تەمموز 18, 2019

هەندرێن خۆشناو و نەجیب مەحفوز لە قاهیرە

ڕۆژی 7 ی تەمموز، شەشەمین دیداری کاریکاتێریی لە قاهیرەی پایتەختی میسر کرایەوە، دیدارەکەش لە گەلەری کۆشکی میر تاز لە قاهیرە سازدرا و دوو هەفتەش دەخایەنێت، کە لەلایەن کۆمەڵەی کاریکاتێری میسر و بە هاوکاری چەندین دەزگای هونەری و ڕۆشنبیریی میسری ڕێکخرا.

هەندرێن خۆشناو وەکو شێوەکار و کاریکاتێریستێکی کورد بەشداری لەو دیدارەدا کردبوو، بۆ زیاتر ئاشنابوونمان بەم بۆنە هونەرییە نێودەوڵەتیە بۆ (ھەولێر) دوا و گوتی: ئەم دیدارە کاریکاتێرییە ئەمساڵ شەشەمین ساڵە بەبەردەوامی سازدەکرێت، سەرۆکی دیدارەکەش هونەرمەندی بە ئەزموون و سەرۆکی کۆمەڵەی کاریکاتێری میسری جومعە فەرەحات بوو، و رێکخەری دیدارەکەش هونەرمەندی کاریکاتێریست فەوزی مورسی بوو، لێژنەی هونەریی بژاردن و شەنوکەوکردنی کارەکەکانیش پێکهاتبوون لە هونەرمەندانی بە ئەزموونی کاریکاتێری میسری محەمەد عیفەت، عیماد جومعە، سەمیر عەبدولغەنی، فاروق مورسی، و محەمەد حەمدی بوون.
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە هونەرمەندان کارەکانی خۆیان ناردبوو بۆ دیدارەکە، منیش یەکێک بووم لەوانەی کە نامەیەکیان بۆ ناردم بۆ بەشداریکردن، چونکە لە دیدارەکانی پێشووشدا بەشداریم کردبوو، لە (71) وڵاتەوە تەنیا کاری (344) هونەرمەند سەرکەوتووبوون لە لێژنەکە و بەشداریان لە دیدارەکەدا کرد.
گوتیشی: کارەکانی دیدارەکە دابەشکرابوون بەسەر دوو تەوەردا، تەوەری یەکەم کاریکاتێر بوو، کە ئەمساڵ تەرخانکرابوو بۆ رێزلێنان و یادکردنەوەی نووسەری ناوداری میسری (نەجیب مەحفوز)ی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، تەوەری دوومیش کارتۆن بوو، کە تەرخانکرابوو بۆ کولتوور و کتێب و هونەر و سینەما...، منیش لە هەردوو تەوەر بە سێ تابلۆ بەشداریم کردبوو. زۆر خۆشحاڵم کە وەک نوێنەری کورد لەم بۆنە هونەرییە نێودەوڵەتیانە بەشداری دەکەم، و لێژنە پسپۆرەکانیش کارەکانم لە ئاستێکی شایستە دەبینن، ئەمەش هانمدەدات و واملێدەکات بە گوڕ و تینەوە بەردەوام بم لە بواری کاریکاتێر و کارتۆندا، سوپاسی بێ پایانیشم بۆ ئێوە.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler