نیسان 23, 2019

چەفیە ڕەشەکەی دایکم، لە نێوان خەون و خەمی تەمەندا

شیعر خەون و خەیاڵ و ڕوانگەی ئەو مرۆڤە خۆشخوان و خودان ئەزموون و هەست ناسکانەیە کە بەهێمنی بیر دەکەنەوە، بە هێمنی دەخوێننەوەو بە هێمنی دەنووسن، ئەو کەسانە ملوانکە شیعری تەڕ و تازە دەهۆننەوەو جیهانێکی ئایدیای تر لە خەون و خولیا دەڕسکێنن و بەنێو باخی خەیاڵبزوێنی جوانیەکاندا تێدەپەڕن، تەنانەت دەزانن لەودیوی پەردەوە چ ڕەنگاڵەیەک خۆی هەڵخستوە تا جێی ڕەنگەکاڵەکان بگرێتەوە، چ خۆشیەک لە چاوەڕوانیدایە تا درک بە تاریکی شەوە ئەنگوست لەچاو و تەنگ و چەڵەمەکان بینی، ئەوەش ئەو دارعەساو ئەو شمشێرە شیعرەی شاعیرە کە لێڵایی شتە ناڕوونەکان ڕوون دەکاتەوەو هەستێکی چێژبەخشمان پێ دەبەخشن، (چەفیە ڕەشەکەی دایکم) دوایین کتێبە شیعری مەملەکەتی شیعرستانی مامۆستا (ئاری ئاغۆک)ـی قەڵەم بەبڕشتە، کە لە دووتوێی (٨٠) لاپەڕەو بەتیراژی ١٠٠٠ دانە لە چاپخانەی چوارچرا ڕۆشنایی لەدایکبوونی بەخۆیەوە بینیوەو لەلایەن مامۆستای قەدر گران (حەیدەر عەبدولرەحمان)ـەوە پێشەکیەکی تەژی بە بەهای بۆ نوسراوەو لە ئاماژە پێدانێکدا ئەو نووسەرە دەڵێت: (ئاری ئاغۆک بەر لەوەی شاعیر بێت ئینسانێکە خۆی لە شیعر دەچێت، بۆیە ئەوەی لە ناخی ئەو دا سەرهەڵدەدات هەناسەیەکە بۆ ئارامی، ئەوەی لە دیدی ئەودا چرۆ بکات ئاسۆیەکە بۆ جوانبینی).
هەروەها دەڵێت: (ئەو عاشقە، بەڵام عەشقی بێ هودەیی حەوایەک نا، بەڵکو عەشقی خاک و عەشقی گۆڕستان و عەشقی تەنیایی و باران و ڕابردووی ڕەسەن، عەشقی هەرە گەورەشی لێچەگە ڕەشەکەی دایکیەتی، کە ناوە ناوە تۆزی غەریبی و نامۆیی لەسەر هەڵدەنیشێ، بە تامەزرۆیی بۆنی ئەو لێچەگە دەکات و ڕووەو گۆڕستان ڕێ دەکات، لەوێ بۆ جارێکی تر بەسۆتر ئاوێزانی گۆڕی دایکی دەبێتەوەو تێر تێر ئەو لێچەگە ڕەشە ماچ دەکات).
هەڵبەتە ئاری شاعیر زۆر لەوە ناسراوترە کە ئێمە بەنێو کوچ و کۆڵان و پەیژەکانی تەمەنی شیعرناسی و ڕوانگەناسی و ڕوئیاناسی سەربکەوین و باس لە ئەزموونی ئەفرێنەری شیعری بکەین، لە کاتێکدا لەوەتەی ئاشنا بەو جیهانە بووە، وەک گەنجێکی بەسەلیقە توانیویەتی لەدەرگای زۆر بابەت بدات و ئەزموون بکاتە هەوێنی بەرهەمەکانی، کە تا ئێستا ٢٤ کتێبی بەچاپ گەیاندوەو زۆرترین پانتایی لەو سێکتەرە بۆ شیعر و ئەدەب تەرخان کردوە و بەرهەمەکانی گەواهیدەرن بۆ هەناسە درێژی بەردەوامی ئەو رێچکە و کاروانەی کە قەناعەتی پێ هەبوەو لەسەری بەردەوام بووە، (چەفیە ڕەشەکەی دایکم) وەک ناونیشانێک بۆ ئەو کتێبە تازەیەی شاعیر، ڕاستەوخۆ بیرکردنەوەی هەموومان دەخاتە جۆش و خرۆشەوە، لەکاتێکدا هەموومان خاوەن دایکێکی بە میهر و سۆزین و دەزانین پیرۆزی دایک و پیرۆزی و میهرەبانیەکانی چەندە گەورەو فراوانە،هیچ کەسێک ناتوانێ لەئاستی ئەو گەورەییە سەری دانەوێنێ و خۆشەویستی خۆی بۆ دەرنەبرێت، چەفیەی ڕەش لە کۆمەڵی کوردەواریدا نیشانەیەکە بۆ مەزنیەتیی ئەو مرۆڤەی هەموومانی بەرهەم هێناوە، کە ئەگەر ئەو نەبێت مرۆڤایەتی قڕ دەبێ و كۆتایی دێ!!، بێگومان ئەوە ش چاکەیەکە و تا مردن هەموومان خۆمان بەقەرزاری دەزانین، ئەوەتا لە لاواندنەوە و ژیربوونەوەی دوای دابڕانی دایکە کۆچکردوەکەیدا، بەنێو ماڵی تەنهاییدا دێ و دەچێ و وەک عەشقێکی ڕۆحی هەر بەدوای بۆن و بەرامەی دایک و ڕەنگ و روخسارە بزرە ئەبەدیەکەی ئەوەندە خەیاڵ دەکات، نازانێ چۆن بەدیدەنی دایکی بگات و چۆن بگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەشەی کەتێیدا چاوی هەڵێناوەو تێیدا خۆی ناسیوەو تێیدا گەورە بووە!!، کەچی بۆی دەردەکەوێ کە ئەو مرۆڤەی دەیەوێ پێی بگات و نەهێڵێ بڕوات...گومانە!، بەڵام گومان و چاوەڕوانی و نوشتە زۆر لەوە بچووکترەو هیچ شتێک دایکی ناگەڕێنێتەوە.
 لەو دیو دەرگاوە ....
بە بوخچەیەک نوشتەی رەنگاوڕەنگ و
 ئاسمانێک دوعای پێش باران و
 رووبارێک خۆزگەی بەجێماو
 چاوەڕوانی کلیلی ئەوێ دەکەم !!
لە بەر خۆمەوە گۆرانیی عینادی و دوودڵی دەڵێمەوە
 لەکونی دەرگاوە تەماشای ژوورە قەڵەباڵغەکە دەکەم
 حەز دەکەم بێمە ژوور و بتبینم
 کەچی بۆشی نوشتە ڕەنگاوڕەنگەکان
خەونی چاوەڕوانیم بەتاڵ دەکەن
 دەمخەنە نێو سێگۆشەی گومان .
شاعیر هەر بەوە ناوەستێ گومان لەخۆی و دەورووبەری بکات بەڵکو هەموو ئەوانەی بە خائین و دووڕوو دەزانێ کە ناپاکیان لێ کردوە نەیانتوانیوە ئەو زەمەنە جوانیەی بۆ بگەڕێننەوە کە زەمەن و تەمەن و خەم و خۆزگەی دایکیەتی و پەشیمانیشە لەو گۆرانیانەی بۆ دەروێشە دووڕوو و سەرخۆشە بێ وەفاکانی چریوەو لە هەموو شتەکان پەشیمانە،
ئیتر لەگەڵ گەڵای حەڕام سەمای ژیانەوە ناکەم،
نایەمەوە ...
خاکی دڵە بۆگەنەکان تێر ئاو ناکەم !
نایەمەوە ..... نا
زۆر پەشیمانم کاتێ ...
گۆرانیم بۆ دەروێشە دوو ڕووەکان دەگوت و
چەپڵەم بۆ سەرخۆشە بێوەفاکانی شار لێ دەدا
دەڕۆم ..
دەچمە ژوورە تاریک و پڕ لە ڕەنگ و ئایدیا جیاوازەکانی ئەوێ
لەم وێنە شیعریەدا شاعیر بە روانینێکی دژ و پێچەوانە جوانترین نموونەو جیاوازی نێوان دوو مرۆڤ دیاری دەکات (سەرخۆش و دەروێش)
چەفیە ڕەشەکەی دایکی ئاری لە ٢٥ شیعر پێک هاتووە، لە خەوی غەفلەت، کاتێک تۆبە دەکات و بەئا گادێتەوە، دەستنوێژێکی پاک هەڵدەگرێ و نوێژی لێخۆشبوون بۆ ڕۆحی گۆناحی خۆی دەکات، پێمان دەلێت:
کە کوژامەوە ..
لەو دیو سنووری ژیانەوە
بە ڕووناکیەکی نوێوە
بەبەرگێکی نووری ئیمانەوە
بە گیرفانێکی پڕ لە عیبادەت
دەفتەرە سپیەکەی ئەوێ رۆژێ تەسلیم دەکەمەوە
تا دوایین ووشەو دێر ....
هەمووی لەنێو تەرازووی ئەوێ دادەنێم
ئەمجارەیان بەدیقەتتر و بە دەستنوێژێکی پاکتر
لە عەرشی سپی نوێژی لەدایکبوون دەکەم
لە دەقە شیعری (من لەوێم) ئەو تەنیاییەو یاخیبوون و بێ ماڵیەی خۆی دوای دابرانی دایک بەئاشکرا دەردەخات و گۆشەگیرانە دەژی و لە خەڵک و دەورووبەر دوو دەکەوێتەوەوم دەڵێت:
منی بێ ماڵ
بێ ماڵتر بوومە
منی تەنیا .. تەنیاتر بویمە
منی یاخی ... یاخی تر بویمە
لەشەقامی تەنیایی و یاخیبوون و وەرسبووندا
ئیتر تاقەتی هیچ شتێکم نەماوە
تکا دەکەم ئەی بەفر...
بەبرادەرەکانم بڵێ ....
من ئێستاکە لەوێم
لە دەقەشیعری(گوڵدانی تەمەن ) کە بەیادی ٨٩ ساڵەی مومتاز حەیدەریی نووسیوەو پێشکەشی ئەوی کردوە،دەڵێت :
هەشتا ساڵە ...
باران و ژین
خاک و خەڵک
خەم و ئەوین
کەرستەو هاڕمۆنیای بەردەوامی تەمەنە
هەشتا ساڵە ....
لە یەکەمین ڕێگای لە دایکبوون و خۆناسین
تا کۆتایی ڕێگا داخراوەکان
شەقامەکان پڕن لە گوڵی وشەو
عەتری نووسین و ئیستاتیکیای جوانی
بۆیە قسەکردن لەسەر تەواوی شیعرەکانی مامۆستا ئاری ئاغۆک، زۆر لەوە زیاتر و پانتاییەکی لەوە پتر هەڵدەگرێ، کە لەم گۆشەنیگا خێراییەوە نەتوانین مافی تەواوی پێ بدەین،ئەگەر یەکەیەکە پیاسەیەکی شیعرناسی تێدا بکەین،لەم دوا پەیڤەدا وێرای دەسخۆشیم، بۆ ئەو کەڵە نووسەرە گەنجە هەناسە نەبڕاوە کە ماوە ماوە،بە وشە پرشنگدارو ملوانکە شیعریە، پڕ هەستە ناسکەکانی بەسەرمان دەکاتەوە هیوای بەرهەمی جوان و جوانتری بۆ دەخوازم

 

شاخەوان عەلی حەمەد

© 2017 Hawler