ئاب 22, 2019

فەرھاد زیرەک، پاسکیلسوارە دەوڵەمەندەکە

لە نێو دڵی ئەو کۆڵانە تاریکانەی کە سەرنشینەکانیان عەیامێکە ژیانیان بیر چۆتەوە یەکێک لەو سەرنشینانە غەریبێکە گەریدەیەکی عەشقی ناکامە بەبێ دەنگی بە کڕوکپ بەبێ ئەوەی شتێک بشکێنێت ھاتە نێو ئەدەبیاتی ئاواز و لیریکی کوردی، بەبێ ئەوەی ئەو مەبەستی بێت گەورەترین تەکانیدا بە میللیەت و مەقاماتی کوردیدا وەلێ لە مێژووی گۆرانی کوردیدا دوبارە نابێتەوە.

ئاخر با بێ مروەت نەبین ئەو دەنگی ھەشتەمی داھێنا حەفت ئاستە دەنگەکەی قەرداربار کردۆتەوە کامە گەورە ھونەمەندی ئێستا لە تەبەقەی (سی) توانیویەتی بەبێ فشار بە موڕتاحی مەقام بچڕێ ھەرئەوەندە نا بەڵکو لەرینەوەیەک بە قوڕگی دەکا لەماوەی زەمەنی ھەناسە درێژەکانیدا پاسارییەکان ھێلانەکانیان جێدەھێڵن بەدوای مەعشوقەکانیان دەگەڕێن، من بەدەنگی فەرھاد گەورە بووم لە دەلاقەی وشەکانییەوە سەیری دنیایەکم کرد کەبەر لە ئەو وجودی نەبوو لەوێ عاشق بووم، خووم بە خوێندنەوە گرت ئەو رۆمانانەم دەخوێندەوە کە لە شەرحی ئاوەزەکانی فەرھاددا ھەبوون عاشقی ئەو کاراکتەرە دەبووم کە بە غەریبی دەھاتنو لەوسەری بە غەریبی لێی دەردەچوون لە قەسیدەی شیعری شاعیران فەرھادم بینیوە باڵی ھەبووە فریوە وەلێ کە زوومی کامێرا غرورەکانی بینیوە بە ھێمنی نشتووەتەوە.
مانگی زیرەک جیایە لە مانگی فەلەک، ئەو لە زەوی لە گەڕەکی شان بەقورەکان بەدوای مانگی خۆیدا دەگەڕێت مانگی فەرھاد لەم سەدە بێ رەحم پر درویە موژدەی ھاتنی داستانێکی تازەی پێیە، ھەوادارانی زیرەک وەک خۆی لە عەشق گەیشتوون ئەوان سادە بەدیار دەنگە بێ غەلوغەشەکەی فەرھاد عەشقی خۆیان بۆ شیرین بەیان دەکەن لە نیشتمانی دڵی ئەواندا درۆ دەستگەرمکرنەوە نییە ئەوان لە بیناو عەشقەکەیان دەبنە پیشمەرگە، دنیای زیرەک بیر و باوەڕی دوگمای تیانیە لە ئوشوی فەیلەسووف دەچێت، مەلام بینیوە لە شەقامێک گوێی لە دەنگی فەرھاد بووە ئەو ڕۆژەی تەندروستی تێک چووە بە پەلە گەڕاوەتەوە ماڵەوە بە نھێنی تێر تێر بەسەر یادەوەرییەکان گریاوە، نوێژخوێن ھەبووە لە رکاتی چوارەم دابووە بە دەنگی فەرھاد لەرزە لەرز گرتویەتی ھارەی گریانی ھاتووە مامۆستا پێی گوتووە برای موسڵمان نوێژەکەت بکەوە، ئەوانەی نەشئەی دەنگی فەرھاد مەستی کردوون زۆرن، خوێندکار ھەبووە بە دەنگی فەرھاد عەشقی میوزیک بووە تەقدیمی ھونەرەجوانەکانی کردووە و ئێستا مامۆستایە، ھەیە دەنگی فەرھاد کردوویەتی بە دکتۆر ھەشە بووە بە موعتاد، کرێکار ھەبووە سەری لە دروشمەکانی مارکس دەرنەچووە بەڵام بەدەنگی فەرھاد بووە بە تەنزیمی حیزبی شیوعی ئەوانەی گوێ لە فەرھاد دەگرن زۆربەیان وا لەبەرەی جەنگن دژی جەھل و تاریکی دەجەنگن، ئەوان لەکاتی پشوودا گوێ لە سروودە ئاگراوییەکان ناگرن، بەڵام بە دەنگی فەرھاد عاشقی مەعشوقەکانیان دەبنەوە، ئەوان گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ سەروەربوونی کەرامەتیان، من بە دڵمەوە دەزانم فەرھاد دەنگێکی یاخییە عەیامێکە لە تەنیایدا گوێ لە فەرھاد ناگرم زۆر دەترسم موعتاد بە دەنگی ببمەوەو شەقێک لەو دنیا بەختەوەر درۆزنە بدەم و دەرگای ماڵەوە بەجێ بھێڵم، بۆ ئەبەد نەگەڕێمەوە، بەداخەوە دەردی فەرھاد تەنھا کوردبوونە چاکەتوپانتۆڵ لەبەرەکانی ئێستا کە لەسەردەمی جیلی ئاڵتوونیدا ژیاون بەشێکیان پێیان عەیبە ئێستا باسی فەرھاد بکەن وەلێ گەر لە ماڵەکانیان بگەرێیت بەدەیان کاسێتی زیرەک دەدۆزیتەوە، خەڵک ھەیە دەنگی فەرھاد لەشەودا بەنجی کردووە، لەرۆژدا لای ھاوڕێیەکانیان بی بایەخ باسی کردووە، بەڵام مێژوو رەحم بە ھیچ کەسێک ناکا ئەو ئەسپی خۆی تاودا ئەوەی عەشقناس و ویژدان دۆست بێت تێدەگا فەرھاد چ غەریبێکی سەیر بوو، بەڵام ئێستاش کەس لە کۆدی ئەو دەنگە غەریب و حەسرەتاوییە نەگەیشت، زیرەکی ھەژار ئێستاش بە پایسکیلەکەی خۆی بەردەوامە لە ناردنی ئەو نامانەی کە رابەرێک بۆی دەھێنا.

 

بارزان سنجاوی

© 2017 Hawler