ئایار 25, 2019

ئەگەر ئەکتەری بە ناوبانگی ئینگلیزی لۆرانس ئۆلیڤییە (١٩٠٧_١٩٨٩) شایستەی ئەوەبوو لە پای نواندنی شاکارەکانی شکسپیر بە تایبەتی کارەکتەری ھاملێت خەڵاتی باڕۆن و سێر وەربگرێت، ئەوە بە بڕوای من شەماڵی عەبەڕەش لە پای نواندنی لە شانۆیی باوک و بەرجەستەکردنی رۆڵی کابتن لەو نمایشە، شایستەی ئەوەیە نازناوی (ژەنەڕاڵی تەختەی شانۆ) ی پێبدرێت، ئەم تێگەیشتنەم بە ھیچ شێوەیەک پەیوەست بە سۆزو عاتیفەو میزاجەوە نییە، من وەک کەسێک کە ماوەیەکی باشە زۆرینەی زۆری کارە شانۆییەکانی کوردستانم بینیووە، ئاگادارێکی باشی مێژووی شانۆو درامای کوردیم ھەر لە کۆتایی شەستەکانەوە تا رۆژی ئەمڕۆ لە رێگەی بەدوا داچوون و لێکولینەوە، بینین و ئامادەییش لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە، بەپێی ئەم ئەزموونەم و لەنێو ئەو شانۆکارانەی کە تا ئێستاو ئەم ساتە بەردەوامن لە نواندن لەسەر تەختەی شانۆ، من وەک خۆم شەماڵی عەبەڕەش لە پای ئەو مێژووە پڕشنگدارەی لەنێو شانۆو درامای کوردی ھەیەتی و بەتایبەتیش ئەداکردنی لەم شانۆییە، کەسێک لە شەماڵ شایستەتر نابینم کە نازناوی ژەنەڕالێ تەختەی شانۆی پێببەخشرێت، داواش لە سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان دەکەم بیرێک لەو پرسە بکاتەوەو خاڵ بخاتە سەر پیت و جورئەتی ئەوەی ھەبێت میکانیزمێکی گونجاو بۆ رێزگرتن و بایەخدانی زیاتر بە ئەستێرەکانی دونیای ھونەری کوردی پەیڕەو بکات و ماف بەو داھێنەرو بەخششی ئەو ماندوونەناسانە ببەخشێت کە جوانی زۆریان بە ھونەری کوردی و شانۆی کوردی بەخشیووە، دەکرێت بۆ ئەمە میکانیزمی گونجاو بدۆزنەوەو خەڵکی پسپۆڕی بۆ تەرخان بکەن و ترسیان لەوە نەبێت کێ ناڕازییەو کێش ئەمەی قەبوڵ نییەو تاکە پارسەنگیش بۆ ئەم پرسە تەنھا داھێنان و بەخشش و ئامادەیی ئەو کەسە بێت لەنێو پانتایی و رووبەری داھێنان و جیاوازبوون لەنێو نەخشەی ھونەری کوردی.
من لێرەدا ھیچ بەرژەوەندییەکم نییە لەم بابەتە تەنھا ئەوە نەبێت کە رێز لە داھێنەرەکانمان بگرین و لەژیاندا پاداشتی داھێنان و ماندووبوونیان بدەینەوە، لە ئێستاشدا شەماڵی عەبەڕەش لای من نازناوی ژەنەڕاڵ وەردەگرێت و بەو ناوە ناوزەدی دەکەم و چاوەڕوانی ئەوەشم سەندیکای ھونەرمەندان جولەی پێویست بکەن.
تێبینی: ئەم بۆچوونەم تایبەتە بەخۆم و گوزارشت لە خودی من دەکات و لەسەر بنەمای تێگەیشتن و خوێندنەوەی من دروستکراوەو بۆ ئەوە نییە کە لە داھێنان و تواناو بەخششی ھیچ کەسیێک کەمبکەمەوە و رێزی زۆریشم بۆ ئەو داھێنەرو ماندوو نەناسانە ھەیە کە بەشێکی روناکی کاروانی شانۆی کوردین.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler