تشرینی دووەم 14, 2019

دەرهێنەر "سەهیم عومەر خەلیفە" بە دوای پاڵەوانی فیلمی "میسیی بەغدا" دەگەڕێ

دەرهێنەری كورد "سەهیم عومەر خەلیفە"، بۆ دروستكردنەوەی فیلمی "میسیی بەغدا" بە درێژی، بەداوی پاڵەوانێكدا دەگەڕێت، پاڵەوانەكەش دەبێت منداڵ بێت و خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی دروست كردنەوەی فیلمی "میسیی بەغدا" وەك فیلمی درێژ، كە وێنەیەكی دەست ڕۆژنامەی "هەولێر" كەوتووە: بڕیارە ئەو دەرهێنەرە كوردە كورتە فیلمی “میسیی بەغدا” وەك فیلمێكی درێژی سینەمایی بەرهەمبێنێت، كە كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە منداڵێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و تەنها قاچێكی هەیە.
لە ناوەڕۆكی ڕاگەیانراوەكە ئاماژە بەوە دراوە: مەرجە ئەو منداڵەی بیەوێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، تەمەنی لە نێوان (9 بۆ 12) ساڵان بێت و (زمانی عەرەبی - شێوەزاری عێراقی)، بە باشی بزانێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت و تەنها یەك قاچی هەبێت.
 جێگەی باسە: كورتە "میسیی بەغدا" فیلمێكی دەرهێنەری كورد "سەهیم عومەر خەلیفە"یە، لە دوای وەرگرتنی (60) خەڵاتی جیهانی، بڕیارە وەك فیلمێكی درێژی سینەمایی بەرهەمبێت، بودجەی بەرهەمهێنانی لەلایەن بەلجیكاوە بۆ دابینكراوە.
ئەم بەرهەمە لە ساڵی (2012) بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەكی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی (60) خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەكانی جیهاندا و یەكێك لە (10) كورتە فیلمەكانی شۆرت لیستی فیلمە كاندیدكراوەكان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار، وەك (باشترین كورتە فیلم).
هەروەها فیلمەكە بووە هۆكار كە كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە چاوی بە لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن بكەوێت و دەزگایەكی بەریتانی هاوكاریی ماددیی بۆ كۆ كردەوە و لە ئێرانیش قاچێكی دەستكردی بۆ دروست كرا.
لە ساڵی (2017) بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیكا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی “میسیی بەغدا” بۆ فیلمێكی درێژ تەرخانكرد و بەم دواییە بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەكەی تەرخانكرد كە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەكات.
لە ئێستاشدا دەرهێنەری فیلمەكە لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنانی ئامادەكاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكە دەكەن، لە بەلجیكاوە سەردانی باشووری كوردستانیان كردووە، بۆ دیاریكردنی لۆكەیشن و بەشێك لە ستافی فیلم و ئەكتەرەكان.
بڕیارە كاری وێنەگرتنی فیلمەكە لە سەرەتای (2020) دەستپێبكات و سیناریۆی كورتە فیلمەكە درێژكراوەتەوە و ئەكتەری نوێ ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.
 "میسیی بەغدا" باس لە منداڵێك دەكات كە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.
ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی ئەو دەرهێنەرە كوردە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" كە (9) خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا بەدەست هێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیكا.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: ئەو دەرهێنەرە كوردە دانیشتووی وڵاتی بەلجیكایە، لە ڕێگەی كورتە فیلمی "خاكی پاڵەوانان"، "میسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ" زیاتر لە (100) خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا بەدەست هێناوە و دوو لە فیلمەكانی كاندیدی خەڵاتی ئۆسكار بوونە وەك باشترین كورتە فیلم و ئێستا یەكێك لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەكادیمیای ئۆسكار و خاوەنی چەندین ڕیكۆردە لەسەر ئاستی كوردستان، عێراق و بەلجیكا لە ڕووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە.

 

سەرهەنگ غەریب

© 2017 Hawler