تشرینی یەکەم 14, 2019

بە یەک گورچیلەوە وزە دەبەخشێتە شانۆکاران

من ناوم (تەلار)ـە، لە وڵاتی زیندووکوژی مردووپەرستان لە دایکبووم، ماڵمان لە گەڕەکی شکاندنی یەکتر و لە بەرامبەر قسەی بێ کردار و لە شەقامی بێ شانۆیە، من ناوم (تەلار)ـە، لەوەتەی شانوم ناسیوە حیکایەتم بۆ دەکەن حکایەتی (شانۆ) ئاوێنەی گەلە، ھونەرمەندان شایەنی ژیانێکی خۆشن، ئیتر تەواو بێزار بووین لە دروشمی درۆینە، ھەر شانۆکارە لە برسان دەمرێت ھەر ھونەرمەندە بە بێدەنگی و بە بێکەسی دەمرێت و شارەوانی تەرمەکەی دەنێژێت، من ناوم (تەلار)ـە ھەرچەند تەمەنم ھەڵدەکشێ خەمەکامی شانۆ لەگەڵم گەورە دەبن پیرۆزی و گەوریی شانۆ منی کرد بە شانۆکار نازانم بۆ نامانخوێننەوە، من لە پێناوی شانۆ زۆر دەرفەتی بزنسم لە دەستدا من ژنە دووجار و سێ جارو قوربانیەکەم، من بەسەر قسە سواوەکانی کۆمەڵگە سەرکەوتم. ئەوان بوختانیان بۆ ھەڵدەبەستام کەچی من لەسەر شانۆ باسی ئازارەکانیانم دەکرد، ئەوان بەردیان تێدەگرتم من چیرۆکەکانی مرۆڤدۆستیم پیشکەش دەکردن، من ناوم تەلارە کچە شەھید و خوشکە شەھیدی کوژراوی دەستی براکانم، بمناسنەوە من لە خانەوادە ویراسیەکەی نەخۆشیی گورچیلەم ھەر ھەموومان بە یەک کلیەوە چۆک بۆ ئازار دانادەین و گۆرانی بۆ ژیان دەچڕین، بمناسنەوە من تەلارم لای شێخی کاکیەوە ھاتووم لای مەدرەسەی شیعر و سروشتی ھیران و نازەنینەوە ھاتووم، ناخم پرە لە خۆشەویستی دەستم پڕە لە دەنکە ھەناری نازه نین، من کچی ڕانیە و کێوەڕەشەوە ھاتووم،ھاتووم توند لە دەرگای ویژدانتان بدەم، ھاتووم بە جامێکی پڕ لە ئاو و بە مشتێک ھەڵوژەوە دیوانی شیعری سافی ھیرانیم بۆ ھێناون، بمناسنەوە بۆخاتری کاکی ھیرانی بمناسنەوە، من لە مێژووێکی پڕ لە زوڵمدا ھاتووم ئەگەر شانۆ نەبوایە دەمێک بوو مردبووم، من خۆشیەکانم دەفرۆشم بە مەرگ و کچی تیپی شانۆی ئارارات جوانییە مێینەکانیشم دەگۆڕمەوە بە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنەکەی ئەو ماڵە، دەرفەتە بزنسیەکانم دەبەخشمە دیراسەکردن و فێربوونی شانۆ.
بیناسنەوە ئەو بە تیکە نانیکەوە کۆڵ ناداو شانۆ دەکات، پێکەنین و بەختەوەرییەکانی ژیان دەبەخشیتە لیدی ماکبیسی تاوانبار، ژنایەتیەکانی دەگۆڕێتەوە بۆ خەمەکانی ژنەکەی ئەو ماڵە، من لەوێ ناسیم لە ژنەکەی ئەو ماڵە ناسیم، ئەو لەسەر شانۆ پێدەکەنێ من ژنێکی ترم دەدیت لە ناخەوە دەگریا، ئەو چیرۆکی ژوورە تاریکەکانی بە کۆمیدیا دەگێڕایەوە، من دەگریام بۆ ئەو دەستە ڕەشانەی کە چراکان دەکوژێننەوە.
(تەلار ھیرانی) گەریدەیەکە ھەمیشە بەدوای شانۆدا وێڵە، لە سالی ٢٠١٢ لە گەرمەی تەقینەوەکانی بەغدا وەک ژنێکی چالاک لە گەل ھونەرمەندان (فرمێسک مستەفا و میدیا ڕەئوف بێگەرد)ـی لە ڤیستیڤاڵی لاوانی نیشتمانی عەرەب باکی بە ترسدا نەبوو لەو بارودۆخە ئەمنەیە خراپەی بەغدا بە تامەزرۆیی سەیری کارەکانی دەکرد، تەلار چی دەوێت لە نیشتمان تەنیا شانۆیەکی ئاستبەرزو نانێکی بە حەیای دەوێت، سەیرە زۆر باسی مافی ژن دەکرێت، بەڵام بە داخەوە کە تەلار ناناسینەوە، لەم بازاڕی ھونەردا ھاونیشتمانیان مافیاو جەلاد دەناسێت، کەچی ھونەرمەندە ڕاستەقینەکان ناناسێتەوە دەنگ ناخۆش و جنێو فرۆش و فەیسبووکچی و ئینستگرامچی دەناسیت داخەکەم ژنێک ناناسێت، کە لەسەر شانۆ باسی حیکایەتەکانی مرۆڤە پەراوێزخراوەکان دەکات، (تەلار) ژنە سەنگینەکەی شانۆ ناوی تۆ لە سەر دیواری کۆڵانە تاریکەکان دەنووسم لەسەر دڵی دایکان و خوشەکانی شەھید دەنووسم ناوی تۆ لەسەر دارو بەردی پەیمانگاکانی کوردستان دەنووسم کە کۆمەڵگا و دەسەڵات وایان لێکردن کچەکان واز لە شانۆ بینن، (تەلار)ـە سەلارەکەی کورد ناوی تۆ دەنووسم لەسەر پەنجەرەی کچە عاشقەکانی شار لەسەر دەرگا داخراوەکانی ژنانی غەدرلێکراو، لەسەر دڵی شەقامە دڵشکاوەکان، ناوی تو دەنووسم لەسەر کتێبە تۆز لە سەرنیشتووەکانی شانۆ لەسەر ھۆڵە وێرانەکانی شانۆ لەسەر کورسیە چۆڵەکانی شانۆ، ناوی تۆ دەنووسم لەسەر ئەو دڵانەی کە تا ئێستا شانویەکیان نەبینیووە لەسەر دڵی ئەو بەرپرسانەی کە شانۆ لایان گرینگ نیە، لە کۆتاییدا لەسەر دڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە خەتێکی درشت دەنووسم، تکایە دەست بکەنەوە بە بونیادنانی تەلارەکانی شانۆ و چیتر (تەلارەکان) مەڕووخێنن.

 

بارزان سنجاوی

© 2017 Hawler