نیسان 23, 2019

سەردار كەركووكی:مخابن ھونەری کوردی تا دێ بەرەو لاوازبوون دەڕوات

هونەرمەندی میللی سەردار كەركووكی، لەنێوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان تاکۆتایی نەوەدەکان ناوێکی دیاری نێو هونەری میللی بوو، ئەو لەو بوارە توانیی خزمەتێکی بەرچاو بەهونەری میللی بکات و بەرداوام بەرهەمی نوێ پێشکەش بکات.
سەردار كەركووكی، ئەگەرچی ساڵانێکە لە چاوان ونە، بەڵام بەرهەمەکانی پێشووتر، ناوەکەی هەرلا دڵی هەوادارانی ماوە. لەدیمانەیەکی ڕۆژنامەی (هەولێر)ـدا وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.

• کورتەیەک لە ژیانی خۆتمان بۆ باس بکەی؟
ناوم سەردار نەجمەدین ئەحمەدە، ساڵی ١٩/٥/١٩٦٢ لەشاری كەركووك لەگەرەکی شوان لەدایک بووم، لە ساڵی ١٩٦٩ دەستم کردووە بە خوێندن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروە بووین ١٩٧٢ ڕاگوێزراین بۆ شاری هەوڵێر، ساڵی ١٩٧٥ دەستم کرد بەگۆرانیگوتن کرد، تاکو ئێستا هەربەردەوامم و، ساڵەکانی ١٩٩١ بەشداری  ئاهەنگەکانی ڕاپەرین بووم، یەکەم سروودم بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان گوت و دواییش چەند سروودێکی دیکەم گوت.
 ساڵی ١٩٩٣ڕووم کردە هەندەران و، چووم بۆ وڵاتی یۆنان و ساڵی ٢٠٠١ چووم بۆ وڵاتی سوید لەوێ مافی پەنابەریم وەرگرت، ئێستا خاوەنی ڕەگەزنامەی سویدیم. بەردەوامیش لە ئاهەنگەکان بەشدارم کردووە، ئێستاش گەڕاومەتەوە و لەشاری هەوڵێر دەژیم .
• چۆن باس لە ئەزموون و تێکەڵبوونی خۆت دەکەی لەگەڵ هونەر؟
تێکەڵاویم لەگەڵ هونەر حەز و تاسەی خۆم بوو، ئەو کارانەی کردووشمن، هەمیشە گوتوومە بوونەتە هۆی ناساندنی من، دەتوانم بڵێم من و هونەر دوو دووانەی لێک جیانەکراوین و بێ هونەر زەحمەتە بژیم.
• ژیان لە غەریبی سەختترە یان لە کوردستان، ئەم سەختییە بۆ تۆ تا چ ئاستێکە؟
هەموو کات غەریبی سەختە، بەڵام کوردستان ئێستا کوردستان لەبەر ئەم قەیرانە لە ئەزمونێکی سەخت دایە، بەڵام سەرباری هەموو قەیران و سەختییەکان کوردستان بە ئەورووپا ناگۆڕمەوە. پێم وابێ قەیران و ناخۆشییەکان کاتییە و ڕۆژێک دێت کورد بگات بە مافە ڕەواکانی خۆی. هەرچۆن بێت کوردستان خاکی خۆمە و بەختەوەرم و شادم بە کوردستان، بەڵام هەرچەند لە وڵاتێکی بێگانە بژی نابێتە وڵاتی خۆت، بۆ کارکردنیش لەهونەر غوربەت زۆر سەختترە.
• چی وای لە تۆکرد بگەڕێیتەوە کوردستان، بە پێچەوانەوە خەڵک دەڕوات بەرەو هەندەران؟
 کۆچکردن بەرەوهەندەران بە بۆچونی من باش و خراپی هەیە، ناخۆشی هەیە، باشییەکەی ئەوەیە مرۆڤ فێریی هەندێک سیستەم هەڵسوکەوتێکی تایبەتمەتی و جۆرە ژیانێکی دیکە دەکات، ئەگەرنا دوورەوڵاتی و غوربەت هەرگیز بەباش نازانم، هەرچەند لەوێ ژیان خۆش بێت ئاسودەنیت و ڕۆژێک دێت بگەڕێیتەوە، غوربەت مرۆڤ دەتاوێنێتەوە، پێم باشە لەبری کۆچ خزمەت بە وڵاتی خۆمان بکەین و پێشی بخەین باشترە، بە بۆچونی من هەر چۆنێک بێت کوردستان خۆشترە.
• چەند بەرهەمت هەیە؟
بەرهەمەکان زۆر زۆرن بەژماردن نایەن لەسەر خاکەکەم و کوردستان و ئاوارە و سەختی ژیان و ئەنفال و تەعریبکردن و بەرهەمم هەیە.
• کێ لە هەندەران یارمەتی دەرت بوو لە کارە هونەرییەکان پاڵپشتی دەکردی؟
 هونەرمەندی گەورەی کوردستان مامۆستا زیاد ئەسعەد هاوڕێیەکی خۆشەوستی منە هەردەم پاڵپشت و یارمەتیدەری من بووە، لەزۆر بۆنەو ئاهەنگەکان بەیەکەوە بەشداریمان کردووە، بەڵام زۆر بەداخەوە کەس لێی ناپرسێتەوە، زیاد ئەسعەد کێیە و لە کوێیە بۆ وا وونە؟ بۆ دیار نیە؟ هەرچی باس بکەم لەسەر ئەم هونەرمەندە کۆتایی نایەت. ناخۆشیەکە ئەوەیە کەس بەسەری ناکەتەوە.
• هونەری کوردی چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
هونەری کوردی ئێستا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، پێشان هونەر زۆر گەورەبوو لای خەڵک، بەڵام ئێستابازرگانی بەهونەردەکرێت.
• دواین پڕۆژەی هونەریت چییە؟
 زۆر پرۆژەم پێشكەش کردووە و پرۆژم هەیە کاری لەسەر دەکەم بەڵام، توانام نیە پرڕۆژەکان جێبەجێ بکەم هیچ لایەنێک نیە پشتگیریم بکات .
• بۆ ئێوەی هونەرمەند پەیوەندیی ناکەن بە وەزارەتی رۆشەنبیری تا لە خەمەکانتان بکۆڵێتەوە؟
 وەزارتی ڕۆشنبیری بەداخەوە بەچاوێکی یەکسان سەیری هونەرمەندان ناکات، هیوادارم بەیەک جاو تەماشی هونەرمەندان بکەن بۆ پێشکەوتنی هونەری کوردی.
•  دەگەڕێیەوە بۆ هەندەران یاخو لە کوردستان دەژیت؟
 پرسیارێکی زۆر بەجێ بوو، هەموو کەسێک دەیەوێت گوزەرانی ژیانی باش بێت.
من دەمەوێت هەموو کات خزمەتی خاک و وڵاتم بکەم، ئەگەر ژیانم بگوزەرێ لە کوردستان بە هەموو ئەورووپا نای گۆرمەوە، ئەگەر توانیم بژێوی ژیانم هەڵسووڕێنم لە کوردستان نان و تەماتە بێت پێم باشترە لە گۆشت بەرخی ئەورووپا، ئەگەر بەپێچەوانە دەبێت بگەڕێمەوە ئەورووپا.
• دوا وتەت بۆ هەوادارانی خۆت؟
ڕێزێکی بێ پایەن بۆ کارمەندانی ڕۆژنامەی (هەولێر) چاوی یەکە یەکەی کارمەندەکان ماچ دەکەم و زۆر سوپاسی ئێوەی بەرێر دەکەم بۆ ئەم بەسەرکردنەوەم و هەروەها ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەوادارانی خۆم و هونەری کوردی و هیوادارم هەموو هونەرمەندان هونەری کوردی بەرەو پێشەوە ببەن لەکوردستان و دەروەی وڵات .

 

عەبدولقەهار هەولێری

© 2017 Hawler