تشرینی دووەم 14, 2019

بۆچی سیـنەمای کوردی ناتوانێت لەسەر بناغەكانی خۆی بوەستێت؟

ئەگەرچی تەمەنێکی کورتە سینەما لە کوردستان خۆی خستووەتە نێو دڵی خەڵک و، لە ماوەی دامەزراندنی سینەماش لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو ھەنگاونراوە بۆ گەیشتن بە خەونی سینەمایەکی جیھانی، تەنانەت لەو ساڵانەی کە سینەما دروست بوو بە دەیان و سەدان خەونی گەورەوە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لەم چەند ساڵەدا بینیمان ئەوە نەبوو، کە ناوی بنێین سینەمایەکی پڕۆفیشناڵ، بەڵکو دەکرێ بڵێین کورد لە ھەوڵێکدایە بۆ دروست بوونی سینەما و ئاشناکردنی ھونەری حەوتەم لە کوردستان.

ھونەری حەوتەم
ڕوون و ئاشکرایە، کە ھونەری حەوتەم بەو ھونەرە باڵایە ناوەند دەکرێت، کە توانیوویەتی ھەر 6 ھونەرەکەی دیکە لەخۆوە کۆبکاتەوە، بەتایبەت لە بواری موزیک و شێوەکاری و دەنگ و ڕەنگدا، کە بوونەتە فاکتەرێک بۆ جوانکردنی بەرھەمە سینەماییەکان، لە کوردستانی خۆشماندا بەشێوەیەکی گشتی نەتوانراوە پەرە بەو ھونەرە بدرێت، کە لە وڵاتانی دنیادا بووەتە شوێنگرەوەی نەوت و سەرچاوە داراییەکانی وڵات، تەنانەت لە ھەندێ وڵاتی پێشکەوتوودا، حکوومەت بۆ بەدەستھێنانی داھات و پڕکردنەوەی بودجە بۆ خزمەتگوزارییەکان پەنا بۆ ھونەری سینەما دەبات، کە ئەمەش دەرخستنی ڕووی ڕاستی ئەو خۆشەویستیەیە کە لە نێوان ئەو وڵاتە و ھونەردا بوونی ھەیە.

سینەما و بە پیشەسازیکردنی سینەما
ئەگەر بمانەوێ سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەی جیھان وەرگرین، دەبێت سەرەتا لەوەوە دەست پێبکەین، کە ئێمە دەبێت ئەو ھونەرە بە پیشە بکەین، تا بتوانێت سینەما لەسەر پایەکانی خۆیەوە بووەستێت، نەک تەنیا کاری حکوومەت بێت بۆ خەرج کردنی بودجەی خەیاڵی و بەدەستھێنانی بەرھەمی کرچ و کاڵ، کە ئەمە ساڵانێکی زۆرە لە نێو ئەو ھەرێمەدا دەبینرێت.
ڕاستە بەشێک لە بەرھەمە سینەماییە کوردییەکان ھەنگاویان ناوە بۆ گەیشتن بە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان و بوونەتە خاوەنی خەڵاتە جۆراوجۆرەکان، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کورد گەیشت بە سینەمایەکی پڕۆفیشناڵ، چونکە دەبینین تەنیا بەرھەمێکە بووەتە خاوەن دەستکەوت و خودی دەرھێنەرەکەی لە بەری ئەو بەرھەمە دەخوات کەچی ھیچ سوودێکی ئەوتۆ بە ھونەری نیشتمان ناگەیەنێت، لەوەشیاندا دەرھێنەر بە تەماعکار نابینرێت، چونکە ئەگەر بچیتە نێو قوڵایی کارەکەیەوە و چۆنیەتی دروست بوون و گەیشتن بەو دەستکەوتە، ڕاستیەکت بۆ دەردەکەوێت، کە ئەویش ئەوەیە، کە ئەو دەرھێنەرە بە چ ئازارێک توانیوویەتی کار بکات بۆ لە دایک بوونی ئەو بەرھەمە سینەماییەی کە ئێستا وەک خاوەن دەستکەوت ناو دەبرێت.
بۆیە لەو ڕوانگەوە دەبێت دەیان کۆڕ و سیمیناری جیدی لەوبارەیەوە ڕێکبخرێت، تا بتوانرێت سینەما لە کوردستان بە پیشەیی بکرێت، چیتر ھونەرمەندیش وەک سواڵکەر لەبەردەم لایەنە پێوەندیدارەکاندا نەکڕۆزێتەوە بۆ پێدانی بودجەیەک بۆ بەرھەم ھێنانی سینەما.

ڕۆڵی فیلمساز چیە؟
ئێمە وا ڕاھاتووین تەنیا لە بەرھەمەکاندا ڕۆڵەکانی خۆمان بەدەربخەین و ناو لە خۆمان بنێین سینەماکار، تەنانەت زۆر بە تامەزرۆییەوە لە چاوەڕوانی ئەوەدابین کە ئاخۆ کام لە دەرھێنەرەکان لە ڕێگەی دۆستایەتی و نزیکییەوە بەشداریمان پێدەکات لە بەرھەمەکەی دا، بێ ئەوەی ھیچ کات ھەوڵ بدەین و یەخەی حکوومەت و سەرمایەداران و خودا پێداوانی ئەو وڵاتە بگرین، کە بەدەنگ ھونەری سینەماوە بێن، تەنانەت ھیچ کات نەمابینیووە سینەماکاران وەک چۆن ھاوڵاتی بۆ بەدەستێھێنانی مافەکانی مان دەگرێت تا دەگات بە خاڵی چارەسەر، فیلمسازیش بەو شێوەیە مان بگرێت بۆ سینەمای وڵاتەکەی، کە دەبینین بە بۆنەی قەیران و نەبوونی بودجەیەکی شایستە پەراوێز خراوە، تەنانەت ئەوەی کە لە وڵاتێکی دیکەشدا بە میوانی سەر لە کوردستان بدات زوو لەوە حاڵی دەبێت، کە سینەما لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو سست بووە، ئۆباڵی ئەو گوناھەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی خودی سینەماکارەکان، ئینجا فەرمانگە و لایەنە پێوەندیدارەکان، کە نەیانتوانیووە بە ڕادەیەک گوێ لە خەم و ئازاری سینەماکارانی کورد بگرن، یان ھەر ئەو بوارەیان بە گرنگ نەزانیووە و لای ئەوان تەنیا موزیک و گۆرانی ھونەرە و ئەوانی دیکە پێویست بە ھەبوون ناکەن.

دابڕان لە ھونەری ھەمەچشن
ئەوەی بووەتە جێی سەرنجی بەشێکی زۆر لە خەڵکی شارەزا و پسپۆر لە بوارەکەدا ئەوەیە، کە بۆچی بینەر لە سینەمای کوردی تۆراوە، کە ئەمەش پرسیار زۆر بە دوای خۆی دا دەھێنێت، کە ئەویش ئایا فیلمە کوردییەکان ناتوانن دڵی بینەر تێر بکەن لەو ھونەرە، یان سەردەمی ئەو ھونەرە لە کوردستان ڕووە و خەزانە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی سینەما لە ھەرێمی کوردستان، دەبینین لە ڕابردوودا چەندین بەرھەمی بەپێز لە سەردەمی زێڕینی شانۆ و سینەمادا تۆمارکراوە، ھەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت ھەر بەزیندوویی لە دڵی خەڵکدا ماوەتەوە، زۆرجاریش بە نموونە بەرھەمەکانی پێشوو دەھێنرێنەوە، پرسیاری جیدی لێردەدا ئەوەیە، کە بۆچی حکوومەت و فەرمانگە سینەماییەکان ناتوانن بینەر لەگەڵ سینەمادا ئاشت بکەنەوە و جارێکی تر بە چاوی خۆمان ئەو دیمەنانە ببینیەوە کە دەگوترا لە سەردەمی زێڕینی شانۆ و سینەمای کوردی دا پەنجەرەکان دەشکێندران بۆ بینینی گرتەیەکی سینەما و شانۆ.

باجوەرگرتن لە سەرمایەداران
ئەگەر بمانەوێ سینەما لەو ھەژارییەدا ڕزگار بکەین، دەبێت بە یاسایەک یان بە زۆرە ملێش بێت، حکوومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکار لە نێو ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان، ھەوڵ بدەن باج لە سەرمایەداران و وەبەرھێنەران وەربگرن بە ڕێژەیەک کە بتوانرێت ساڵانە ھەرنەبێ یەک تا دوو فیلمی سینەمایی بەرھەم بھێنرێت و ناوی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکەش بە لۆگۆ یان بە تایتاڵ بنووسرێت و بەو کارەش سەرمایەداری دیکە بەرەو پیلی ھونەری شارەکەیانەوە بێن، چونکە ئەوان لە خێر و بێری ئەو وڵاتەوە گەیشتوون بەو سەرمایە، بۆیە دەکرێت بەشێک لەو سوود و قازانجەیان ببەخشرێتەوە ھونەری نیشتمان، کە دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی سیاسەت و گەیاندنی پەیامی کورد بە جیھان.

گرنگیی ئەو ھونەرە لە چیدا دەبینرێت؟
زۆرجار پەیامە سیاسیەکان ناتوانن بەشێوەیەکی ئەوتۆ دەنگی میللەت و خەڵکی ئەو وڵاتە بگەیەنن بە دنیا، تەنانەت جاری واھەیە لە کۆڕبەندێکدا باس لە گرفتەکان دەکرێت، بەڵام ئەمە ناگات بەوەی کە ھونەری سینەما لە ڕێگەی فیلمێکی جوانەوە شۆڕش و کارەسات و خەم و ئازارەکان و گرفتە کۆمەڵایەتیەکان بە دنیا ئاشنا بکات، چونکە تەنیا سینەمایە دەتوانێت ئەو ھەموو خەم و ئازارانە لە کۆڵ بگرێت و بیگوزاێتەوە بۆ جیھان.
تەنانەت زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان گواھیدەری ئەوەن، کە کورد خاوەن دەیان و سەدان چیرۆکی پڕ لە تراژیدی و ناخ ھەژێنە بۆچی ھەوڵ نادرێت ئەو ھەموو تراژیدیایانە وەک خۆی بە وڵاتان ئاشنا بکات.
ڕاستە کاری زۆر کراوە بۆ بەدیکۆمێنت کردنی کارەسات و نەھامەتیەکانی ئەو گەلە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە سینەما ببێت بە شوێنگرەوەیەکی بەھێز بۆ سیاسەت.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler