حوزەیران 24, 2019

كاسێتی هەموو گۆرانیبێژە كۆنەكانمان هەیە

لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی تەكنەلۆژیا هەنگاوی باش و بەرچاوی بەرەو پێشەوە ناوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داهێنانی نوێ دێتە ئاراوە، ئەوەش مانای ئەوە نیە كەڕەستە كۆنەكان فەرامۆش بكرێ و بایەخی پێ نەدرێ.

ئەوەتا لە سووچێكی بازاڕی هەولێر دا تۆمارگەیەكی كۆن هەیە بەناوی تۆمارگەی هەولێر بە زۆری بایەخ و گرنگی بەو شریت و كاسێتە كۆنانە دەدات كە چەند ساڵێك پێش ئێستا لە مەیدانەكە بوو لە ئێستادا لەبەر cdو ئامێرە پێشكەوتووەكانی دیكە كەم كەس ئیشی پێی هەیە و بەكاری دەهێنێ، بۆیە سەردانێكی ئەو تۆمارگەیەمان كرد و لەوێدا خاوەنەكەی بەناوی مام (عەلی قادر دۆڵەبەكرەیی) كە لەدایكبووی ساڵی 1944 و بە خۆشحاڵیەوە قسەی بۆ كردین و سەرەتا گوتی: من ساڵی 1975 وە تۆمارگەم هەیە و كاسێتی هەموو گۆرانی بێژە كۆنەكانمان هەیە و ئەو جۆرە كاسێتانەش تا ئێستا بازاڕی ماوە و جەماوەری زۆری هەیە و پتر كەسە بەتەمەنەكان دێن و لێمان دەكڕن، یان داوا دەكەن بۆیان تۆمار دەكەین، ئێستا بە زۆری كاسێتە كوردیەكان و لە نێویشیاندا لاوك و حەیرانەكان بازاڕیان باشە، بە تایبەتی خەڵكی بەزۆری كاسێتی (حەسەن حەیران) یان دەوێ، مام (قادر دۆڵەبەكرەیی) لە قسەكانی بەردەوام بوو گوتی: چەندە كاسێت لەو دوكانەمدا هەیە دوو هێندەشم لەماڵەوە ئەرشیف كردوە و زۆر هەوەستم بەو پیشەیە دێ و لەگەڵیدا ئاوێتە بوومە و ناتوانم وازی لێ بێنم.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler