حوزەیران 17, 2019

قووڵبوونەوە لە وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە لە بەرامبەر ئاوێنەدا دێتە فیکرت یان لەو کاتەی کە دڵت شکاوە و ئارامی لێ ھەڵگرتووی یانیش لە سەر لوتکەی چیایەک کە بەس خۆتت لێ دیارە و تەنھا ھەست بە خۆت دەکەی، ھەموو ئەمانە سەرەڕای جیاوازی بوونیان، بەڵام ھەر بۆ لای ھەستێک و پرسیارێکمان دەبەن، چەندە ناخ ھەژێنە و قورسە کاتێک دەبینی مرۆڤێک دێتە قسە و پرسیار دەکا من کێم و بۆ لێرەم چی دەکەم، وەک ئەوە وایە مرۆڤێک بۆ دایکی بگەڕێ دایکیشی نەدۆزێتەوە بە قوڵایی دڵیەوە بگری ھاوار بکا و ئارام نەبێت، پاشانیش ھێمن ببێتەوە و بە سارد و سڕی فرمێسکەکانی بسڕێ و دایکیشی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەو کاتەی پێکەنینێک دێتە سەر لێوی ھەزاران چیرۆکی دوور و درێژ خۆیان وا کپ دەکەن چۆن بڵێی ھەر بوونیان نەبووە، پێکەنینێک لە دەروونێکی ئاڵۆزدا ئەوەندە بەھای ھەیە ئەوەندە دوور دەڕوا کە بە سەد پێکەنینی سادە و ھەزار پێکەنینی دەروونی کەسێکی نووستووی حەقیقەت نەبین ناگۆڕدرێتەوە، ئەو کاتەی کە حەقیقەت ڕوون بۆوە تراژیدیا دەست پێ دەکا، کە مرۆڤ کەوتە ئاسمانی حەقیقەت و زانی، باشتر تێدەگا و باشتریش بێ دەنگ دەبێ، کە بێ دەنگیەکی جوان و پڕ مانامان دۆزیەوە، دەکەوینە داوی خۆشەویستی لە گەڵ خود دا، کە خۆشەویستی لە لای خود درووست بوو، ئەو کاتە ئەستێرەیەکی تر لە نێو مرۆڤایەتی دێتە بوون، خۆشەویستی تاکە ڕێیە، تاکە ھێزە، تاکە پەناگەیە، تاکە زمانە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە ڕێیەوە لە یەکتری بگات، بۆ ئەوەی بەو ھێزەوە بەرەنگاری ئەو حەقیقەتانە بێتەوە کە ئاڵۆزی دەکەن، دوا چارەی ئەم جیھانە خۆشەویستیە، کۆمیدیا دەبێ بەو ڕێچکانەدا بڕوا و تێپەڕێ، کۆمیدیا لە ھەڵگرتنی ئەو قورساییانەوە خۆی دەردەخات.

 

ھەڵبەست ئیبراھیم

© 2017 Hawler