ئازار 22, 2019

یەكەمین دیداری فیلمی كوردی فینلەند بەڕێوەچوو

لە دوای زیاتر لە سێ مانگ كاركردن، لە ڕۆژانی 9 و10/3/2019، بە نمایش كردنی زیاتر لە 25 فیلم، یەكەمین دیداری فیلمی كوردی فینلەند بەڕێوەچوو.
 ئەم دیدارە لە وڵاتی فینلەند لە لایەن (ڕەسوڵ خۆڕەم) كوردی ڕۆژهەڵات و دانیشتووی هێلسینكی سەرپەرشتی كرا، هەروەها لە هەرێمی كوردستان دەرهێنەر (تاریق تۆفیق) ناسراو بە (حەمە تاریق) و لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش سینەماكار (بورهان ئەحمەدی) نوێنەرایەتی ئەم چالاكیەیان كرد.

لەم بارەیەوە (ڕەسوڵ خۆڕەم) سەرپەرشتیاری دیدارەكە گوتی: بە پێچەوانەی زۆرێك لە دیدار و فێستیڤالەكان، كە سەرنج نادەن بە كوالێتی و باشی فیلم لە ڕووی هونەری سینەما، لە دیداری فیلمی فینلەند ئەم فیلمانە نمایش كران، كە بە كەمی خاوەنی زیاتر لە (10) خەڵاتی فیلم فێستیڤاڵەكانی نێودەوڵەتین.
دەربارەی ئامانجی دیدارەكەش گوتی: مەبەست لە بەڕێوەبردنی یەكەم دیداری فیلمی كوردی فینلەند، ئاشنا كردنی زیاتری گەلی فینلەندایە لە ڕێگای زمانی فیلم و سینەما بە بارودۆخی كوردستان و هەروەها نواندنی توانا و ئەزموونی سینەماكارانی كوردە بە ئەوروپیەكان.
 گوتیشی: لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەڕێوەبردنی ئەم چالاكیە لە شارەكانی هێلسینكی و توركۆ، زیاتر لە 25 فیلم كە گشتیان خاوەن خەڵاتن لە فێستڤاڵەكانی نێودەوڵەتی نمایش كراون، پێویستە ئاماژە بكرێت بە هاوكاری و یارمەتی سینەماكارانی كورد و هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر و سلێمانی و مەستی فیلم و ناوەندی ڕوناكبیری یۆتوبۆری بۆ گەیاندنی زیاتر لە (100) فیلم بە دیداری فیلمی كوردی فینلەند.
لە كۆتایدا گوتی: بە مەبەستی بەڕێوەبردنی یەكەم دیداری فیلمی كوردی فینلەند هیچ كام لە لایەنەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كوردی وڵاتی فینلەند، پاش داواكردن و بانكگهێشت كردن بە مەبەستی پێكەوە كار كردن لەم بوارە، ئامادە نەبوون یارمەتی بەڕێوەبردنی ئەم چالاكییە خشانە واتە یەكەم دیداری فیلمی كوردی فینلەند بدەن.

 

سەرهەنگ غەریب - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler