تەمموز 20, 2019

فیلمی دۆكیومێنتاری (ئاڵان) بەشداری فێستیڤاڵێكی كەلتووری دەكات لە ئیتالیا

فیلمی دۆكیومێنتاری (ئاڵان) لە دەرهێنانی سینەماكاری گەنج (محەمەد ژوری) لە نوێترین بەشداری خۆیدا لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكان، لە فێستیڤاڵێكی كەلتووری لە شاری پالێرمۆی وڵاتی ئیتاڵیا نمایش دەكرێت.
لەمبارەیەوە، دەرهێنەری فیلمی (ئاڵان) (محەمەد ژوری) بە (هەولێر)ی ڕاگەیاند: فیلمی (ئاڵان) كە دووەم كاری دەرهێنانی منە، ئەزموونێكی نوێی بەمن بەخشی لە كاری دەرهێنان، كاری (دی ئۆ پی) فیلمەكەش لە ئەستۆی خۆم بوو، بۆیە توانیم ئەو ئامانجەی هەمە بیپێكم و بگەم بە سەركەوتن،
گوتیشی: لە نوێترین بەشداری خۆیدا لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكان، خۆشبەختانە لە فێستیڤاڵێكی كەلتووری لە شاری پالێرمۆی وڵاتی ئیتاڵیا نمایش دەكرێت، وا بڕیارە فیلمەكە لە ڕۆژی 12/5/2019، لە فێستیڤاڵەكە نمایش بكرێت، بە هیوام ببێتە جێی ڕەزامەندی بینەران و دەرهێنەران.
چیرۆكی فیلمەكە باس لە منداڵێك دەكات بەناوی ئالان، كە نەخۆشیەكی درێژخایەنی هەیە، لەگەڵ خانەوادەكەی لە كەمپ ژیانی بەسەر دەبات، هاوكات باوكیشی نەخۆشی ژێرپەنجەی گرتووە، ئارەزووی زۆری ژەنینی میوزیكە، لە پێناو كۆكردنەوەی پارە بۆ یارمەتی ماڵەوەیان، لە ناو بازاری كەمپەكە میوزیك دەژەنێت تا خەڵك لەبەرامبەردا پارەی پێبدەن...
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین:، ئەو فیلمە دیمەنەكانی لە كەمپی ئاوارەكانی (دۆمێز) لە ساڵی 2016 وێنەی گیراون تا ئێستا لە (64) فێستیڤاڵی ناوخۆ و دەرەوە لەبەشی پێشبركێ و نمایش بووە، لە كۆی ئەو فێستیڤاڵانە (8) خەڵاتیشی بەدەست هێناوە.

 

سەرهەنگ غەریب - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler