ئەیلول 19, 2018

یەكەمین مۆسیقاری قوتابخانەی رۆمانتیك

لە 1827ـدا، لە پێشدا بتهۆڤن و ساڵێك دوای ئەو لە 1828ـدا شۆبێرت ماڵاوایی لە دنیا كرد. ئەو هێزانەی شۆڕشی فەڕەنسا و شۆڕشی پیشەسازییان وەڕێ خستبوو، ئەورووپاشیان گۆڕی و هەموو شتێك كەوتە بەردەم ئەو گۆڕانەوە. تۆڕەكانی ئاسنەڕێ(هێڵی شەمەندەفەر) خەڵك و كاڵای بازرگانییان هێندە خێرا رادەگواست، وێنەی نەبوو. چینێكی تازەی هاووڵاتیان و بۆرژۆواكانی پیشەسازی ملیان نا لە كۆكردنەوەی ماڵ و سامان. بواری پزیشكی و زانستەكانی دیكە بە قەڵەمبازێكی گەرە بەرەوپێشەوە دەچوون. شاعیر و هۆنەران، بەند و بەیت و تاكەبەیتی عەرزوویی 12 بڕگەیی و 6 بڕگەییان بەلاوە نابوو و بە شێوەیەكی نوێ شیعریان دەهۆنییەوە، كە زیاتر تاكەكەسی و غینایی بوون. ژیان و سیاسەت و ئایین و ئابووری مانایەكی تازەیان وەرگرتبوو. لە هونەردا هەمووان خەریك بوون باسی رۆمانتیسیزمیان دەكرد، ژیانی مۆدێرن لەدایك ببوو.

مۆسیقاش دیارە رەنگدانەوەیەك بوو لەو چاخە نوێیە. بتهۆڤین داوای لە مۆسیقارەكان كردبوو كاری وا بكەن لە وێنە و شێوەی نەبووبێ و ئاوازدانەرە تازەكارەكانیش زۆریان گرینگی بە راسپاردەكەی وی دەدا و تەنانەت هزر و بۆچوونەكانی ئەویان دەوڵەمەندتریش كرد. لە فەرەنسادا هكتۆر برلیۆز خەون و خولیای ئۆركێسترایەكی لەسەردابوو كە 467 ژەنیار و 360 دەنگبێژی تێدابێ. تەكنۆلۆژیاش رێگەی بۆ چاكتركردن و كامڵكردنی ساز و ئامێرە هەواییەكانی سەدەی 18 خۆش كرد كە جێی متمانە نەبوون و كەموكووڕییان هەبوو، ئیتر لە سای تەكنەلۆژیاوە كلیل و كونیان لێ زیاد كرا و سازە مسییەكان بۆ یەكەم جار توانییان كۆك(نەسب)ـی خۆیان لە ئۆركستراسیۆن و خۆڕێكخستن لەگەڵ ئۆركێسترادا بپارێزن. لەگەڵ ئەوەدا كە ئۆركێسترا گەشەی دەكرد و مۆسیقاش وا دەهاتە بەرچاو كە ئاڵۆزتر و قورستر دەبێ، هەست دەكرا هێزێكی جیاكەرەوە و چاودێر پێویستە هەبێ، یەكێك دەبوو بێ و بەرپرسیارەتیی تەفسیر و لێكدانەوەیەی بۆ وێنە سەمفۆنییەكانی بتهۆڤن بگرێتە ئەستۆی خۆی. كۆنشێرتۆ گەورەگەورەكانی ویڤاڵدی بە ڤیولینێك و كلاڤێیەكەوە دەكرا خۆیان بەڕێوەبەرن، بەڵام سەمفۆنیا لێكدراو و ئاڵۆزكانی بتهۆڤن و ئەوانی دوای خۆی، شتی وایان تێدا نەدەكرا. لە دەوروبەری 1820ـدا، "مایسترۆ" پەیدا بوو، كە مایە و توانای تایبەتی هەبوو و كەسێك بوو، كە نەیدەهێشت ژەنیارەكان تاكڕەوی بكەن و هەركەسە و بەكەیفی خۆی بژەنێ و، چاوی بەسەر جووڵەی تاكەكەسییانەوە بوو و، یەكەیەكی هاودەنگی لەو كۆ پەرشوبڵاوە دروست دەكرد. لۆدویك سپۆر (1859 ـ 1784) كارڵ مارییا فۆن وێبێر (1826 ـ 1786) و گاسپارێ سپۆنتینی (1852 ـ 1774) ئەو پێشەنگە یەكەمینانە بوون كە چێوكی مایسترۆیان بەدەستەوە گرت و فرانسوا ئانتوان ئابێنێك (1849ـ 1781) لە لایان بوو، هەر ئەو كەسەی لە 1828ـدا كۆنسێرڤاتۆرەكەی پاریسی دامەزراند و كەوان(قەوس)ی ڤیۆلینەكەی كردە چێوكی(چیلكەی) مایسترۆیی.
هەر لەو جەنگەیەدا كە تەكنەلۆژیا سەرقاڵی چاكتركردن و كامڵتركردنی ئامێرەكان بوو، پیانۆش وردە وردە بوو بە ئامێرێكی بێ كەمایەسی و دەنگخۆش. ئامێرە ناسكەكەی ڤینێ هیی سەردەمی مۆتزارت و ئامێرێكی بەهێزتر كە لە كارگەی بروادوود دروست كرابوو و، بتهۆڤنی شاگەشكە كردبوو، بەو چوارچێوە ئاسنینەی دەتگوت ماتۆڕێكی زەبەلاحە و، مامۆستایانی هونەر بۆ ژەنینی هرووژمیان بۆ دەبرد. دەیانەویست كارێكی وا بە پیانۆ بكەن كە نیكۆلۆ پاگانینی بە ڤیۆلین دەیكرد. پاگانینیی ئاوازدانەر و بەژن زراڤ و دڵبەر، كە بۆ ژەنیاران و بزووتنەوەی رۆمانتیك نەبوو بە جەمسەرێكی ئیلهامبەخشین، لە مێژووی موزیكدا جێگەوپێگەیەكی بەرز و هاوكات نائاساییشی هەیە. سەرتۆپی یەكەمین هونەرمەندان و خاوەن زەوق و فەزیلەتەكانی سەردەمی خۆی بوو، لەوانەشە گەورەترین ڤیۆلینژەنی دنیا، بە گەوهەرێكی تێكەڵاو لەگەڵ بلیمەتی كە فڕوفیشاڵ و فێڵ و گزەشی لێ بەدی دەكرا، پاگانینی (1840 ـ 1782) لە 1805ـەوە ئیدی چووبایەتە هەر جێیەك، دەبووە هاتوهەرا و قریوەیەك هەر مەپرسە. هەستێكی شەیتانی لە دەوروبەری ئەو ئیتالیاییە كەڵەگەتە رەشئەسمەرە هەبوو كە دەیتوانی گیوارنریۆس* ـەكەی خۆی وا بەچاوقایمی بخاتە كار، كە مێلۆدیی وای پی بخوڵقێنێ ئەقڵ نەیبڕێ. ژەنیار و مۆسیقاربۆیە لە كۆنسێرتەكانی ئەودا بەشدار دەبوون، هەتا بزانن ئەو چۆن دەگاتە ئەو ئاستە و ئەو كوالێتییە. خەڵكی ئاساییش هەر تاسەبار بوون و زۆربەی بیسەرە خۆرافەپەرستەكان لەسەر ئەو باوەڕە بوون كە ساتوسەودایەكی لەگەڵ شەیتان هەیە. پاگانینیش هیچ هەوڵێكی نەدەدا كە ئەو دەنگۆیانە لەسەر خۆی لابەرێ. نمایشكەرێكی مەزن بوو، لە كۆنسێرەتەكانیدا تەكنیكی جادوویی و سیحركەرانەی بەكار دێنا و، بۆ هەژاندنی بیسەرەكانی هەر شتێكی بەخەیاڵیدا هاتبایە دەیكرد. خۆی نوقمی تیشكە شینەكان دەكرد و دەچووە سەر سەكۆ و، كۆنسێرتەكانی كۆنسێرت نەبوون، هەر شتێك بوون، لە جۆری ساترنالیا*. یەكێك لە تەكنیكەكانی ئەوە بوو كە لە كاتی ژەنیندا یەكێك لە ژێیەكانی دەپساند و تا كۆتایی بە سێ ژێ دەیژنی، یان دەستی دەدا مقەستێك و سێ ژێی دەپساند و تا تەواو دەبوو بە یەك ژێ دەیژەنی. تەكنیكەكانی ڤیۆلینی زۆر بەربڵاو كرد، بە ئارشە(قەوس)ـكێشانێكی نوێ، پەنجەدانانی نوێ و هارمۆنیای نوێ و، جووت پەردە، وەستایەتییەكی دەنواند ئەقڵی رادەگرت. لەوسەردەمدا هیچ ژەنیارێك نەبوو لاسایی ئەو نەكاتەوە بۆ چاوەڕوانڕاگرتنی بیسەر. لیست و شۆمان هەر كامەیان كۆمەڵێك ڤاریاسیۆنیان لە سەر بنەمای بەرهەمە بەناوبانگەكەی وی كاپریسی بیستوچوارەم نووسی و هەوڵیان دا بگەنە تەكنیكە ئەزموونییەكانی وی. دواتر برامز و راخمانینۆف و زۆری دیكە بۆ دانانی هەندێ پارچەی پیانۆیی سوودیان لە كاپریسی بیستوچوارەم وەرگرت.
پاگانینی نموونەیەكی دیاری پاڵەوانە مەزن و خاوەن فەزیلەتەكانە. ئەگەرچی پێش ئەویش زۆر مامۆستای وا ناوبانگیان رۆیشتبووو و پێگەیان دەستەبەر كردبوو. لە هەر قۆناغێكدا ژەنیارێك یان گۆرانیبێژێك دەردەكەوێ كە توانا و لێهاتوویی خۆی لەوانی دیكە باشتر دەردەخا و ناوبانگ دەردەكا و پێی دەوڵەمەند دەبێ.
چێژ و شادیی رۆمانتیكەكان لە رێگەی تێكهەڵشێلانی ناباو و نائاسایی، مۆسیقایی، ئاكۆردی ئاڵۆز و دەنگی ئەستەم بەرهەم دەهاتن، كە فكر و خەیاڵە باوەكەیان ئازار دەدا. شۆپەن لە ئاكۆردەكانی نۆیەمی مینۆر(مەنەجێر) دڕدۆنگ نەبوو و، مۆسیقارانی نەوەی پێشوو راچڵەكین و سەرسام بوون. ئیگناس مۆشێلس (1780 ـ 1794) ئاوازدانەرێكی باش بوو و، یەكێك بوو لە باشترین پیانیستەكانی ئەورووپا، پیاوێكی شەریف و گوێڕایەڵی مۆسیقا، كە هەتا ئەودەمی كەسێكی وایان نەدیتبوو. وەختێك بۆ یەكەمجار مۆسیقای شۆپەنی گوێ لێ بوو، نەیدەزانیی چیی لێ بكا. "فكر و خەیاڵی من و لەگەڵیشیدا پەنجەكانم بەدوای مۆدۆلاسیۆنە ئەستەم و بێ رێساكان و بە رای خۆم سەرسووڕهێنەرەكاندا دەگەڕان و دەخزین." ژەنیارەكان وەك مۆشێس بەپێداگرتنەوە لەسەر رووناكی و نیازپاكی و دەنگی گونجاو و سوودوەرگرتنی پێویست لە پەیداڵ بەرهەمەكانی خۆی رادەپەڕاند، نەیاندەتوانی ئاوا لە مۆسیقای رۆمانتیك تێ بگەن، چونكە ئاگایان لە ستاتیكا و پلە ئاكۆستیكییەكانی نەبوو. دەنگی بێخەوش و ناب، دەنگ وەكوو دەنگ، بۆ رۆمانتیكەكان شتێكی بەنرخ بوو، ئەوەندە بەنرخ كە بۆ دەربڕینی روانگە و بۆچوونەكانی خۆیان باسی شێوازی نوێی ئاوازدانەری و تەكنیكی نوێیان دەكرد. پاش ئاشنایی لەگەڵ شۆپەن و گوێگرتن لە ژەنیننەكەی ئەو بوو، كە مۆشێلس هەڵەكانی خۆی بۆ دەركەوت و، هەق بڵێین، زۆر لێهاتووانە نەیشاردەوە كە هەڵەی كردووە. شێوازەكەی شۆپەن، ئەو لێگاتۆ تایبەتییەی بە بەرزی و نزمیی پەیداڵ بەهێزی دەكرد، ئەوی هان دا كە لە ژنیندا، ناڕێكی و دەنگناخۆشییەكانی چاك بكاتەوە و پێیاندا بچێتەوە.
بەو جۆرە، مۆسیقای رۆمانتیكەكان دەنگی تایبەتی خۆی هەبوو ـ دەنگێكی زیندوو، دەوڵەمەند و چێژبەخش و رەنگاڵە ـ و ئەوەش لەوانەیە سادەترین بەڵام بە گرینگترین روانگەی رۆژ دادەنرا.
 گوتوویانە وێبێر لە ساڵی 1813ـدا دەیەویست ئۆپێرایەك لەسەر بنەمای ئەفسانەی تاتهۆیزەر، دابنێ. دیارە ئەوە سی ساڵ بەر لە واگنەر بوو. لە كارەكانی دیكەشدا لە پێش ئەوەوە بوو. وەك سەركردە(مایسترۆ؟) یەكەم كەسێك بوو كە داوای كرد جڵەو و دەسەڵاتی تەواوی ئۆپێرا و ئۆركێستر و چاودێری بەسەر بەرهەمهێناندا بدرێتە دەست ئەو، هەر ئەویش بوو كە یەكەم جار تەمرینی ئۆركێستری دامەزراند و، دەسەڵاتی خۆی سەپاند. واگنەر زۆرینەی ئایدیا و خەونەكانی خۆی لەو وەرگرت. وێبێریش وەك واگنەر روانگەیەكی نیشتمانپەروەرانە (پان ژەرمەن)ـی هەبوو. لە ساڵی 1817ـدا نووسیی، بە دوای "بەرهەمێكی هونەرییەوەیە، كە لەسەر پێی خۆی راوەستابێ و هەمووانی بێ، بەرهەمێك كە تێیدا هەموو پاژە لێكدراوەكانی، بە یەكیەتی و هاوپێوەندیی هونەرەكانی دیكەوە رازابێتەوە و، لە قۆناغی پێكگەیشتندا تێدا بتوێنەوە و، لەو بێنە و بەردە سامناكەدا و مەرگاوییەدا، یارمەتیدەر بن بۆ پێكهاتنی جیهانێكی نوێ." ئەو روانگەیە، كە لە روانگە تیۆرییەكەی واگنەر لەبارەی "بەرهەمی هونەریی رەها" نزیك بوو، چل ساڵ بەر لەو باسی كرابوو.
بە رای رۆمانتیكەكانەوە، وێبێر هەر ئەو كەسە بوو، كە جڵەوی تۆفانی بەردا. ئەگەر مۆسیقایەكی سادە توانیی دەرگای سەردەمی رۆمانتیك بەسەر دنیادا بكاتەوە، ئەو مۆسیقایە جگە لە راوچییە ئازادەكە هیچ شتێكی تر نەبوو. هێزێكیش لە ئۆپێراكەی گۆڵن، بەرهەمی وۆلفدا هەبوو، بەو كارتێكەرییە سیحراوییە پڕ لە رەمزورازەیەوە، كە فووی بە ئاگری هێزی شەیتانیدا دەكرد و، بەخەبەری دێنا و، بە شێوەی سرووشتی و رەنگاڵەكردنی بێ هاوتا و خەیاڵی بەهێز، سیخورمەی زۆر لە ئەورووپا كوتا و، لە وەڕێكەوتنی بزووتنەوەی نوێدا، یارمەتیی دا.
وێبێر لە 18ی نۆڤەمبەری ساڵی 1786ـدا لەدایك بوو و لە 5ی جوونی 1726ـدا مرد. ساڵێك بەر لە بتهۆڤن و دوو ساڵ پاش شۆبێرت. كە مرد چل ساڵان بوو. راوچیی ئازادی لە 1821ـدا دانا. ئەو بەرهەمە سەرسووڕهێنەرە جیاواز بوو لەو ئۆپێرایانەی تا ئەو دەم دروست كرابوون.
دوو ئۆپێرای دیكەش واتە ئبێرۆن و ئۆریانتێ كە درەنگتر دانران، بەدەست هەژاریی ئەدەبییەوە دەیانناڵاند، شیعرەكەیان بەكار نەدەهات، ئەو دوانە ئەمڕۆش كەمتر دەچنە سەر سەكۆ. بەو حاڵەشەوە هەر ئەو لاوازیی ئەدەبییە، لەگەڵ كۆمەڵێك حاڵەتی لەتوانابەدەردا یەكی گرتبوو و، دەرگای جیهانێكی نوێی بەسەر رۆمانتیكەكاندا دەكردەوە. بەرەبەری ساڵی 1840 رەخنەگری بەریتانی هێنری فۆترگیل چۆرلی، وتارێكی لەبارەی وێبێرەوە نووسی و پێیدا هەڵگوت و رێزی لێ نا، ئەو وتارە نموونەیەك بوو لە كاردانەووەی هزری سەردەمەكە (پێویستە ئەوەش بڵێین كە چۆرلی رەخنەگرێكی كۆنەپەرەست بوو و، وەختێك ناوی شۆمان یان واگنەریان لەلای دێنا، هەڵدەچوو و كەفی دەچڕاند.). چۆرلی نووسیی: مۆسیقای وێبێر رۆحی پێشینیانی لەبەردایە، هیی ئەو سەردەمانەی كە رۆحە سەرگەردانەكان لە لێڕ و دارستانەكاندا ویرەویریان بوو و، تارماییە خوێنڕێژەكان، هەواڵی جەنگیان دێنا، شمشێری تیژیان هەڵدەكێشا و ئاڵای خۆیان بەرەو رۆژئاوا دەشەكاندەوە. دیارە وەها خەیاڵێك لە خۆڕافات و پووچپەرستی بەدەر نییە، تیشكێك كە لێی دەدا، خێوەتێكی دوڕنیشانە، بەو پەنجەرە شكۆدارە پڕ لە دیمەنە تازانەوە، دوورەدیمەنی جوان جوان بە سەر هەزاران هونەری سەیروسەمەرەدا دەكاتەوە." چۆرلی خۆی بە یەكێك لە هەوادارانی راستگۆیی ئەدەبی دادەنا. بەڵام هەر چۆنێك بێ، بۆچوونەكەی ئەو بلیمەتانەیە.
پێگەی وێبێر لە هەمبەر رۆمانتیكەكاندا رێك ئاوا بوو كە ئەو دەیگوت. مۆسیقا پیانۆییەكەیشی هێندەی ئۆپێراكانی جوان و بەهێز بوو و بیسەری هەبوو. رۆژێكیان ویلهۆلم فۆن لەنتەر، هەر ئەو گەنجە هەڵسووڕ و بەتوانایەی ناوی ئاوازدانەرانی مامۆستایانی مۆسیقای لە لیستەیەكدا ریز كردبوو و، كتێبی لەبارەوە دەنووسین، پارچە مۆسیقای "بانگهێشت بۆ سەما" و سۆناتای "لە لابیمۆڵ مەنێجەر"ی بردە لای لیست و، ئەو دوو بەرهەمە مەزنەی پێ ناساند، ئەودەم دەیەی 1820 بوو و، ئەو پیانیستە مەزنە لە لووتكەی سەركەوتنیدا، لە خۆشیان هاواری لێ هەستا و دەستخۆشیی پێ گوت. لەمەودوا لیست و باقی ژەنیارانی رۆمانتیك دەسبەجێ چوونە سەر ژەنینی وێبێر.
وێبێر لەڕ و لاواز و بنێس و سیلدار بوو و، زگماك لاكەلەكەی نقوستان بوو و تا مردیش هەر دەشەلی. بەڵام هۆكاری مەرگەكەی زۆركاركردن بوو. بڕستی ئەو هەمووە كارەی نەبوو. لە 40 ساڵ تەمەنی خۆیدا زۆری خزمەتی مۆسیقا كرد و، لە زۆر بواراندا توانای خۆی سەلماند. یەكێك لە گەورەترین پیانیستەكانی سەردەمی خۆی بوو و، ئەو فكرەی بۆ پیانۆ لە خەیاڵ و مێشكیدا بوو، تا ئەوپەڕی سنوورەكانی بتهۆڤن و شۆبێرت دەڕۆیشت. زەوق و سەلیقەیەكی راشكاوانە، بێخەوش و بێپێچوپەنای هەبوو، كە تێكەڵی تەكنیكێكی تایبەتی كرابوو. كورتەباڵا بوو و دەستی زل بوو، هەندێ لەو نۆتانەی لە دوورەوە داینابوون، تەنانەت ئەمڕۆكەش ژەنیاری ئاسایی بە دەستی ئاسایی ناتوانێ لێیان بدا. وەك ژەنیارێك كە بەردەوام لە سەفەردا بوو، زەوقی خەڵكی باش دەناسی، هەندێ بەرهەمی بە باق و بریقیشی دەژەند، هەندێ لە پارچە پیانۆییەكانی لەبری ئەوەی پتەو و بنەمادار بن، درەوشانەوە و بریسكەیان هەبوو. بەڵام وەختێك هەموان رێك دەخران و لە تەنیشت یەكتر دادەنران، مۆسیقاكەی بەرز و شەكاوە لە حەوێقی ئاسماندا دەنگی دەداوە، هەر وەك چۆن لە پارچەی كۆنسێرت¬دا بەدی كرا. ئەمڕۆ بەرهەمگەلێكی وەك 4 سۆناتا بۆ پیانۆ و ڤاریاسۆنەكان و، پارچەگەلێكی وەك پۆلاكای جوان، لە بەرنامەی ئۆركێسترا و ژەنیارە سەربەخۆكاندا نییە. بەڵام لە سەدەی نۆزدەدا ئەوانە لە هەموو جێیەك دەبیسران و، خەڵك چێژیان لێ وەردەگرت.
ناوبانگەكەی تەنیا لەبەر پیانۆژەنین و مایسترۆبوونەكەی نەبوو. ئەوشتەی ئەوی گەورەتر دەكردەوە، ئەوە بوو كە دەروازەكانی بۆ شوێنكەوتە و هەوادارەكانیدا خستە سەر پشت و، زۆری نەبرد، مایسترۆكان، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر دنیای مۆسیقادا زاڵ كرد. لە سەرەتاكانی 1804ـدا وەختێك 18 ساڵان بوو، بوو بە مایسترۆی یەكەمی ئۆركێسترای ئۆپێراخانەی شاری برێسلاو. لەو شارە بوو كە لە بەر گەنجێتی و بیرتیژییەكەی و هزر و بیركردنەوە تازەكانی، زۆری بەگژدا هاتنەوە و بەربەرەكانێ و دژایەتییان كرد. یۆزف شنابڵی لیدەری ڤیۆلینژەنەكان، كە ناوێكی گەورە و رێزداری هەبوو، وازی لە ئۆركێسترا هێنا، چونكە پێی شوورەیی بوو منداڵۆچكەیەك مایسترۆی بێ و ئەو شوورەییەی قبووڵ نەدەكرد. وێبێر لە 1806ـدا، برێسلاوی بەجێ هێشت و دوای چەند وردە ئیش و چەند كۆنسێرتێك كە زۆر گرینگ نەبوون، شەش ساڵ دواتر لە 1812ـدا بوو بە مایسترۆی ئۆپێراخانەی پراگ و، دواتریش چووە درێسدێن. لەوێ بوو كە لە كۆتایی ساڵی 1817ـدا پادشای ساكسۆنی بانگی كرد و رایسپارد ئۆپێراخانەیەكی ئەڵمانی دروست بكا، بۆ ئەوەی هێندەی ئۆپێرای ئیتالیایی سەرنجڕاكێش و خەڵكگر بێ. ئەودەم رۆسینی، ئاڵمانی راماڵیبوو و، لە 1820ـدا بەرلین كەوتبووە بەر تەڕاتێن و رمێنی سپۆنتینیی سامناكەوە، كە دیكتاتۆرییەكی گەورەی خستبووە رێ و، وەك ئاوازدانەری ئۆپێرانووس، كۆمەڵێك كاری وەك ژنە داوێنپاكەكە(یەكێك لەو بەرهەمانەی بێرلیۆز حەزی لێی بوو) و، فێرناندۆ كۆرتزی بردبووە سەر سەكۆ. وێبێر كە مودیر و بەرنامەداڕێژێكی لێوەشاوە بوو، ئۆپێراخانەی درێسدێنی ژێروژوور كرد و، بەپێی هزر و بۆچوونەكانی خۆی رێكی خستنەوە. تەنانەت فەرمانیشی دا، ئەو شیعرانەی بە زمانی فەرەنسی یان ئیتالیایی هۆنرابوونەوە، بكرێنە ئەڵمانی. دەسەڵاتێكی زاڵی لە خۆی نیشاندا. چەند ساڵ دواتر كە واگنەر لە درێسدێن بوو بە مایسترۆ، زۆربەی هزر و بۆچوونەكانی وێبێری وەرگرت و كاری پێ كردن. وێبێر لە درێسدێن نەزم و دسیپلینێكی توندوتۆڵی جێگیر كرد و، چارەیەكی دیكەی جگە لە بیركردنەوەی دروست نەبوو. دەستی دەبردە پارچە مۆسیقییەكانەوە و، هەڵەكانی راست دەكردەوە و، ئەوەی لە تەمرینەكان چاوەڕوانی بوو، ئەفسانەیەك بوو. هەموو لایەنەكانی بەڕێوەبەریی ئۆپێراخانەی بەدەستەوە گرت، هەر لە دیزانی دیمەن و دروستكردنی دیكۆرەوە بگرە تا چاپی ناوی ئەكتەرەكان و گۆرانیبێژەكان لە لافیتە و برۆشۆرەكاندا. تەمرین و سەركردەییش تەواو لە پاوان و دەسەڵاتی ئەودا بوو. وەختێك كارەكان رێك دەكەوتن و، ئەو دەبوو بە بەڕێوەبەر(مایسترۆ)، ئیتر هیچ كەمایەسییەك نەدەما.
دوایی لە 1821ـدا، راوچیی ئازاد دروست كرا، كە وێبێری وەك دامەزرێنەری ئۆپێرای رۆمانتیك بەناوبانگ كرد. بەر لەو ئۆپێرای ئاڵمانی سووك و بچووك دیار بوو ـ هێندە بچووك، كە بە دەگمەن بەڕێوە چوو. لە چوار ئۆپێرا گەورەكەی مۆزارت سێیان بە زمانی ئیتالیایی بوو و، چوارەمیشیان ـ شمشاڵی سیحراوی ـ كە بە ئەڵمانی هۆنرابۆوە، نەیتوانی وەك فیدلیۆكەی بتهۆڤن رێنیشاندەر و رۆشنگەر بێ. ئۆپێراكانی شۆبێرت لەبیر كرابوون، تۆزیان لێ نیشتبوو، هەر وەك ئێستا چۆنن ئاوا. بەڵام راوچیی ئازاد، رێڕەوی خۆی راستەوڕێ بەرەو ئۆپێرا رەشۆك¬پەسندەكانی مارشنێ، سپۆر، لۆرتزینگ(گەرچی ئێستا لەبیر كراون) و دواتر واگنەر بڕیی.
وێبێر زەینێكی بێئۆقرەی وەك رۆمانتیكەكانی هەبوو. لە كاری لیتۆگرافیشدا چالاك بوو، بە یەكێك لە بەزەوقترین و بەخرۆشترین ژەنیار و مامۆستایانی گیتار دادەنرا، لەوانەیە گۆرانیبێژێكی باشیش بووبێ، ئەگەرچی لە ساڵی 1806ـدا بەردەوام بە خواردنەوەی ئەسیدنیتریك دەنگی خۆی ئازار دەدا. ژیانی، ماوەیەك لە بێهیواییدا تێپەڕی. بەشێك لە سەردەمی لاوێتیی خۆی لە رووداوگەلی دڵدارانەی توندوتیژ و، پەرێشانی و خۆشگوزەرانیدا رابوارد. ئاخرییەكەی وەختێك هیچ خێرێكی لەو خۆشی و چێژە بێ ئەنجامانە نەدی، گەڕاوە سەر ژیانی هونەری و ئەدیبانە و لە 1809ـەوە تا 1818 خەریكی رەخنەی ئەدەبی و شیعرهۆنینەوە و نووسینی نۆڤلێتێك و كۆمەڵێك وتاری رۆژنامەیی و رەخنەیەكی مۆسیقاییش بوو. ئەویان بە رەخنەگرێكی راشكاو و وردبین بەڵام ناكۆك دەزانی، تەنانەت زۆر بە سووكی باسی بتهۆڤنی دەكرد. چۆن بە كەفوكوڵ و جۆشوخرۆشەوە كاری مۆسیقای دەكرد، ئاواش چووبووە نێو رۆژنامەنووسی و رەخنەنووسینەوە. بە هاریكاریی دوو سێ هۆگری مۆسیقا، رێكخراوێكی بەناوی یانەی هارمۆنی دامەزراندبوو. ئامانج لەو رێكخراوەیە ئەوە بوو، كە بنەماكانی رۆمانتسیسزم بخاتە روو و، تەفسیری بكا. وا باو بوو كە ئەندامەكانی ئەو یانەیە ئاوازدانەر و شاعیر بن. دروشمێك كە خۆی هەڵیبژاردبوو ئەوە بوو، "ئاوازداربوونی چەمكە مۆسیقییەكان لە ئەستۆی ئاوازادانەرانە." ئەندامەكان ناوی خوازراویان هەڵدەبژارد. ناوی خوازراوی وێبێر مێلۆس بوو. بە واژۆی سیمۆن كناستێر و، "ب . ف. ز، ز" واتە شێلگیری مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەنجام، خۆی داینابوو. چەند ساڵ دواتر كە شۆمانیش گۆڤارەكەی خۆی بڵاو كردەوە، رێك ئەو ئامانجانەی گرتە بەر، هەر بەو تەكنیكانەوە و هەر بەو ناوە خوازراوەوە، ناوی گرووپەكەی خۆی نابوو دەیڤیدز بۆندلەر. هیچ كام لە نووسینەكانی وێبێر وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی و زمانەكانی دیكەش. ئەو پیاوە، بنیادەمێكی سەرسووڕهێنەر بوو، خانەدانانە و زیرەك و شێلگیر. ئەو بلیمەتە رێزدارە، گەورەترین نەگبەتییەكەی ئەوە بوو، كە 30 ساڵ زووتر لە سەردەمی خۆی لەدایك ببوو.
 
سەرچاوە:
سەربردەی ئاوازدانەرە مەزنەكان
نووسینی: هارۆڵد شۆنبێرگ

 

و: ڕەسوڵ سوڵتانی ـ هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.