تەمموز 19, 2019

یەکەمین دیداری کاریکاتێریی نێودەوڵەتی لە کوردستاندا ساز درا

ڕۆژی 1ی ئەم مانگە یەکەمین دیداری کاریکاتێریی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی ناوەندی 7 ڕەنگە سازدرا، ئەمەش یەکەمین جارە كارێكی لەم چەشنە و لە بواری هونەری کاریکاتێردا  لەکوردستان بكرێت. دیداره‌كه‌ش 4 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ هۆڵی مۆزه‌خانه‌ی نیشتیمانی له‌ سلێمانی ده‌بێت.

یەکێک لە هونەرمەندە کوردە ناسراوەکانی بەشداربوو لەم دیدارە کاریکاتێرییەدا هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست (هەندرێن خۆشناو) بوو، لەبارەی ئەم چالاکییە هونەرییە نێودەوڵەتییە کوردییەدا چەند پرسیارێکمان لێ کرد:

* چۆن بیرۆکەی ئەم دیدارە هاتە کایەوە؟
 پار، یەکەمین دیداری کاریکاتێریمان ساز کرد هەر بەسەرپەرشتی کاک بەختیار سەعید بەرپرسی ناوەندی 7 ڕەنگە، و 43 کاریکاتێریستی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا بەشداریمان تێدا کرد، لەو دیدارەدا بڕیارمان دا کە بەردەوام بین و هەموو ساڵێک دیدارێکی لەم چەشنەمان هەبێت، بێجگە لە چەند پێشانگایەکی تری ساڵانە، بەڵام ئەمساڵە کاکە بەختیار و کاکە پەروەر پێیان باش بوو کاریکاتێریستانی غەیرە کوردیش داوەتبکەین بۆ دیدارەکە، بەمجۆرە دەبێتە دیدارێکی نێودەوڵەتی.

* چەند هونەرمەند بەشدارییان تێداکرد و لە چەند وڵاتەوە؟
هونەرمەندێکی زۆر کاری خۆیان ڕەوانە کردبوو، کە ژمارەیان 189 کارتۆنیست بوو 561 کاریان ناردبوو لە 47 وڵاتەوە، بەڵام تەنیا کاری 120 هونەرمەند و 381 کارتۆن قبوڵ کرا و بە فلتەری لێژنە هونەرییەکە تێپەڕین و لە پێشانگەکەدا نمایش کران.

* ئەم بۆنەیە هەر بۆ ئەمساڵە یان ساڵانە بەردەوام دەبێت؟
ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە وەکو دەزگای 7 ڕەنگە و کاریکاتێریستانی باشوری کوردستان بەنیازین ساڵانە بەردەوام بین، داواش لە دەزگا فەرمییە هونەرییەکان دەکەین کە هاوکارمان بن و پاڵپشتیمان بکەن، بۆ بەردەوامبوون و بەرەوپێشبردنی.
لە کۆتایشدا سوپاسی ئێوە دەکەین، و هیوادارین کە دەزگا ڕۆژنامەوانیەکان و ڕاگەیاندنەکان بایەخی شایستە بەم چالاکییە هونەرییە کاریکاتێریانە بدەن، تا ڕێچکەی تەواوی خۆی وەربگرێت لە نێو تەواوی کۆمەڵگەی کوردیدا، وەکو کۆمەڵگەکانی دەوروبەرماندا.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler