ئەیلول 18, 2019

ئاری ئاغۆك .. هەموانی لە دەوری (چەفیە ڕەشەكەی دایكی) كۆ كردەوە

شاعیر و نووسەری بەتوانا (ئاری ئاغۆك) لە ئێوارە كۆڕێكی جەماوەری بێوێنەدا هەموانی لە دەوری (چەفیە ڕەشەكەی دایكی) كۆ كردەوە و دوا بەرهەمی خۆی لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی چالاكیی قوتابخانەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بە ئامادەبوان بەخشی، كە بریتی بوو لە كتێبێكی خنجیلانەی 80 لاپەڕەیی كە 25 شیعری تەڕ و ناسكی لەخۆ گرتبوو كە هەر یەكەیان گوزارشتیان لە ئیش و ئازار و زەمەنێك دەكرد، بەڵام كاكی شاعیر لەبەر خۆشەویستی لە ئەندازە بەدەری بۆ دایكی كۆچكردووی ناونیشانی كتێبەكەی كردوە (چەفیە ڕەشەكەی دایكم). ئەو چەفیە ڕەشەی لەو ساوە تا ئێستاش و لە داهاتووشدا هێندەی هەموو دنیا سێبووریی پێ دێ و هەموو چركەساتێك بۆنی غەریبی و غوربەتی ئەوی لێ دەكات، لە هەمووشی بەرچاوتر ئەو كتێبەی پێشكەش بە خۆی كردوە، چونكە هەر خۆی دەزانێ لە بازنەی ناوەوەی خۆیدا چ حەشامەتێك ڕووی داوە؟! لەلایەك خەونە پایزی مەرگی ئازیزان لەلایەك شۆڕبوونەوە و نزیك بوونەوە بەرەو ماڵی مردن لەلایەكیش تێڕامان لە وەهمی ژیان، لەولاشەوە حەیدەر عەبدولڕەحمان لە بەرایی كتێبەكەدا چەند پەیڤێكی جوان و ناسكی دەربارەی ئاری و كتێبە دانسقەكەی نووسیوە، بەڵام سەرنج ڕاكێشترینیان ئەو دێرانەن كە دەڵێ ئاری ئاغۆك بەر لەوەی شاعیر بێت، ئینسانێكە خۆی لە خۆیدا لە شیعر دەچێت، یان لە بڕگەیەكی دیكەدا دیسانەوە دەڵێ ئەو واتە ئاری ئاغۆك شیعری نووسیوە كە لە ملوانكەیەكی مرواری دەچێت لە ملی دایكی كردوە، ئەو شاعیرە هەست ناسكە چەند دەقێكی شیعرێكی نێو كتێبەكەی بەدەم نەغمەی پڕ لە سۆزی مۆسیقاوە بۆ ئامادەبوان خوێندەوە و هەموانی بردە دنیایەكی دیكە، بە تایبەتیش خوێندنەوەی دەقی شیعری (چەفیە ڕەشەكەی دایكم) فرمێسكی بەهەموومان ڕشت و ئێمەی غەرقی خەم و پەژارەیەكی زۆر كرد، لەولاوەش هەڵسەنگاندنەكەی مامۆستا تارق ساڵح زۆر لە جێگای خۆیدا بوو بە جۆرێك كەشو هەوایەكی جوانتری بە ڕێو ڕسمەكە بەخشی، چونكە زۆر واقیع بینانە وەسفی ئاری و كتێبەكەی كرد، ئەوا گۆرانی و لاواندنەوەكەی هونەرمەند محەمەد نەجات هەر مەپرسە، لەبەر ئەوەی هیچ وشەیەك ناتوانێ وەسف بكات كە چەندە كاریگەری هەبوو، چونكە لەو چركە ساتەشدا كەم كەس خۆی بۆ گیرا كە فرمێسك نەبارێنێ و لەگەڵ تێكست و ئاوازەكەیدا ئاوێزان نەبێ، دوا جار ڕێدار سابیر ی شاعیریش بە ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی خۆیەوە توانیی بەوپەڕی جوانیەوە ئەو ڕێوڕەسمە جوان و خنجیلانە ساز بكات و، مافێكی تەواو بە ئاری ئاغۆك و كتێبەكە جوانەكەی بدات.
 

 

محەمەد سەعید كوردە-هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler