تەمموز 16, 2019

"بـاوک" لە چەند پانتاییەکی تردا


رووبەری دووه‌م:
ململانێی بەھا درامییەکان:
دوای بینینی دیمەنی کۆتایی ئەم شانۆییە، پرسیارێکی گرنگ یەخەمان دەگرێت و پێویست دەکات ھەڵوەستەی لەسەر بکەین، ئایا نمایشەکە لە کوێ کۆتایی ھات، ئەوەی روویدا بردنەوەی لاورا بوو یا دۆڕاندنی کاپتن، ئایا بەھای درامی سەردەست لەم نمایشە سەرکەوتنی لاورایە یا شکست و تێکشکانی کاپتن، وە ئایا سەرکەوتنی لاورا یەکسانە بە شکستی کاپتن یا پێچەوانەکەی؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شریتی نمایشەکە، دەبینین دوای دیمەنی چاندنی گومان لە ناخی کاپتن، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە لاورا دەتوانێت ئەو یارییە بباتەوەو کاپتن ناچار بکات بکەوێتە سەرچۆک، لە دیمەنەکانی دواتریش بەشێوەیەکی کرداری ئەمە روودەدات و کاپتن دان بە شکستەکەی دەنێت و خۆی بەدەستەوە دەدات (ھەرچەندە وانیشاندەدات کە خۆی بەدەستەوە نادات)، ھەموو خوڵیاکانی کاپتن لە وەڵامی ئەو پرسیارە گیر دەخوات، ئاخۆ بێرتا کچیەتی یان نا، ئەم فۆرمە زاڵە لە ڕواڵەتتدا وانیشاندەدات کە بەھای درامی زاڵ لەم نمایشە، رووی لەو رووبەرەیە کە بە سەرکەوتنی لاورا و شکست و کۆتایی ھاتنی کاپتن تەواو دەبێت، بەڵام بوونی دیمەنی کۆتایی لەو نمایشە، گوتارێکی جیاوازی درامی بەرھەمدێنێت کە ھەموو ئەو خەیاڵکردنە بەتاڵدەکاتەوەو ھاوکێشەی بەھا درامییەکان ئاوەژوو دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە دیمەنەکانی پێشووتر سەرکەوتنی لاورا وەک بەھای درامی سەردەست و زاڵ دەردەکەوێت، شکستی کاپتنیش وەک بەھای درامی بندەست و کەتوو، بەڵام لە دیمەنی کۆتاییدا ئەوەی روودەدات تەواو جیاوازە لەم ھاوکێشەیە، ئەو بەھا درامییەی کە کە لە ڕواڵەتتدا سەردەست و زاڵ بوو، بە تەواوی کپ و مات دەبێت، جۆرێکی تر لە بەھای درامی دەردەکەوێت و دەبێتە بەھای درامی سەردەست، ئەویش گوتاری داماڵین و پاکبوونەوەیە، دەبینین لەو دیمەنە ئیتر ھیچ جۆرە ململانێیەک لەنێوان باوک و دایک، پیاو و ژن نەماوە، چونکە ئیتر باوک بەو قەناعەتە گەیشتووە کە پیاوان مناڵیان نییە، ئەوە ژنانن کە مناڵیان ھەیە، لەم دیمەنە کاپتن لە ھەموو رق و گومانەکانی پاکدەبێتەوەو حەزدەکات لەسەر سنگی ژنێک بخەوێت، جا گرنگ نییە ئەم ژنە دایک بێت یا خێزان، بۆیە بەھای درامی سەردەست و زاڵ لەم دیمەنە پاکبوونەوەی کاپتنە کە وادەکات ئەم پاکبوونەوەیە بۆ ئێمەی بینەریش ببێتە پاکبوونەوەیەکی سایکۆلۆژی و تیاییدا ھەموو ھزرو لێکدانەوەکانی پێشوترمان بەتاڵبکەینەوە، بەتایبەتی لەڕووی سۆزو ھەستە دژوارەکانەوە، لێرەدا بەھای درامی سەردەست سەرکەوتنی لاورا و شکستی کاپتن نییە، بە پێچەوانەوە، لەم دیمەنە لاورا وەک شکستخواردو و کاپتن وەک جەنگاوەرێکی بە شەڕەف دەردەکەوێت کە بە زرێی جەنگەوە دەمرێت، بەڵام گوتاری زاڵ لەم دیمەنە پاکبوونەوەیە، پاکبوونەوەی بینەر پێش کارەکتەر، چونکە من دڵنیام ئەگەر ئەم شانۆییە بەم دیمەنە کۆتایی نەیەت، ھەموو پیاوەکان بە بارێ گومانەوە ھۆڵەکانیان جێدەھێشت و پرسیارەکانی کاپتن دەبوو بە پرسیاری ئەوان، بەڵام سترندبێرگ ھەر لەنێو فەزای تێکستەکەو دواتریش سدیق عەزیز وەک دەرھێنەر، لەدیمەنێکدا کە تیاییدا ھەموو بونیادەکانی پێشووتر ھەڵدەوەشێننەوە، جارێکی تر ئارامی بە دڵ و دەروونەکان دەبەخشن، لە دیمەنێکدا کە زیاتر لە بەنج و سڕکردن دەچێت بۆ ئەوەی ئەو گرێیە رەشەی دراماکە کە بەدرێژایی نمایش بەھای سەردەستەو ھەموو فەزای نمایش و دەرەوەی نمایشی داگیرکردووە، کە چەمکی گومانە، لەم دیمەنە دوای بەنجکردنی بینەر، بە کردارێکی نەشتەرگەری سایکۆلۆژی ئیتر ھیچ پاشماوەو ئاسەوارێکی ئەو گرێیە لە دەروونی بینەردا ناھێلێت و پاکبوونەوە دەبێتە بەھای درامی سەردەست و ھەموو بەھا درامییەکانی تر لەنێوییدا دەتوێنەوە.
ئەم دیمەنە لەڕووی بونیادەوە تەواو پشت بە ھەست و نەست دەبەستێت و بینەر گیڕۆدەی جۆرێک لە رۆچوونی ھەستی دەکات و تیاییدا لۆژیکی عەقڵ لاواز دەبێت و بینەر دەخاتە نێو دەریایەکی قوڵی ئاوێتەبوون و تەسلیمبوون بەو تەوژمە ھەستییەی کە تەواوی نمایش داگیر دەکات، بەجۆرێک وەک ئەوەی ھەوایەکی سڕکەر بەنێو ھەموو ھۆڵەکە بڵاوبووبێتەوەو ئیتر نە ئێمە نە ئەوانەی سەرتەختە ھەست بەھیچ جۆرە ئازارێک و ھەستەوەرێکی دژوار نەکەین، ئیتر ھیچ پانتاییەک نامێنێت بۆ ئەوەی کێ لەسەر حەقەو کێش تاوانکارە، کێ براوەیەو کێش دۆڕاوە، کێ شایستەی ئەوەیە رقی لێھەڵبگرین و کێش دەتوانێت بمانخاتە تەنیشت خۆیەوە، ئەوەی دەگوزەرێ داماڵراوە لە ھەموو ئەمانە، ساتێکی مەستییەو کە تیاییدا ئیتر نامانەوێت درک بە جیھان و دەوروبەرمان بکەین، ئەم ساتە مەستییە بەرھەمی عەقڵ نییە، بەرھەمی سادەی سۆزیش نییە، ئەمە بەرھەمی بەرکەوتنمانە لەگەل کۆتایی پەرژینەکە، ئەو دیوارە دەڕوخێت و پانتاییەکی تر لەبەردەم زەینمان واڵا دەبێت، ئەو پانتاییە رووبەرێک نییە بۆ بینین، جیھانێک نییە بۆ ھەستکرن، ئەمە خەونێکە بۆ پاکبوونەوەو داماڵین کە تەنھا لەرێی داھێنان و ئەفراندنێکی بەرزەوە بەرمان دەکەوێت، تەنھا ھونەریش دەتوانێت ئەمە بخوڵقێنێت، بۆیە پرسیارەکە ئەوە نییە ئاخۆ ئەم کۆتاییە رەوایە یا ناڕەواو نەشیاو، پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ھونەر نەتوانێت جۆرێک لەم ئەفسوونە دروست بکات، بوون و زەروورەتی ھونەر لە چیدایە؟.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler