ئایار 25, 2019

خوێندنەوەی نمایش و وەزیفەی رەخنە

ھەمیشە جیاوازییەک ھەیە لە بەرکەوتن و خوێندنەوەی نمایش لە نێوان بینەرو رەخنەگردا، بینەر ھەر نمایشێکی شانۆیی لەسەر ئاستی ھزرو چێژ دەخوێنێتەوەو رووبەری بەرکەوتنی لەگەل نمایش لەسەر بنەمای بیستن و بینین بونیاد دەنێت و کۆناکتی راستەوخۆ لەگەل وێنە بینراو و بیستراوەکان دەکات و تەنھا بایەخ بە بەرھەم دەدات، بەو واتایەی ئەوەی بۆ بینەر گرنگە لە دوای گوتاری فیکری نمایش، خودی وێنە شانۆییەکەیە بە ھەردوو فۆرمی بیستراو و بینراو، سەنعەتی دروستکردنی وێنەکەو ووردەکارییەکانی بونیاد و چنین و داڕشتن بۆ ئەو جێگەی سەرنج نییە، بە پێچەوانەی رەخنەگرەوە کە جگە لە خودی وێنەکان، سەنعەت و ووردەکاریی دروستکردن و مەنھەجی کارکردن و تەبایی و ھارمۆنیەت لەنێوان وێنە بینراو و بیستراوەکان ھەڵوەستەی لا دروست دەکەن، ئەمە جگە لە گوتاری جوانکاری و ئیبداعی نمایش و شێوەو فۆرمی بەرکەوتنی تێکستە جیاوازەکان لەنێو تێکستی نمایش و جومگەکانی گرێدانەوەی سێکتەرە ھزری و فەلسەفیەکانی نێو تێکست بە گوتاری دیدەیی (بەسری) نمایش وریتم و جولە دەرەکی و ناوەکییەکان و بەرکەوتنی ئەکتەر بە رەگەزەکانی سینۆگرافیاو بەخشینی گیان بە کەرەستە شانۆییەکان و کۆمەڵێک ووردەکاری تر کە رەخنەگر دەتوانێت جیھانبینی خۆی لەسەر بینا بکات، لە ھەموو ئەمانەش گرنگتر خوێندنەوەی نمایشە لە سیاقی مەنھەجیەتی دروستکردنییەوە، واتە نمایشێکی واقیعی لە فۆرمێکی واقیعییدا بخوێنێتەوەو نمایشێکی ئەبسۆردیش بە فۆرمی کارەکە لێکبداتەوە، ئەم خاڵە ئەگەر خاڵێکی گرنگ و جیاکەرەوە بێت لای رەخنەگر، ئەوە بێگومان لای بینەر و وەرگر، ئەو بایەخەی نییە، بینەر نمایش لە سیاقی فیکرو چێژبینین و دیدگاو جیھانبینی بۆ کاری شانۆیی دەخوێنێتەوە، بۆ نمونە بینەرێک کە خولیای کاری واقیعییە، رەنگە چێژ لە نمایشێکی تەعبیری یا ئەزموونی نەبینێت، ئەگەر نمایشەکە لە ئاستێکی باڵاشدا بێت، بە پێچەوانەی ئەمەوە رەخنەگر ھێلی تەماسی لەگەل نمایش تەنھا لە چەمکی چێژەوە کورتناکاتەوە، ھەرچەندە ئاساییە ئەویش وەک بینەرێک چێژ لە جۆرێک و شێوازێکی تایبەتی نمایش وەربگرێت، بەڵام بەرکەوتنی لەگەل نمایش تەنھا لە پێوانگەی چێژەوە نابێت و ھەر نمایشێک لە سیاقی مەنھەجیەتی کارکردنی خۆیەوە دەخوێنێتەوەو لەو رووبەرەی بەرکەوتنی بە نمایش تێکستی رەخنەیی لەدایک دەبێت کە جیاوازە لەگەل تێکستی بینەر و وەرگر.
ئەوەی من سەرنجمداوە لە کۆڕو کۆبوونەوە رەخنەییەکانی دوای نمایش، زۆرێک لە شانۆکاران و رەخنەگران بە ھەمان پێوەری بینەر نمایش دەخوێننەوەو کۆنتاکتی لەگەلدا دەکەن، بەو واتایەی رووبەری خوێندنەوەیان بۆ نمایش بەشێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەستە بە دونیای چێژو بەرکەوتن بە جۆرێکی تایبەتی نمایش کە حەزی لێدەکات و لە دەرەوەی ئەم رووبەرە زۆرینەی نمایشەکانی تر لای ئەو دەکەونە پەراوێزەوە، ئەمەش یەکێکە لەو پەتایانەی کە گوتاری رەخنەیی ئێمەی داگیرکردووە، کاتێ رەخنەگر دەیەوێت نمایشێک لەوە زیاتر بارگاوی بکات کە ھەڵیدەگرێت و دەیەوێت لە رووبەری تر بیخوێنێتەوە کە لە بنەڕەتدا رووبەری کارکردن و بونیادی نمایشەکە نییە.
گرنگتر لەوەش ئەوەیە بزانین چەمکی تازەی رەخنە پەیوەست نییە بە ھەڵسەنگاندن بۆ باشی و خراپی نمایش، یا دیاریکردنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی وەک ئەوەی زۆرێک ئەوە بە وەزیفەی رەخنەگر دەزانن، لە ئێستادا وەزیفەی رەخنەگر زۆر لەوە قوڵترو ئالۆزترە کە بەو سادەییە لێی بڕوانین و مامەڵەی لەگەڵ بکەین، رەخنە وەک چەمک داھێنان، نوسینەوەی تێکستێکی تازەیەو پەیوەستە بە جیھانبینی رەخنەگرو تێگەیشتنی بۆ واقیع و دەوروبەرو رەنگدانەوەی ئەو واقیعە لە ھەست و نەست و ئیدراکی کەسەکە، تێکستی ئەسلی نمایش جگە لەوەی کە دەبێتە بونیادێک کە رەخنەگر تێکستەکەی لەسەر بینا دەکات، ناچێتە رووبەری ھیچ جۆرە پێوەرو پێوانگەیەک کە وتاری رەخنەیی بەرامبەر نمایش بیدۆزێتەوەو رەخنەگر ببێتە داوەرو تەرازووی ھەڵسەنگاندن بە دەستەوە بگرێت.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler