ئاب 23, 2019

قالە مەڕە.. ئەو هونەرمەندەی لەسەرە مەرگدا خەمی گەورەی شمشاڵەكەی بوو

بە گەواهی هەموو لایەك قالە مەڕە ئەو ناوە بەرز و پیرۆزەیە كە لە ڕۆژگارێكی تەمەنیدا زۆر بە كاریگەرییەوە شمشاڵەكەی بە هەردوو لێوەكانی دەگرت و خۆشترین ئاوازی ڕەسەن و كوردانەی بۆ گەورە و بچووك دەچڕی و بە نەغمە خۆشەكەیەوە گوێچكەی هەموومانی پڕ دەكرد لەو ئاوازە بە جۆش و خرۆشەی كە هەموو كەسێك حەزی لێ دەكرد و بە پەرۆشەوە تێكەڵ بە هەست و نەستی دەبوو،چونكە بەڕاستی ئاوازێكی ڕەسەنی پێشكەش دەكرین جیا لە هەموو ئاوازە بەتامو خۆشەكان، بۆیە ئێمە و مانان ئێستاش بەیادی ئەو ڕۆژانە دەژین كە قالە مەڕە ئاوازەكانی تێدا دەژنی و خۆشی و شادی و بەختەوەری دەخستە دڵەوە،كەچی ئێستاكێ بە داخێكی زۆرەوە خاوەنی ئەو دەنگ و شمشاڵە عەیامێكی دوورە بارو بارگەی خۆی تێك ناو بۆ هەتا هەتایە كۆچی دوایی كرد و ئێمە و شمشاڵەكەشی بەبێ نازی لە غەریبی جێهێشت،ئەو شمشاڵەی كە تاقە سەلوای ئەو و ئێمەش بوو،بەڕاستی قسەكردن لەسەر ئەو مرۆڤە هونەرمەندە ڕەسەنە كارێكی هەروا ئاسان نیە و كاتێكی زۆر زۆری پێویستە تا مافی خۆی پێ بدەین و شتێك بنووسین بەقەد باڵای ئەو بێت، چونكە ئەو بەهۆی ئەو شمشاڵەوە چەندین خەڵاتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەرگرت و ئێستا لە ئەرشیفی نەمری ماوەتەوە،هەروەها گرنگی شمشاڵەكەی ئەو دوێنێ و ئەمڕۆ لە ئاستێكدایە كە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری موزیك نە تەنیا نەیانتوانیوە لە باسكردنی ئاستی هونەری قالە مەڕە خۆ ببوێرن بەڵكو وەك بلیمەتێك باسیان لێوە كردوە، چونكە لە زۆربەی فیستیڤاڵە هونەرییە گرنگەكاندا ئامادەیی هەبوە و شانازی گەورە و مەزنیشی پێ بەخشراوە، بەڵام ئەوەی كە زۆر جێگای ڕێز و هەڵوەستە لەسەر كردنە هەڵوێستێكی كوردانە و مەردانەی قالە مەڕەی كۆچكردووە كە لە پێش مردن و كۆچی دوایدا خۆی وەسیەتی كردبوو كە خەمی گەورەی شمشاڵەكەیەتی و دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و لە موزەخانەیەكی شاری هەولێر دایبنێن بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەرچاوان بێت و یادی بكرێتەوە، ئەوەش ئەوپەڕی وەفاداری و خۆشەویستی بۆ شاری هەولێر و هونەر و شمشاڵەكەی، دوا جار دەڵێین قالە مەڕە ناوی تەواوی قادر عەبدوڵڵا زادە یە و كەسێكی دیار و بەرچاو بوو لە شمشاڵ ژەنیدا و لە شاری بۆكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات چاوی بۆ دنیا هەڵهێناوە و هەر لە تەمەنی لاوییەوە ئاشق و ئەوینی شمشاڵ ژەنی كەوتۆتە سەر و لەگەڵ ئەو ئامێرەدا ئاشنایەتیەكی بەتینی پەیدا كردوە و هەمیشە لەگەڵیدا ژیاوە تا ئەو كاتەی لە ڕۆژی 11 ی 5 ی ساڵی 2009 لە تەمەنی 84 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەكی درێژخایەن كۆچی دوایی كردوە و لێی جیا بۆتەوە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler