ئازار 22, 2019

سبەی لە هەولێر دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەتدا) بەڕێوەدەچێت

بە بۆنەی یادی جیهانیی ئافرەتان (8)ی مارس، كاتژمێر (4)ـی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 14/3/2019، لە پەراوێزی یادەكانی (فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز)، سێیەمین خولی دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەتدا)، لە سینەما (ئێمپایەری فاملی مۆڵ) لە هەولێری پایتەخت بۆ ماوەی (2) ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.

ئەم دیدارە تایبەتە بەو فیلمانەی بابەتی جۆراو جۆر لەخۆ دەگرن، بەڵام دەرهێنەرەكەی یان چیرۆكنووس و سیناریۆنووسی ئافرەتە، یان وێنەگرەكەی ئافرەتە، بە گشتی فیلمەكان ڕوانین و دیدگای ژن و ئافرەت پیشان دەدەن، مەرجیش نیە بابەتەكانیان لەسەر ئافرەت بن، سەرۆك و بەڕێوەبەر و لێژنەی دادوەرانی دیدارەكە ئافرەتن، زۆربەی میوانەكانی دیدارەكەش ئافرەت دەبن لە هەموو بوارە جیا جیاكان.
فیلمە بەشداربووەكانی دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەتدا) پێك هاتوون لە: فیلمی (لە ژێر هێڵی سوور) لە دەرهێنانی (دەوەن نەوزاد) لە هەرێمی كوردستان، فیلمی (بۆنی خۆین) لە دەرهێنانی (كاردینا هێمن) لە هەرێمی كوردستان، فیلمی (فرمێسك) لە دەرهێنانی (مریەم پیربەند) لە ئەمەریكا، فیلمی (ڕۆژی دیكە) لە دەرهێنانی (دانی دارین) سیناریۆی (ڕویا می مێرسلی) لە بەریتانیا، فیلمی (گیراوەی ڕەش) لە دەرهێنانی (لۆرین عیسا) لە سعوودیە، فیلمی (تارمایی) لە دەرهێنانی (میدیا جەلال) لە هەرێمی كوردستان، فیلمی (خەونەكانی پیاوە پڕتەقاڵیەكە) لە دەرهێنانی (شیرین جیهانی) لە هەرێمی كوردستان، فیلمی (لەدایكبووەكی نوێ) لە دەرهێنانی (ڕویا می مێرسەلی) لە بەریتانیا، فیلمی (نامەكە بكەوە) لە دەرهێنانی (مونا شەلەبی) لە میسر، فیلمی (نۆتەی سفر) لە دەرهێنانی (عەزرا یاسین) لە عێراق، فیلمی (بۆ) لە دەرهێنانی (زەینەب عەبدوڵا) لە عێراق، فیلمی (نستۆلۆجیا) لە دەرهێنانی (ئەشواق عاسی شەمەڕی) لە عێراق، فیلمی (من لە كۆیم) لە دەرهێنانی (دوعا یاسین) لە عێراق، فیلمی (حەسەكە) لە دەرهێنانی (ورود عەزاوی) لە عێراق، فیلمی (كچی ناندین) لە دەرهێنانی (نما ئەحمەد) لە عێراق، فیلمی (ڕەنگدانەوە) لە دەرهێنانی (نادین بەسام) لە عێراق، فیلمی (شەقامی ئێكس) لە دەرهێنانی (هند جەواد) لە عێراق، فیلمی (سەرچاوەی هیوا) لە دەرهێنانی (ئەمجاد هەجول) لە سینارێوی (سوهێلە ڕاوی) لە عێراق، فیلمی (هیواو بەرەنگاری) لە دەرهێنانی (لەیلا ئال حەمدوون)، لە سەڵتەنەی عومان، فیلمی (گیانە مەنفیەكان) لە دەرهێنانی (عەتیقە عاقل) لە مەغریب.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی دیدارەكە "نادیە عومەر" بە "هەولێر"ـی ڕاگەیاند: دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەت دا) ساڵانە بە بۆنەی یادی جیهانی ئافرەتان (8)ی مارس ئەنجام دەدرێت، لە خولی سێیەمی ئەمساڵ شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی 2019 سەرۆكی دیدارەكەیە، هاوكات هونەرمەند (نەرمین كاوانی) سەرۆكی لیژنەی دادوەرانە.
گوتیشی: فیلمەكان ژمارەیان (20) فیلم دەبن كە بەشدارن لە كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیا، لە دیدارەكەدا خەڵاتی سەركەوتن بەسەر (5) خانمە سینەماكار دابەش دەكرێت، هەروەها لە دیدارەكە وەك نەریتێكی ساڵانە، ڕێزلێنان بۆ كۆمەڵێك خانمی هونەرمەند و بوارەكانی تری ژیانی مەدەنی دەكرێت، نزیكەی (100) خانمە هونەرمەندی شارەكانی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق میوانی دیدارەكەن.
لە كۆتاییدا گوتی: دیدارەكەمان بۆ ئەمساڵیش كەرتی تایبەت بە هاوكاریی حكوومەت بەڕێوەی دەبات، كە حكوومەت بەشێك لە هاوكاری ماددی گرتۆتە ئەستۆ، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەمساڵ بە شێوەیەكی فەرمی لە پەراوێزی یادەكانی (فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز) بەڕێوە دەچێت.


© 2017 Hawler