ئەم پەڕەیە چاپ بکە

گۆڤاری "كوا لێهتی" لە وڵاتی فینلاند باس لە فەرهەنگ و جوگرافیای كوردەواری دەكات

گۆڤاری "كوا لێهتی" وڵاتی "فینلاند" لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی وێنەكانی فۆتۆگرافەری كورد "ڕەسوڵ خۆڕەم" خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نیشتەجێی وڵاتی "فینلاند"، تیشكی خستە سەر بارودۆخی كوردستان و ناساندنی زیاتری فەرهەنگ و جوگرافیای كوردەواری بە دانیشتوانی ئەوروپا .

"كوا لێهتی" گۆڤارێكی هەفتانەی وێنە و سیاسەتە، لە نوێترین ژمارەیدا (6) لاپەرەی تەرخان كردووە بە كوردستان و سیاسەتەكانی جیهان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرامبەر بو كورد.
شایەنی ئاماژە پێدانە: پەیامنێری گۆڤاری "كوا لێهتی"، "ئێلینا یەر وینێن" بە هەڵبژاردنی مانشێتی: (وێنەكان و دایك و كوڕ) لە ڕێگای زمانی وێنە و وتەكانی پێرە دایكێك كە بە ئاواتی گەڕانەوەی كوڕەكەیتی لە هەندەران بە شێوەیەكی تایبەت باسی ڕابردوو و ئەمڕۆ و داهاتووی كوردستان دەكات و كوردستانی سەربەخۆ و ئازادیش وەك گەورەترین ئاواتی دایكانی كورد ناو دەبات.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: ڕۆژنامەنووس "ڕەسوڵ خۆڕەم" خەڵكی شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی هەشت ساڵی ژیانی لە وڵاتی فینلاند بە كردنەوەی دەیان پێشانگای فۆتۆگرافی و بڵاو كردنەوەی وێنەكانی بە ناوەڕۆكی كوردستان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی فینلاندا هەوڵی داوە بۆ ناساندنی زیاتری كورد كوردستان بە فینلاندییەكان.

 

سەرهەنگ غەریب