستەوەرە ناوەکییانەی کە پێویستە ئەکتەر لەم فۆرمە شانۆییە تیاییدا بگیرسێتەوە، ئەمەش وادەکات لە ھەندێ دیمەندا ئەو ھاوسەنگییە ئەدایی یە وەک پێویست بونیاد نەنرێت و جۆرێک لە ترازان لە ھارمۆنیەتی ئەدای ھەردوو پاڵەوان ببینرێت.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler