شوبات 19, 2018

ئەحلام حەجی: بیرم لە گۆرانیگوتن و نواندن نەكردۆتەوە

ئەحلام حەجیی بە رەگەز مەغریب و نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسا لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی پێشكەش كردنی بەرنامەیەكی هەفتانە بوو بە ناوی (فاشن دریم)، بەڵام لە ئێستادا بەرنامەكە وەستاوە و ماوەیەكە دەرناكەوێ لە كەناڵەكە، لە دەرفەتێكدا دەربارەی دوایین كارەكانی و چەند بابەتێكی دیكە ئەحلام حەجیی شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیە بۆ (ھەولێر) هاتە ئاخاوتن.

ئەحلام، دەربارەی ئەو بەرنامە نوێیەی كە بە نیازە پێشكەشی بكات گوتی: من خاوەن بەهرەی زۆرم و دەزانم چۆن و لە كوێدا بەكاریان بهێنم، سەبارەت بە سەركەوتنم من تا ئێستا لە سەرەتای رێگام و گشت تواناكانی خۆم تێیدا خستۆتە گەڕ، راستە ئێستا من هیچ بەرنامەیەك پێشكەش ناكەم، بەڵام ئەمە مانای دووركەوتنەوەم نییە، بەڵكو سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنم بۆ كارێكی بەرفراوانتر. دوای كۆتاییهاتنی بەرنامەی (فاشن دریم) كە تەنیا لە وڵاتە عەرەبییەكان تۆمارمان دەكرد، ئێستا بە نیازی بەرنامەیەكی نوێم كە لە ئەمریكا و فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی پێشكەش دەكرێت، لەم بەرنامەیەدا بە بەردەوام باكستەیشن لەگەڵ فاشیون دیزاینەر دەبێت لە هەر ئەڵقەیەكی بەرنامەكەدا بەمەش بەرنامەكە فراوانتر دەبێت

.
زۆر لە كەسایەتییە ناسراوەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە ناوبانگ سەرئێشە و گرفتیان بۆ درووست دەكات و دەبێتە رێگر لە بەردەمیان بۆ ئەوەی وەكخەڵكی ئاسایی ژیان بەسەر بەرن، بەڵام ئەحلام رای تا راددەیەك جیاوازە و لەم بوارەوە دەڵێ: بە هۆی سەركەوتنم لە بواری فاشین و مۆدێل و دواتریش شاجوانی و میدیا خۆشەویستی خەڵك و متمانەی میدیاكانم بە دەستهێناوە ئەمەش سەروەتێكی باشە، راستە زۆر جار رەنگە تووشی سەرئێشە و گرفتیش ببمەوە، بەڵام بۆ من جێگای شانازییە كە توانیومە ناوی خانەوادەكەم و ئاڵای وڵاتەكەم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بەرز بكەمەوە، بەڵام ئەگەر ناوبانگ و بە جیهانی بوون لەسەر حیساب كەرامەتی من بێت ئەوا نامەوێ، زۆر جار هەستم كردووە كە تۆمەتی جۆراوجۆر بۆ من هەڵبەستراوە، ئەمەش هەمووی بە هۆی سەركەوتنم بووە لە كارەكانمدا بۆیە پڕوپاگەندەكان پشتگوێ دەخەم و هیچ گرنگوێیان پێنادەم و خۆمیان پێوە سەرقاڵ ناكەم، چونكە بڕوام بەوە هەیە كە راستی هەمیشە لە هەموو قسەیەكی نادروست بەهێزترە. و دڵنیام ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ من دوورن لە راستی و بێ بەڵگەن.
سەبارەت كارەكانی رێكخراوە خێرخوازییەكەی (احلام الـطفولە) كە تایبەتە بە یارمەتیدانی منداڵان ئەحلام دەڵێ: یارمەتیدانی منداڵان یەكێك بووە لە ئاواتەكانم بۆیە ئێستاش بەردەوامم لە پاڵپشتی كردنی ئەم رێكخراوە خێرخوازییە و بەردەوامیش دەبم لە داهاتوو، دوایین كاریش كە لە هەولێر ئەنجاممدا و تایبەت بوو بە یارمەتیدانی منداڵە ئاوارەكانی موسڵ یەكێك بوو لەو كارانەی كە هەمیشە شانازییان پێوە دەكەم و پەنا بە خوا هەوڵ دەدەم ئەگەر بتوانم دووبارەی بكەمەوە، چونكە لەو سەردانەدا توانیم لە نزیكەوە خەم و ئازاری ئاوارەكان ببینم بەتایبەتی منداڵان كە قوربانیی یەكەم جەنگ و بارودۆخێكی تایبەتن كە هیچ دەسەڵاتیان نییە و تەنیا بوونەتە قوربانی و باجی هەڵەی گەورەكان دەدەنەوە، پێشتر سەردانی چەند كەمپێكی منداڵانم كردبوو لە كیشوەری ئەفریقیا، بەڵام لەوێ بارودۆخ بە تەواوی جیاواز بوو، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كەمپەكان دەكەم كە یارمەتی و هاوكاری ئاوارەكان دەدەن


سەبارەت بە دەنگۆی رووكردنە بواری نواندن ئەحلام دەڵێ: من ئێستا میدیاكار و خۆم ئامادە دەكەم بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی نوێ سەبارەت بە فاشیون و جوانكاری بۆیە بیرم لە گۆرانی وتن و نواندن نەكردۆتەوە، هەرچەندە پێشتر چەند بەرهەمهێنەر و كۆمپانیای بەرهەمهێنانی هونەری داوایان لێكردووم بۆ ئەوەی لە زنجیرە دراما و فیلمەكانیان بەشداری بكەم، زۆر كەس دەڵێن ئەگەر روو بكەیتەوە بواری گۆرانی وتن سەركەوتوو دەبی، بەڵام من پێموایە لە یەك بواردا هەوڵ بدەم و تواناكانی خۆمی تێدا بخەمە كار باشترە لەوەی لە یەك كاتدا خەریكی چەند كارێك بم، چونكە دڵنیام ئەگەر سەركەوتووش بم ئەوا بەو شێوەیە نابێت كە خۆم دەمەوێ، دواتر ئەوەشمان بیر نەچێت كە گۆرانیگوتن و دەنگ خۆشی بەهرەیەكە خوای گەورە بە هەموو كەسێكی نەداوە.
لە كۆتاییدا ئەحلام حەجی شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: من چەند جارێك سەردانی شاری هەولێرم كردووە و بەر لە چەند مانگێك بانگهێشت كرابووم بۆ بەشداریكردن لە پیشانگایەكی تایبەتی گەشتوگوزار، بەڵام بە هۆی سەرقاڵبوونم بە چەند كارێكی تایبەتی خۆمەوە نەمتوانی بێم، بەڵام لە بەرنامەمدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا جارێكی تر سەردانی بكەمەوە، چونكە لای من یەكێكە لە شارە
خۆش و دڵڕفێنەكان و خـــــەڵكێكی میواندۆستی هەیە كە زۆر رێزی خەڵــكی بیانی دەگرن، بە هەزاران خەڵكی بیانی بەو پەڕی ئازادییەوە لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبەن. لەو وڵاتە سەرەڕای ســەختیی بارودۆخی دارایی و شـــەڕ، پێشكەوتن و جوانی و هونەر بەردەوامە

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.