تەمموز 18, 2019

میوزیكژەنان به‌ درێژایی مێژوو خزمەتی گه‌وره‌ی هونه‌ری كوردییان كردووه‌

هونەرمەندی بە ئەزموونی میوزیكژەن مامۆستا (سەید ئەحمەد رەواندزی) یەكێكە لەو هونەرمەندە بە توانا و لێهاتووانەی كورد، كە بەدرێژایی (31) ساڵی لەگەڵ كەمانەكەی خزمەت بە میوزیكی كوردی دەكات.

(ڕەواندزی)ـی هونەرمەند بەیەكێك لەو هونەرمەندە میوزیكژەنانەی كورد هەژمار، كە خاوەنی ستایلی تایبەتمەندی خۆیەتی لەكاری ژەنینی میوزیك و هەروەها دابەشكردنی كاری ژەنین بۆ گۆرانیی هونەرمەندانی كورد، لە لێدوانێكدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژە بۆ دوایین كاری هونەری خۆی دەكات، بەتایبەتی تۆماركردنی چەند پارچەیە میوزیكێك، كە بەشێكیان لە میلۆدیی گۆرانییە نەمرەكان، كە بەدەنگی هونەرمەندە ڕەسەنەكانی كوردستان گوتراوە، سەرجەم ئەو میلۆدیانەی ئامادەیی كردوون، زیاتر لە (10) ساڵە ئامادەیە، بەڵام نەبوونی سپۆنسەر هۆكارێكی گەورەن بۆ لەدایكنەبوونی ئەو ئەلبوومە میوزیكیەی مامۆستا (سەید ئەحمەد)!.
لەدەستپێكی قسەكانی دا هونەرمەندی بە ئەزموون مامۆستا (سەید ئەحمەد رەواندزی) لەبارەی ئیش و كاری ئێستای بەڕێوەبەرایەتیەكەی، كە لە ئێستادا وەك بەڕێوەبەری بەشی میوزیك لە هەولێر خزمەت دەكات، دەڵێت : "بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەماوەی (4) ساڵی رابردوو رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، تاڕادەیەكی زۆر كار و چالاكیی پێویست نەمانتوانیووە بە ئەنجامی بگەینین، جگە لە هەبوونی چەند چالاكییەكی نیشتمانی، بەڵام لەگەڵ پێكهاتنی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیوادارم بەو شێوەیەجموجۆڵی هونەری پەكی نەكەوێت لە كوردسان، چونكە لەماوەی ئەو چوار ساڵەی رابردوودا چالاكی سەرجەم بەشەكانی هونەری پەك خستبوو، بۆیە بەشێكی زۆری هونەرمەندانیش بێ بەرهەم مانەوە، بۆیە ئومێدێكی باش هەیە لەو كابینەیەدا ئاوڕێكی جیددی لە وەزارەتی رۆشنبیری و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیەكەی ئێمەش بدرێتەوە!".
(ڕەواندوزی) هونەرمەند بەشێك لە كار و بەرهەمەكانی بریتیە لە دانانی میوزیكی گۆرانیی هونەرمەندان و هەروەها كاری دابەشكردنی بۆ زۆرێك لە هونەرمەندان كورد ئەنجام داوە لەمبارەوەیەش دەڵێت : "دیارە ئێمەی هونەرمەندانی میوزیكژەن بەدرێژانی مێژوو ئەوەندە خزمەتی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی كوردمان كردووە، لە 10% ئەو رێژەیە و بگرە كەمتریش خزمەتی خۆمان نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەردەوامین و تائێستاكە دەستم بە رووی كەسەوە نەناوە، بەشێوەیەكی گشتی هەموو تەمەنی خۆم داوە بە میوزیك، بەڵام نەمیوزیك بوو بە مایەی حەسانەوەم، نە هونەریش بووە مایەی ئەو شانازییەی هونەرمەندانی دونیا شانازیی پێوە دەكەن!".
هونەرمەند (سەید ئەحمەد رەواندزی) لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كرد : "چەند بەرهەمێكی زۆر باشم ئامادەیە، كە خۆی لە چەندیین میلۆدی گۆرانییەكانی هونەرمەندە ڕەسەنەكانی كوردستان گرتووە، هیوادارم بتوانم لە دوو توێی ئەلبوومێكدا بڵاوی بكەمەوە، بۆ ئەو مەبەستە كاری زۆر باشم كردووە، بەڵام خۆ ناشكرێت ئەو كارانە من ئامادەی بكەم هەمووی لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆم بێت، پاشان هەر خۆشم كاری چاپ و بڵاوكردنەوەی بۆ بە ئەنجام بگەیەنم، بۆیە ئەگەر سپۆنسەرێك هەبێت تەنها بۆ كاری چاپ و بەرهەم هێنانی بۆ ئەوەی ئەو ئەلبوومە بڵاو بكەمەوە، ئەوە بۆ من جێگەی خۆشحاڵیە، چونكە من لەماوەی نزیكەی (31) ساڵ كاری میوزیكژەنی تا ئێستاكە نەمتوانیوە ببم بە خاوەنی ئەلبوومێكی میوزیكی خۆم، كەچی من ئەوەندە ساڵە میوزیكم بۆ سەدان گۆراینی هونەرمەندانی كورد ئامادە كردووە، تەنانەت هونەرمەندانی وەك (كازم ساهیر و موعین ئەسفەهانی و ئیبراهیم تاتلیساس) سوودیان لە ژەنینی میوزیكی من وەرگرتووە، بۆیە ئومێدم وایە بتوانم ببم بەخاوەنی ئەلبوومێكی تایبەت بە میوزیكی خۆم!".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler