ئاب 22, 2019

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئومێدێکی نوێ

فەرهەنگ غەفوور
 

پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا و رێزدار (نێچیرڤان بارزانی)، بە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا. ئێمە وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێم و بۆ ئەم هەنگاو و دەستکەوتە نوێیە بۆ گەلەکەمان، هیوای زۆرمان هەیە کە هەریەکە لە رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێزدار (مەسرور بارزانی) کانیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەدا و توانا و لێهاتووییان، داهاتوویەکی رۆشن و ئارام و پڕ خزمەت و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کوردستان، بە پشتیوانی خوا و گەلەکەمان، بە تەواوی پێکهاتەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی بێننە دی.

لەم چەند ساڵەی رابردوودا، کە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت بوو، خزمەتێکی باش بە سێکتەری هونەر کرا و چالاکی و فیستیڤاڵەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، شایەدی ئەو خزمەتە زۆرەیە، کە لە بواری هونەردا کراوە. سازکردنی چەندین فیستیڤاڵی جۆراوجۆری هونەری و رۆشنبیری لە بواری سینەما، فیلم و کورتە فیلم و شانۆ و مۆنۆدراما و موزیک و گۆرانی و کۆنسێرت و شێوەکاری و هەڵپەڕکێ و فیستیڤاڵە کولتووری و یاری و پیشە میللییەکان و تێکڕای هونەرە جوانەکان، لەم چەند ساڵەدا سیمایەکی دیاری چالاکییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بووە. لەمڕۆش بەدواوە، کە قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو پێگەیە دەکاتە چەترێکی بەرین بۆ کۆکردنەوە و گرتنەخۆی تەواوی لایەنەکان و تەواوی سێکتەرەکانی ژیانیش، ئێمەش وەک هونەرمەندان ئومێدی خۆمان لەسەر ئەو بنەمایە لەو پێگە و قۆناغە نوێیە هەڵدەچنین، باوەڕیشمان وایە، وەک چۆن لە رابردوودا خزمەت بە بواری هونەرەکان بە گشتی کراوە، لەمەودواش، ئەم بوارە لەژێر رۆشنایی بەرنامە و سیاسەتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەم لەڕێی بەرنامە و کارنامەکانی کابینەی داهاتووی حکوومەت، گەشانەوەی زیاتر و پێشوەچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ، ئومێدمان هەیە کە لەو پێگە و قۆناغە نوێیەدا، گەشانەوەی زیاتر لەو بوارەدا بەدی دێت و زیاتر پاڵپشتی دەکرێ، بۆیە ئەرکێکی زیاتریش دەکەوێتە سەر شانی ئێمە لە بواری ئەکادیمی و پیشەیی لە سێکتەری هونەر و رۆشنبیری، کە بە وزە و گیانێکی تازەوە کار بکەین و خۆمان تەرخان بکەین بۆ خزمەتکردن بە هونەر و هونەرمەندان و لەو رێیەشەوە خزمەت بە گەل و وڵاتەکەمان بکەین.

© 2017 Hawler