تەمموز 19, 2019

شەھرام قادر: هونەر زۆر جار دەتوانێت کەڵک لە دەقە ئایینیەکان وەربگرێت

ھونەرمەندی دەرھێنەر (شەھرام قادر)، ئەو ھونەرمەندە بە سەلیقەیەیە، کە ساڵانێکی زۆرە، لە تەرواگە بە بەرھەمە دانسقەکانی کار بۆ جوانی و داھێنان دەکات لە دنیای فیلم و سینەمادا، تەنانەت ئەوەی ئەو ھونەرمەندە لە ھونەرمەندانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە خۆی بەدوور گرتووتەوە لە کاری تەقلیدی، چونکە بە بڕوای ئەو دەبێت ھونەرمەند لە داھێنانی خۆی نەوەستێت و ھەمیشە بە دوای نوێگەریی دا بگەڕێت، لەم ماوەیەشدا (شەھرام)، بە بەرھەمی (ڕۆزلین)ـدا، گەڕایەوە باوەشی ھونەرەکەی و لەم ئاخاوتنەی (ھەولێر)ـیشدا باس لە گەورەیی ڕۆڵی ژن و ئازارەکانی دەکات.


• بیرۆکەی لەدایکبوونی بەرھەمی ڕۆزلین چۆن و لە لایەن کێ گەڵاڵە کراوە؟
بیرۆکەی رۆزلین لەو چەند مانگەی ڕابردوودا لای من درووست بوو، دوای ئەوەی هەستم کرد پێش هەر شتێک خۆم پێویستم بە ئەنجامی ئەو کارەیە. دوای گەڕانەوەم بۆ کوردستان، دەتوانم بڵێم جیهانێکی جیاوازتر لەو جیهانەی تێیدا ژیابووم لە سوید ڕووخساری خۆی پێشان دام. کۆی گشتی ئەو جیاوازیە مەعرفی و دەروونیانەم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەو ڤیدیۆ ئارتە گونجاندووە.

• ئایین و خودا پەرستی چۆن بوو بە کەرەستەیەک لە کارەکەی ئێوەدا؟
ئایین و خودا پەرستی ئەو دوو بەشە گرنگەن، کە مرۆڤ ناتوانێت لەبەر چاویان نەگرێت لە بەرهەمە فکریەکاندا. هەر چۆنێکی بتهەوێت خۆی لێ دەرباز بکەی ئەستەمە، چونکە ناتوانین حاشا لەوە بکەین، کە فەرهەنگی مرۆڤەکان لە سەرتاسەری جیهان ڕەنگدانەوەی بیر و بۆچوونە ئایینەکانە. ئایین بەشێکی حاشا هەڵنەگرە کە کاریگەریی هەبووە بەسەر قەبارە و چوارچێوەی فکریەکانی مرۆڤ.
هونەر زۆر جار دەتوانێت کەڵک لە دەقە ئایینیەکان وەربگرێت، بۆ نموونە وەک بەشێک لەو گوتارانەی هەزاران ساڵ پێش نووسراونەوە و باس لە جوانی و یەکسانی دەکەن. ناتوانین بڵێین دەقە ئایینیەکان بەس باس لە توندوتیژی دەکەن، گرنگە لایەنەکانی تری ئایینیش دەربخرێت. لەو ڤیدیۆ ئارتەدا لە ڕوانگەی یەکسانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ کەڵکم لە ئایەتێکی قورئان وەرگرتووە. جا چەند ئەو دەقە ئایینیانە لە ناو مرۆڤەکاندا وەک خۆی پەیڕەو دەکرێت ئەوە بابەتێکی ترە.
نابێت بیریشمان بچێت کە بەشێک لە ئێتنۆلۆژی یا خوود قەومناسی لە ڕووی زانستیەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ئایینیەکان.
• لە ڕۆڵی ڕۆزانادا شتێکی نامۆ دەبینرێ، کە ئەویش زمانێکی درێژە و بە زمان ھەڕەشە لە کارەکتەری یەکەم دەکات، ئایا مەبەستتان لەوەدا چیە؟
پێش هەر شتێک بینەر خۆی دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە مەبەست لە زمان پێشاندان لەو کارەدا چییە، بەڵام ئەگەر لە من پرسیت ئەوە دەڵێم ئارامش و هێوربوونەوەی ژن لە نزیکی هاوڕەگەزی خۆیدا. مەبەست لە هێوەر بوونە ناتوانێت بەس لە ڕووانگەی جنسییەوە لێکبدرێتەوە، بەڵکو دەتوانێت ئەو هارمۆنی و هاوسەنگیە دەروونیە بێت کە ژن لە هاوڕەگەزی خۆی پێی دەگات.
•    بەنیازن ئەو بەرھەمە لە کوێ نمایش بکەن؟
رۆزلین لە سێ بەش پێکهاتووە و ئەوەی بڵاوبووەتەوە بەشی یەکەمی بوو. دوای کۆتایی هاتنی دوو بەشەکەی تریان بڕیار دەدەم لە کوێ بڵاو بێتەوە.

•    بۆچی ھێندە تیشک خراوەتە سەر ڕەشبینی ئافرەت؟
ژیان بریتیە لە هەر دوو بەشی ڕەشبینی و گەشبینی. هەرگیز ناکرێت ژیان تەنیا بە چاوی ڕەشبینی یا خوود گەشبینی سەیر بکرێت. ژن لە هەر سێ بەشەکەی رۆزلیندا بڕیاردەرە.
مەبەستم لە بڕیاردەر بەو واتایە دێت کە لە ڕاستیدا ئەوە ژنە کە ژیانێکی پڕ مانا بۆ پیاو هەڵدەبژێرێت. ئەوە ژنە کە لە کۆتاییدا بڕیار لە بەختەوەری پیاو دەدات. ئەوە ژنە کە هاوسەنگی دەدات و لە هەمانکاتیشدا دەتووانێت وەریبگرێتەوە. ئەوە ژنە کە ئەو بەشە جوانناسییەی هونەر پێک دەهێنێت. ژن لە تاریکیدا وەک خۆر دەردەکەوێت و ژیانی پیاو ڕووناک دەکاتەوە. لە هەمانکاتدا دەتوانێت بە هەمان شێوەی کە ڕووناکی بەخشیوەتە ژیانی پیاو، بە هەمان شێوەش وەک خۆر ئاوا بێت و لە تاریکیدا نووقم بێت و ڕەشایی و تاریکیەکی ئەزەلی و ئەبەدی ببەخشێت بە ژیانی پیاو.

• بەرھەمەکەتان تا چەند گوزارشت لە ئازاری ئافرەتی کورد دەکات؟
بەرهەمەکان بەس باس لە ئازاری بەشێکی دیاریکراوی ژنان یا خوود کۆمەڵگایەکی دیاریکراو ناکەن. بەڵام بە دڵنیاییەوە ژنی کورد بەشێکی سەرەکی مەبەستی من بوونه لە هەموو کارەکاندا.

• کێ ھاوکار و پشتیوانی ئەو کارەی ئێوەیە؟
ئەو بەرهەمە بە پاڵپشتی و سپۆنسەری کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین بەرهەم هاتووە.

• لە ڕێگەی ئەو بەرھەمەوە چ پەیامێک بگەیننە بینەر؟
لە ڕاستیدا ئەو بەرهەمە ڤیدیۆ ئارتە و جیاوازیی هەیە لە گەڵ بەرهەمێکی سینەمایی. لە ڤیدیۆ ئارتدا سیناریۆ و هێڵێکی دیاریکراو بوونی نییە و هەر شتێکی لە بەرهەمەکە دەبیندرێت دەتووانێت لە دایکبووی ئەو بیرکردنەوەیە بێت کە لەو کاتەدا مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە. کەواتە دەتووانێت پچڕ پچڕ بێت. لە کۆتاییدا بینەر خۆی بڕیار دەدات چ جۆر پەیامێکی پێگەیشتووە. پەیامەکانیش زۆر ئاساییە جۆراوجۆر و جیاواز بن.

• وەک دەرھێنەر و سیناریستێک چ ئەزموونێک لە دەرەوەی کوردستان فێربوون؟
لە ڕاستیدا من هەموو تەمەنم لە ئاوارەیی بوومە. تا ڕۆژگاری مێرمنداڵی لە ئێران بووم و دوواتریش لە سوید. بە دڵنییایەوە ئەو کەسەی لە ئاوارەیی لە دایک بووبێت، بیرکردنەوەکەشی ڕەنگ و بۆی ئاوارەیی هەڵدەگرێت. بەڵام لە هەمانکاتدا یارمەتیدەریشە و جیهانبینی و ڕووانگەی جیاوازی پێبەخشیووم کە دەتوانێت یارمەتیدەرم بێت لە نووسینی سیناریۆکانم و درووست کردنی فیلمەکانم.
• ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین ماوەیەکی زۆرە دابڕاون لە کارە ھونەرییەکانت، ئەمەیان بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
نازانم چەند لە کارە هونەریەکانمدا دوور کوتوومەوە.
من لە ساڵی 201٦ هەمان ساڵ کە لە سوید هاتمەوە کوردستان، دەستم کرد بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی هەنسکی ئاسمان و ساڵی 201٨ لە هەولێر پێشاندرا. بەو زووانەش لە شارەکانی تری باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشان دەدرێتەوە. بەڵام دوای ئەو بەرهەمە، ڕاستە بەرهەمی ترم نەبووە و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تایبەت لە ژیانی خۆمدا. بەڵام بە دڵنییایەوە ئەوساڵ دەست بە پڕۆژەی نوێ دەکەینەوە.

• دیمەنە ڕەش و سپیەکان بە مانای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دێن، یان لە زمانی سینەمادا بە جۆرێکی دیکە پێناسە دەکرێت؟
دیمەنی ڕەش و سپی دەکرێت بە زۆر هۆکار بەرهەم بهێندرێت. بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەکرێت بۆ گەیاندنی پەیام بێت. هەندێک جار ڕەنگ دەتوانێت پەیام بە لادا بەرێت و بینەر سەرقاڵی بەشە بینراوەکەی فیلم بکات و لە ناوەرۆک دووری بخاتەوە.

© 2017 Hawler