ئازار 22, 2019

عەدنان بەرزنجی: لە سنە ترسی زۆر ھەیە بۆ لەناوچوونی فۆلکلۆری کوردی

دەکرێ بگوترێت زمان سەرەکیترین پێناسەی هەر نەتەوە و میللەتێکە و زمانی کوردی بە زاراوەو فولکلۆرە جیاجیاکانی پێناسەیێکی گەورەیە بۆ میللەتی کورد و پاراستنی ئەم پێناسەیە بووەتە ئەرکێک، کە هەندێک کەسی دڵسۆز خستوویانەتە سەر شانی خۆیان بۆ ئەوەی نەتەوەیەک بپارێزن لە لەبیر چوونەوە یەکێک لەو کەسانە (عەدنان بەرزنجی)ـیە لە شاری سنە ئەرکی پاراستنی فولکلۆر و زمانی نەتەوەکەی هەڵگرتووە و زیاتر لەگەڵی دەدوێین .

• بەر لە ھەموو شتێک چۆن خۆت بە خوێنەران دەناسێنیت؟
(عەدنان بەرزنجی) بەرپرسی ئەنستیتووی زمانی کوردی ڕاژە لە سنە، بەکالریۆسم ئەدەبیات و زمانی عەرەبی و دکتۆرام لە مێژوو هەیە و لە زانستگای خوارەزمیی خوێندوومە و، تاران و پتر لە پانزە بەرهەمی چاپکراوم هەیە.
• چالاکیی ئەنستیتوی ڕاژە لە چ بوارێکدایە؟
ڕاژە شوێنێکە بۆ فێربوونی ئەکادیمی زمانی دایکی واتا کوردی لەوێ چەند بەشی وانە وێژیمان هەیە، کە پێک هاتووە لە سەرەتا ڕێنووسی ئارامی، ڕێنووسی کوردی بە ئەلف و بێی لاتینی، وێژە و ئەدەبی کوردی، بەلاغەت و دوا قۆناغ وەرگێڕان لە هەر زمانێکەوە بۆ کوردی یان خود لە کوردییەوە بۆ هەموو زمانێک، ئەمە وا دەکات فێرخوازان دوای تەواو بوونی وانەکەیان ڕانەوستن و هەنگاوەکانیان بۆ زمانی دایک بەردەوام بێت.
• دەزانین هەفتانە کۆڕێک بەڕێوە دەبەن بە ناوی فولکلۆر، تەوەر و باسی ئەم کۆڕانە چیە؟
کۆڕی دوو حەفتانە بە تەنیا لەسەر فولکلۆر نیە، بەڵکو فۆلکلۆر بەشێکە لە چالاکیەکانمان، تەوەرەکان مۆسیقا و ئەدەبیات و کەلتوور و زمان و مێژوو لە خۆی دەگرێتەوە .
• ئایا فۆلکلۆری کوردی ناوچەکان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە؟
بە بڕوای من، ترسی زۆر هەیە بۆ لە ناوچوونی فۆلکلۆری ناوچەکەمان و ئەگەر کەمتەرخەم بین و کاری لە سەر نەکرێت بێگومان لە ناوچوونی دوور نیە .
• شاری سنە مێژووێکی ئەدەبی و هونەری هەیە و ئایا ئێستاش دەکرێ وەکو سەرچاوەیەک بۆ مانەوەی فۆلکلۆری ئەدەبی و زاراوەی ناوچەیی سەیر بکرێت؟
سنە لە بواری فۆلکلۆر زۆر دەوڵەمەندە و هەوڵی زۆر پێویستە، بە هەوڵی باش کاری باش ڕوو دەدات و بە پاراستنی دەتوانین زاراوەو بن زاراوەکانمان بهێڵینەوە بۆ نەوەی داهاتوو و بەم شێوەیە دەکرێت بڵین: سەرچاوەی فولکلۆری ناوچەیی.
• وەکو باستان کرد عەدنان بەرزەنجی هەڵگری بڕوانامەیێکی بەرزی ئەدەبیە و چالاکوانێکی زمانی کوردی لە شاری سنەن، پێم بڵێن، سەرچاوەی یەکەم هەنگاوتان بۆ ئەم بوارە چی بوەو بۆچی ئەم ڕێگایەتان هەڵبژاردووە؟
زیاتر لە 20 ساڵە مامۆستای زمانی کوردیم لە سنە و خوێندنگاکانی سنە، خۆشەویستی نیشتمان و زێد و مرۆڤایەتی وای لێکردم.
• ئامانجی ئێوە لەم کۆڕانەدا چیە؟
کۆ کردنەوەی فولکلۆر و چیرۆک، مەتەڵ، گۆرانی، ئەفسانەکان، ڕەسەنی جلو بەرگ، شێوازی میوانی و زەماوند و ئاهەنگەکان و لە هەمانکاتدا بوژاندنەوەی کەلتوور و زمان و ئەدەبیات و دروست کردنی پەیوەندی و هەستی پێکەوە بوون و لە ڕێگای چالاکی ئامانجەکەمان .
• لە کۆتایی دا ئەو بەرهەمانەی کە بە یارمەتی چالاکوانان و لاینگرانی زمان و فولکلۆری کوردی کۆ دەبێتەوە بە چ شێوەیەک پاراو دەمێنێت بۆ نەوەی داهاتووی کوردستان؟
لە زانستگای کوردستان و بەشی کوردستان ناسی کۆدەکرێتەوە و دواتر بە شێوەیەکی زانستی لە چاپ دەدرێت.

• ئایا هیچ بەربەست و ڕێگیریت لێدەکرێت بۆ بەردەوامنەبوونتان لەم بوارەدا؟
بەربەست زۆرە و ڕێگریکردنی ناڕاستەوخۆ زۆرتر .
• کۆڕی فلکلۆر چەند کاردانەوەی بۆ شاری سنە و کوردستان دەبێت؟
عەدنان بەرزەنجی : کۆڕی فولکلۆر دەبێتە هۆی دروستکردنی هەستی نەتەوایەتی و گرنگیدان بۆ پاراستن و کۆکردنەوەی کارە فولکلۆریەکان و بەم شێوەیە ڕزگاریان دەبێت لە ناوچوون و کاردانەوەی بۆ شاری سنە زیادتر خۆشەویستی بۆ زمان و دابوونەریتیان دەبێت .

• ئەو بەرهەمانەی کە کۆ دەکرێتەوە دواتر تۆژینەوەیان لەسەر دەکرێت بو ئەوەی بگوترێت کام شار یان ناوچە خاونی کام شێوەزاری زاراوەییە یان خودکام کایەیە و کام ئادابی زەماوەند و یان کام چیرۆکە؟
عەدنان بەرزەنجی : ئەوەش بەشێکە لە خولیاکانمان، بەڵام مەبەستی سەرەکیمان کۆکردنەوەی زانستیانەیە .
• ئێوه وەکو پسپۆڕێک ژێر خانی کوردی چون دەبینێن و بۆ داهاتووی ئەم ژێرخانە چی چاوەڕوان دەکەن؟
عەدنان بەرزەنجی: ژێر خانی زمان و ئەدەبیات و مێژوومان دەوڵەمەندە بەڵام ئێستا خۆمان کەمتەر خەمین و کاری بۆ ناکەین .
• ئایا فولکلۆر لە گەڵ جیهانی تەکنۆلۆجیا دەتوانێت هاوهەنگاو بێت و سوود لە تەکنولوجیا وەربگیرێت بو زیندووترمانەوەی؟
عەدنان بەرزەنجی: زۆر بە باشی دەتوانێ ببێتە هاودەنگی تەکنۆلۆجیا و سوودی لێ وەربگرێت و لەم ڕێگایەدا دەتوانرێت ئاداب و کەلتوور باشتر بەیەکتر بناسێنین و دەبێت چالاک بین.
 
• دەکرێت بە کورتی ناوی بەرهەمەکانت بهێنی و پێمان بڵی لە چ بوارێکدان؟
عەدنان بەرزەنجی: بەرهەمەکانم لە بواری ئەدەبی و فولکلۆر و مێژوو، وەرگێڕان و هەروەها شێعردایا، وەکۆ ڕێنووسی ئارامی، ڕێنووسی کوردی بە ئەلف و بێ لاتین، گو ئەستێرە، ئەگەر مردم لە ناو لەپی دەستا بمنێژە، سەردێڕەکان، فێرکاری پێش ژیانی هاوبەش و ...
• داواکاریت چیە بو هەر کەسێک کە کوردە ؟
عەدنان بەرزەنجی : داواکاریم ئەوەیە با هەموو پێکەوە هەوڵ بدەین کەلێنێک لە کەلێنەکانی کورد پڕ بکەینەوە، تاکۆ بەرەو کوردستانێکی ئاوەدانتر بڕۆین .

 

کەژاڵ حەسەنی

© 2017 Hawler