ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ھونەرمەندان بە گەشبینیەوە دەڕواننە کابینەی نـــۆیەمی حکوومەت

شیڤان شێرزاد - هەولێر

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی لایەنەکان و ھەنگاونان بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە (مەسرور بارزانی) بڕیارە سەرۆکایەتیی ئەو حکوومەتە تازەیە بگرێتە ئەستۆ وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆتاییھێنان بە ھەموو قەیرانە سیاسی و داراییەکان و کارکردن بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی ژیانی تەواوی ھاووڵاتیان و گشت چین و توێژەکان، ھونەرمەندان بە گەشبینیەوە دەڕواننە ئەو حکوومەتە نوێیە و پێیان وایە، کە ئەو بەربژێرەی پارتی دەتوانێت کۆتایی بە ھەموو ئاستەنگەکان بێنێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان بووەتەوە بەھۆی قەیرانە سەختەکان و کۆتاییھێنان بە کەیسی گەندەڵی و گەڕانەوەی ھیوا بۆ ھونەری کوردی، کە ئێستا لە لێواری مەرگدایە، بەتایبەت ھونەری ھەولێر کە ھیچ بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدراوە، یاخود قەیران ھەموو کار و چالاکییەکانی وەستاندووە.

دڵنیام سینەما دەبووژێتەوە!
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری ھونەری سینەمای ھەولێرە، ساڵانێکە لە خزمەت ئەو بوارەدا دەیان و سەدان چالاکیی جۆراوجۆری پێشکەش کردووە، تەنانەت حەز و خۆشەویستیی ئەو ھونەرمەندە بۆ کاری فیلمسازی وای لێکردووە گوێ بە نەبوونی بودجەی شایستە بۆ سینەما نەدات، ھەرگیز بیر لەوە نەکاتەوە کە قەیران بتوانێ کارە ھونەرییەکانی ئەو ڕاگرێ، بەڵکو دەیان جار لە پاڵ پێشمەرگە و لە نزیکترین سەنگەری پێشمەرگەدا خۆبەخشانە لەگەڵ ستافەکەی سەرگەرمی بەرھەمی ھونەری بووە، چونکە بە بڕوای ئەو ھونەرمەندە دەبێت، ھونەرمەندانی فیلمساز ھەنگاو بە ھەنگاو بەشدار بن جەنگاوەرانی نیشتمان کە ئەوانیش خەونی ئازادیان ھەیە و داکۆکی لە جوانی و گەشەسەندنی ئەو وڵاتە دەکەن، ھەربۆیە ڕاشکاوانە دەڵێت: لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی بەڕێز (مەسرور بارزانی) ئەرکە قورسەکەی گرتە ئەستۆ لە پاراستنی نیشتمان و دابین کردنی سەقامگیری بۆ کوردستان، ئەزموونێکی جوانی پێشکەش کرد، توانیشی زاڵ بێت بەسەر ھەموو ئەوانەدا كە چاویان بە جوانی و ئاوەدانیی کوردستان ھەڵنایەت، تەنانەت بەردەوام لەسەر ھێڵ بووە بۆ ئەوەی ئێمە لە کەشێکی ئارامدا کار و بەرھەمەکانمان پێشکەش بکەین، ئەمەش بڕوایەکی تەواوی لە دڵی ھەموواندا دروست کردووە، کە دەتوانێت لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھیوایەک بۆ سینەمای ھەولێر بگەڕێنێتەوە، کە ئێستا لەوپەڕی ھەژاریی خۆیدا کارەکانی سست و لاواز بوونە، بەھۆی نەبوونی بوودجەیەکی تایبەت، کە لە قەیرانی داراییدا پشکش شێری بەرکەوت، بۆیە ئومێدم زۆرە و دڵنیاشم کە دەتوانێت ھەموو ئازارەکانمان کۆتایی پێ بێنێ و جارێکی دیکە بە خۆشەویستیەوە دەست بکەینەوە بە گەڵاڵە کردنی پڕۆژە سینەماییەکانمان، دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی ڕێگر بین لەوانەی کە ویستیان سینەما بکەن بە فاکتەرێک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆ ناساندن و ھیچیشیان لە ھەگبەدا نەبوو، تەنیا قسەی سواو نەبێت، کە تەشھیر بوو بە ھونەر و سینەمای ھەولێر.

ڕوخسارێکی نوێ لە حوکمڕانی کوردستان
ئەوەی لە زاری ھونەرمەند (مسەدەق بەرزنجی) بیستمان ئەوەبوو، کە ئەو ھونەرمەندە بڕوای تەواوی ھەیە بەوەی کە سەرۆکوەزیرانی نوێی حکوومەت، کلیلی چارەسەری ھەموو گرفتەکانی لایە، چونکە ئەو دەتوانێت لە ماوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، ڕوخسارێکی نوێ لە حوکمڕانی کوردستان پێشکەش بکات، تەنانەت بڕوای وایە، ئەو نەک لە ھونەر گۆڕانکاری دەکات لەسەر ھەموو جومگەکانی ژیان، بۆیە ھەوڵ دەدات کە ھەموو ئاستەنگەکان لە دڵی خەڵکی کوردستان بسڕێتەوە و جارێکی دیکە ئێمەی ھونەرمەند دەست بکەینەوە بە جووڵەی کارە ھونەرییەکان، کە ھەریەکەمان دەیان و سەدان خەونمان ھەیە بۆ ھاوکار بوون لە جوانکردنی کوردستان، تا دێش ئەو خەونانەمان مەزنتر دەبن.

 لە خەونەکانمان نزیک دەبینەوە
(سامی کاکە)ـی دەرھێنەریش یەکێکی دیکەیە کە لەو ڕاپۆرتەدا بە ڕاشکاوانە دەڵێت: بە گەشبینیەکی زۆرەوە دەڕوانمە ئەو کابینەیە، ئەگەرچی ساڵانێکی زۆرە ئێمە لە ھەژاریدا کارە ھونەرییەکانمان ڕایی دەکرد، بەڵام پێموایە سەردەمی قەیران لەگەڵ ھاتنی (مەسرور بارزانی) کۆتایی ھات، چونکە ئەو ئەندازیارە ئەزموونێکی جوانی لە سەقامگیری نیشانی خەڵکی کوردستان داوە، چۆن توانیی دەرگای تیرۆر لەوانە دابخات کە چاویان بە جوانی و ئاوەدانی کوردستان ھەڵنەدەھات، ئەواش دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر وشەی قەیران دا، بۆیە ھیوای زۆرم بەو کابینەیە ھەیە کە بتوانێت بودجەیەکی شایستە بۆ کارە سینەماییەکانی ھەولێر دابین بکات، تاکو ئێمەی سینەماکاریش بتوانین ئەو بەرھەمانەی کە ساڵانێکە لە ھزر و خەیاڵمان دایە و تۆمار نەکراون دەست بکەین بە بەرھەمھێنانیان و ٤ ساڵی پڕ لە ئارامی و خۆشەویستی لەو کابینەیەدا ببینین.

گەشانەوەیەک بۆ کوردستان بەدی دەکەم
(جوائیل ئەبوبەکر)، کە لە نێوەندی ھونەری بە (تۆفان ناسراوە) دەڵێت: ئەوەی من تێبینی دەکەم، کوردستان گەشانەوەیەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینی، چونکە ئەو پیاوە ھەمیشە دارحەساکەی بۆ لە ناوبردنی گەندەڵکاران بەکار ھێناوە، ھەمیشە دژی ئەوانەوە وەستاوەتەوە کە ھەوڵیان داوە کە ئەزموونی ئەو وڵاتە ناشیرین بکەن، بۆیە پێم وایە خۆرێکی نوێ لە ئاسمانی کوردستان ھەڵدێت، ئێمەی ھونەرمەندیش وەک کارگەیەک لە نێو ھونەر دەست دەکەینەوە بە بەرھەم ھێنانی فیلمە جوانەکان و تۆمارکردنی ئەو بەرھەمانەی کە بەھۆی قەیرانەوە نەھاتبوونە بەرھەم.

پێویستمان بە یاسایەکە بۆ پاڵپشتیی ھونەر
ئەوەیان پێشنیارێکی ڕەوای ھونەرمەندێکی گۆرانیبێژە، کە (دیار حەیدەر)ـی ناوە، ساڵانێکە گۆرانیەکانی ئەو ھونەرمەندە بە زاراوەی کرمانجی دەبیسین، ھەموو بەرھەمەکانی ئەو ھونەرمەندەش بۆ خۆشەویستیی نیشتمان گوتراوە، تەنانەت لە زۆربەی بەرھەمەکانیشیدا وەک پێشمەرگەیەک لە قەد شاخەکانی کوردستان تۆمارکراون، ئەویش لەو ڕاپۆرتەی (ھەولێر)ـدا دەڵێت: پێشنیار دەکەم، کە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان، بە پڕۆژە یاسایەک کار بکات بۆ پاڵپشتیی ھونەرمەندان، چونکە حکوومەت دەتوانێت سەرمایەداران بانگھێشت بکات، کە لەو سەرمایەی ھەیانە بە ڕێژەیەک ھاوکاری ھونەری کوردی بن، چونکە تەنیا ھونەرە دەتوانێت دەنگی ئەوان بگەینێتە جیھان، بەڵام مخابن کە لە کوردستان تا ھەنووکەش سەرمایەداران درک بە گەورەیی ھونەر ناکەن، کە تەنیا ڕێگایە بۆ جوانکردنی سیمای ئەو وڵاتە.

چاوی کامێراکانمان لەسەر گەشەسەندنی ئاوەدانی دەبێت
لە دوا چرکەی سازدانی ئەو ڕاپۆرتە ھونەرمەندێکی فۆتۆگرافەر بە ناوی (ھەژار نانەکەلی)، کە ساڵانێکە لە بواری فۆتۆگرافی کار دەکات، دڵی خۆی بۆ (ھەولێر) کردەوە و گوتی: کاتێک کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی بۆ حکوومەتی نوێ دیاری کرد، زۆر خۆشحاڵ بووم، کە بیستم ئەو کەسایەتیە جوانەی دیار کردووە، کە بووەتە ڕەمزی نەمانی گەندەڵی و لەباربردنی خەونی نەزۆکانەی تیرۆر، چونکە ئەو مرۆڤە ھەمیشە بە عەشقی نیشتمانەوە لەسەر دەستی (بارزانی) باوک پەروەردە بووە، بۆیە ھەمیشە دڵی بۆ ئاوەدانیی کوردستان لێدەدات، ئێمەش وەک فۆتۆگرافەر، چاوی کامێراکانمان بەردەوام لەسەر چالاکی و گۆڕانکارییەکان دەبێت و بەردەوامیش ھاوکار دەبین بۆ سەرخستنی ئەو حکوومەتەی کە دەمێکە چاوەڕوانین.