تشرینی دووەم 19, 2019

مریەم خان، یەكەمین خانمە گۆرانیبێژی كوردە كە گۆرانییەكانی لەسەر قەوان و گرامافۆن تۆمار كراون

ژنە گۆرانیبێژی كورد (مەریەم خان) ناوی تەواوی (مەریەم محەممەد ئەحمەد)ە و ساڵی 1904، لە گوندی (دێرگول)ی سەر بە ناوچەی جزیرەی بۆتان لەدایك بووە.

سەرەڕای ئەوەی لە ژیانیدا دووچاری گرفت و ناخۆشی زۆر بووەتەوە، توانیویەتی كەسایەتیی خۆی بەرز ڕابگرێت. یەكێك له و تایبەتمەندییانەی كە مەریەم خانی پێ ناسراوەتەوە، ئەوە بووە كە هەمیشە سەری بە لەچك بەستووە. هۆكارەكەیشی ئەوە بوو هەر لە كۆنەوە تا ئێستا، لە ناو خێڵە كۆچەرییەكانی باكوور و خۆرئاوای كوردستان و هەندێ ناوچەی (شەنگال)دا، ئەم شێوازی سەربەستنە باوە. پاش ئەوەی كاریگەرییەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی، باری ئابووریی و كۆمەلایەتی خەڵكی ناوچەكە نالەبار دەكات، ئەمیش وەك زۆربەی خەڵك، زێدی خۆی بەجێ دەهێڵێت و بەره و ولاتی شام كۆچ دەكات. ماوەیەك لە شاری (دیمەشق) دەمێنێتەوە و دواتریش ساڵی 1924دا، دەچێتە باشووری كوردستان و لە شاری (زاخۆ) جێگیر دەبێت.
كاتێك كۆمپانیای تۆماری دەنگ لەسەر قەوان لە شاری (بەغدا) دادەمەزرێت، مەریەم خانی هونەرمەند، بە هیوای ئەوەی كە گۆرانییەكانی لەسەر قەوان تۆمار بكات، ڕوو لە پایتەخت دەكات و لە ساڵی 1930دا، چەند لاوك و بەستەیەكی لە لایەن كۆمپانیای (بەیزافۆن، ئۆدیۆن و ئەبولكەلب)ەوە، لەسەر قەوان بۆ تۆمار دەكرێت. یەكەمین قەوانی لە ساڵی 1930دا بە ناو دۆمامێ تۆمار كردووە.
مریەم خان (مێرەم خان) یەكەمین ژنە گۆرانیبێژی كوردە كە گۆرانی‌یەكانی لەسەر قەوان یان گرامافۆن تۆمار كراوە.
جگە لە سترانەكانی سەر قەوانی، بەدەیان لاوك و بەستەی كوردی لە ئاھەنگی گۆرانی ڕاستەوخۆی لە ئێستگەی ڕادیۆی كوردیی بەغدا چڕیوە و چەپكێك گۆرانیش بە دووقۆڵی لەگەڵ سترانبێژە ھونەرمەندەكانی كورد، موحەممەد عارفی جزیری، حەسەن جەزراوی، ئەڵماس موحەممەد گوتووە.
مریەم خان لای كۆمپانیای هیس ماستەرس ڤۆیس 12 لاوك و بەستەی بە 5 قەوان و 4 قەوانی كۆمپانیای كۆلومبیا پڕ كردووەتەوە كە دەكاتە 9 قەوان. لەوانە (لۆركێ لۆركێ، گولێ وەی نار، هەی بەردە بەردە، لێلێ وەسۆ، گولا شێنی شێنی، یار حەلیمێ، محەممەدۆ ڕۆنی، لێلێ ئێمێ، لێ دایێ، لۆلۆ سوارۆ، ئەی دەلال و زەمبیل فرۆش). بەم كارەشی، دەبێتە یەكەم گۆرانیبێژی كورد كە بە دیالێكتی كرمانجی ژووروو گۆرانی لەسەر قەوان تۆمار بكات.مریەم خان سیازدە بەستەی فۆلكلۆریی، شەش لاوكی میللی و شۆڕەسواریی وپازدە لاوكی ئەڤینداری چڕیوە. جگە له و لاوك و بەستانەی كە لەسەر قەوان تۆماری كردوون، لە ڕادیۆی بەغدا و ئاهەنگەكانیشدا، ژمارەیەكی زۆر بەستە و لاوكی تریشی هەیە، كە هەندێكیان تا ئێستاش لەلایەن گۆرانیبێژانەوە دەوترێنەوە. بە پێی قسەی “كامیلی كاكە مین” یەكەمین بێژەری ڕادیۆی كوردی بەغدا، مریەم خان لەساڵی 1942دا تێكەڵی پەخشی كوردی ڕادیۆ بەغدا بووە.
مریەم خان لە ساڵی ١٩٤٩دا تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بووە، ھەرچەندە خرایە نەخۆشخانەی تایبەتی و ھەوڵی چارەسەركردنی نەخۆشییەكەی درا، بەڵام بێ سوود بوو و لە ئەنجامی ئێش و ئازار لە دوادوای مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری بە‌غدا كۆچی دوایی كرد.

 

ئاریان  دەرگەڵەیی - هەولێر

© 2017 Hawler