تەمموز 16, 2019

چلەی ماتەمینی هونەرمەند (عەلی توانا) كرایەوە

لە ڕوانگەی دڵسۆزی و وەفاداری و هەستكردن بە لێپرسینەوە بەرامبەر بە هونەر و هونەرمەندانی كورد، كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد، مەڵبەندی گشتی سلێمانی لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بنەماڵە و ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیران و خۆشەویستانی هونەرمەندی كۆچكردوو، چلەی ماتەمینی هونەرمەندی كۆچكردوو (عەلی توانا) بە پێشكەشكردنی كۆمەڵێك وتار و بڕگە و بابەتی بە پێز و نەخشە بۆ داڕێژراو كرایەوە.

 جێی وەبیرهێنانەوەیە هونەرمەند و نووسەری دیاری كورد (عەلی توانا) وەك ناوێكی بەرچاو ساڵانێكی زۆر بەخۆی و سروەخانی هاوسەری بە كاری هونەری نواندن و تەمسیلەوە خەریكن و تا ئێستا لە چەندین كاری هونەری نواندن بەشداریان كردوە و ڕۆڵی هونەری و ڕۆشنبیریان دیار و بەرچاو بووە بە تایبەتی لە كارەكانی دەرهێنەری كۆچكردوو حوسێن میسری ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە وەك درامانی ڕەشەی پۆلیس و حەسەنە فەندی و چەندین كاری هونەری دیكە، دەبێ بگوترێ ئەو هونەرمەندە ناوی تەواوی عەلی قادر عەلی یە و نازناوی هونەری (عەلی توانا) یە و یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كورد و ساڵی 1970 بۆتە ئەندامی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی، ساڵی 1972 یەكەم شانۆگەریی بەناوی (شێتی تەپلە ڕەش) نووسیوە و جگە لەوانە دەستی چیرۆكنووسیشی هەبووە، ساڵی 1959 كۆمەڵەی ئەدیبانی داناوە ودوایین كاریشی بەشداریكردن بووە لە فیلمی (ڕیكۆردەر) كە جەماوەرێكی زۆری هەبووە، بەڵام بەداخەوە چل ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشیەكی سەخت و درێژخایەنەوە ماڵئاوایی لێكردین و بۆ دوا جار كۆچی دوایی كرد.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler