ئاب 22, 2019

هەڵوێست محەمەد: لەمەودوا گۆرانی و نواندن دەبن بە دووانەیەكی دانەبڕاو لە ژیانی من!

فیلمی سینەمای (پەیكەری دڵ) كە یەكێكە لەو فیلمە سینەمایانەی گۆرانیی تێدایه‌. هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) رۆڵی سەرەكیی بەرجەستە دەكات، ئەو فیلمە سینەماییە لەلایەن هونەرمەند (شوان عەتووف) كاری دەرهێنانی بۆ کردووه‌، چیرۆكی (عەبدولغەفار عەبدوڵڵا)ـیە، (لوقمان سوخه‌نوەر) سیناریۆی بۆ نووسیووە، هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) بەشێك گۆرانییەكانی نێو لە فیلمەكەی ئامادە كردووە، پۆلێك لە هونەرمەندانی رۆڵی لەو فیلمەدا بەرجەستە دەكەن لەوانە (حەمە عەلی خان، ژیان ئیبراهیم، نزار سەلامی، ئەحمەد رەئووف، رێشان، رۆژان جەزا، نارین ئالان) لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی دیكە بەشدارییەكەی كارایان لەو فیلمەدا هەبووە، كاری بەرهەمهێنانی هونەری فیلمەكە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (میترۆ نۆم و كام پرۆدەكشن) جێبەجێ كراوە، لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە سینەماكانی (هەولێر، سلێمانی و كەركووك) نمایشه‌که‌ی دەستی پێكردووە و لەماوەی تەنها (6) رۆژدا (000 20) بیست هەزار بلیتی فیلمەكە فرۆشراوە و بینەرێكی زۆری لە سەرجەم شارەكان لە خۆی كۆ كردۆتەوە.

هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) كە رۆڵی سەرەكی و دیاری نێو فیلمەكەی بەرجەستە كردووە، لە میانەی لێدوانێكیدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشك دەخاتە سەرچەند لایەنێك لە كاری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمای "پەیكەری دڵ".
لەدەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) گوتی :"ئەو فیلمە سینەمایە لە ژێرناونیشانی (پەیكەریی دڵ)ـە، ماوەی نزیكەی ساڵ و نیوێكە كاری ئامادەكاریی بۆ دەكرێت، لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (میترۆ نۆم و كام پرۆدەكشن) كاری بەرهەم هێنانی بۆ كراوە، فیلمەكە لەرووی ناوەرۆكەوە بابەتێكی كۆمەڵایەتی باس لە ژیانی هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ دەكات، چیرۆكی فیلمەكە لەلایەن (عەبدولغەفار عەبدوڵڵا) نووسراوە، هونەرمەند (شوان عەتوف) كاری داڕشتنەوەی سیناریۆ و دەرهێنانی بۆی ئەنجام داوە، بەشێوازێكی سەردەمیانە كاری بۆ كراوە لە هەموو روویه‌كەوە فیلمەكە بابەتێكی تازە دەبێت لەنێو سینەمای كوردیدا".
هەروەها (هەڵوێست) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی نمایشی كردنی فیلمەكە ئەوەشی گوت: "لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانه‌وه‌ دەست كراوە بە نمایشی فیلمەكە، پێشوازییەكی دڵخۆشكەری هەبووە، سوپاس بۆ خوای گەورە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە، لە ماوەی كەمتر لە یەك هەفتە (000 20) هەزار بینەری هەبووە، بۆیە بڕیاڕمان داوە درێژە بە نمایشەكان بدەین، تاوەكو بینەری هەبێت نمایشەكان بەردەوامی هەبێت، چونكە خواستێكی زۆر لەسەر بەدەستهێنانی بلیتەكانی نمایش هەیە، هەروەها لە چەند فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە چەند وڵاتێك وەرگیراوەو كێبه‌ركێ دەكات لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەكانی نێو فیستیڤاڵەكان!".
لەبارەی ناوەرۆكی فیلمەكەی، بەشێكی به‌ گۆرانیه‌وه‌یه‌ لەبارەی گۆرانییەكان (هەڵوێست محەمەد) روونی كردەوەو گوتی : "ئەو فیلمە سینەماییە بەشێوەیەكی گۆرانی ئامێز كاری بۆ كراوە، بەشێك لەگۆرانییەكان لەلایەن هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) ئامادە كراوە، كە بە سوپاسەوە بەرهەمەكان بەشێوەیەكی باش لەگەڵ بەرهەمە گونجاون، لەگەڵ بەشێك لەگۆرانییەكانی نێو فیلمەكە هەندێك لە بەرهەمی گۆرانییەكانی خۆمن، سەرجەم گۆرانییەكانیش تازەن و بۆ ئەو فیلمە دروست كراون".
هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) لەبارەی ئەو ئەزموونەی لەو كارە سینەماییەدا پێیدا تێپەڕ دەبێت ئایا ئەو بەرهەمە دەبێتە دەستپێك بۆ هاتنە نێو كاری نواندنەوە، یاخوود تەنها ئەزموونێكە و حەزی كردووە تاقی بكاتەوە؟ لەوەڵامدا گوتی: "من زۆر دەمێكە ئارەزووی كاری نواندنم هەبووە، دەتوانم بڵێم یەكێك بووە لە خەونەكانم، تەنانەت لەنێو كاری ڤیدیۆ كلیپەكانیشمدا هەوڵمداوە لە زۆربەیان خۆم نواندن ئەنجام بدەم، بۆیە فیلمی سینەمای "پەیكەری دڵ" بوو بە وێستگەیەك لە نێو ژیانی هونەریی بۆ ئەوەی لەمەودوا له‌ بواری سینه‌مادا چالاکیم هه‌بێ، ئیدی لەمەودوا گۆرانی و نواندن دەبن بە دووانەیەكی دانەبڕاو لە ژیانی من!".
لە كۆتایی قسەكانیدا (هەڵوێست محەمەد) لەبارەی سازدانی ڕێوڕه‌سمێکی تایبەت بۆ نمایشكردنی فیلمەكەیان ئەوەشی باس كرد : "ئێمە زوو بەنیازی ئەوە بووین، ڕێوڕه‌سمێكی تایبەت بۆ كردنەوەی نمایشی فیلمەكە لە هەولێری پایتەخت ساز بكەین، بەڵام ئەو شوێنەی بەنیاز بووین ڕێوڕه‌سمەكەی تێدا ساز بكەین ئامادە نەبوو، بە هەر حاڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمە ساز دەكەین بە شێوازێكی فراوان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و هونەردۆستان و بەر پرسان و خەڵكانی بیانی ئەو ڕێوڕه‌سمە رێك دەخەین".
هەروەها (باهۆز نەسرەدین) ئەركی سەرپەرشتیكردنی بەرهەمهێنانی فیلمەكەی لە ئەستۆ بووە، لەبارەی كاتی نمایشكردنی فیلمەكە بەم شێوەیە روونی كردەوە و گوتی: "فیلمەكە  ئێستا سەركەوتنێكی بێوێنەی بەدەست هێناوە، هەروەك ئامارەكانی فرۆشتنی بلیتەكان لە هۆڵی سینەماكان پێمان دەڵێن، كە ئەو فیلمە ئاستێكی بەرزی هەیە بۆیە بینەران بە تامەزرۆیەكی باشەوە بەرەو پیریەوە دێن، دیارە ئەوەش شتێكی پێشبینی كراو بوو، چونكە سەرجەم كاستی فیلمەكە، بەو پەڕی لەخۆ بردویەوە خەریكی ئامادەكاری و كاری بەرهەمهێنان بوون، بۆیە پێم وایە ئەو فیلمە بینەرێكی زۆرتر و زیاتر لە چەند رۆی داهاتوو لەخۆی كۆ دەكاتەوە".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler