حوزەیران 17, 2019

فەرهەنگ غەفوور
 

ئایینەکان لە ناویشیاندا ئاینی پیرۆزی ئیسلام، بەرنامەی ژیانن بۆ ئاسوودەیی مرۆڤ ئەگەر وەک خۆی کە خوای جوانی ناردوویەتی، پەیڕەو بکرێن. گەلی کوردی موسڵمان، کە زۆر بە پاکی ئایینەکەی وەرگرتووە، ئەگەر تەماشای ئاکار و کردارەکانی بکەین، هەر لە کۆنەوە باب و باپیرانمان هەرچی خەسڵەتی مرۆڤدۆستانە هەیە تێیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە کورد لە ناوچەکەدا لەناو هەموو گەلانی دراوسێ زیاتر بە تەنگ برایەتی و پێکەوەژیانەوە بووە و ئەمەش بە کردەوە تێیدا بەرجەستە بووە. بۆیە کوردی موسڵمان لەگەڵ مەسیحی و ئێزدی و ئایین و مەزهەب و نەتەوەکانی دیکە زۆر باش گونجاوە و تێکەڵاو بووە و ڕێزی لە تایبەتمەندییەکانیان گرتووە، ئەگەر لە درێژایی ئەو ڕۆژگارەدا لێرە و لەوێ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویدابێ، بەدەر بووە لە نەریتە گشتییەکە و زۆر جاریش ئەو ڕووداوانە بە فیتی دوژمنانەوە بووە، بۆ ئاژەوەگێڕی و فیتنەنانەوە لەناو ئەو برایەتی و پێکەوەژیانەی ساڵەهای ساڵە لەناو کورد و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە لە کوردستاندا هەبووە. لەناو ئەو فەزا گشتییەدا، هونەر هەمیشە وەک هەناسەیەک، ئامادەیی هەبووە و ئۆقرەیی داوە بە خەڵکەکە، لێکی نزیک کردوونەتەوە و خاڵێکی جەوهەری بووە بۆ لەیەک گەیشتن و یەکتر قبوڵ کردن. ئێستا کە لەناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانداین، شەوانە لە شاری هەولێری ئارام و لە زۆر شار و شارۆچکەی دیکەشدا دەبینین و دەبیسین، کە شەوانە خەڵکەکە، بە هەموو ڕەنگە جیاوەزانی نەتەوەیی و ئایینی، لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە و شەوانی ئارام بە یاری و یادەوەری و بەزم و ڕەزم و بڕگەی هونەری و گۆرانی و موزیک بەسەر دەبەن. ئەمە خاڵێکی جوانی ئەو پێکەوەژیانە ئایینی و نەتەوەییەیە، کە چاوی هەموو دونیای لەسەرە و لەناو دەوروبەرێکی گڕگرتوودا، کە تەنیا زمانی کوشتن و داگیرکاری و لەناوبردنی بەرامبەرەکان دەزانن، کەچی لێرە لە کوردستان، کە کورد پێکهاتە سەرەکی و زۆرینەکەیەتی، برایەتی و ژیاندۆستی فەرمانڕەوایە و کەس ئەوەی تر ڕەش ناکاتەوە. لێرەدا هونەر، کە زمانی هاوبەشی گەلانە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و هەیە، ئێمەش کە ئەهلی ئەو بوارەین، ئەوەندەی پێمان کرابێ و پێمان بکرێ، هەوڵ دەدەین لەو نێوەندەدا هۆکارێک بین بۆ زیاتر ئاشنابوون و لێکترتێگەیشتن و یەکترقبوڵ کردن، بۆ ئەوەی بە هەموومان ژیان جوان بکەین و هەموو هەوڵێکیش لەپێناو خۆشبەختی و ئارامیی مرۆڤەکان بێت، کە ئەوەش ئامانجێکی سەرەکیی ئایینەکان بووە بۆ ئاوەدانیی سەر زەوی، بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

© 2017 Hawler